رێژیمی دەسەلاتدار لە ئێران کە لە سەر بنەمای بیری دواکەوتووانەی پۆلێک ئاخوند دامەزراوەو ماوەی 38 ساڵە بە هەموو شێوەیەک خەڵکی ئێران دەچەوسێننەوە و داهات و سەرمایە
عەلی بارامی
رژیمی دەسەلاتدار لە ئێران کە لە سەر بنەمای بیری دواکەوتووانەی پۆلێک ئاخوند دامەزراوەو ماوەی 38 ساڵە بە هەموو شێوەیەک خەڵکی ئێران دەچەوسێننەوە و داهات و سەرمایەی خەڵکی هەژار و سەرکوتکراوی ئێران بۆ کاری ئاژاوەگێڕی و خزمەتی بیر و هزری دواکەوتووانەی خۆیان لە ناوچەکە و پەرەپێدانی تاقم و دەستە و گروپی ترۆریستی جۆراوجۆر خەرج دەکەن. لە دوای هەموو تاقیکردنەوەیەک و هەموو جۆرە پیلانێک بۆ بە لارێدابردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و راگشتی لە ئێران، ئیتر وەک دەبینین "خەنەیان رەنگی نەماوە" و خەڵکی ئێران و ناوچەکەو جیهانیش لەوە تێگەیشتوون کە تێکڕای پێکهاتەی ئەو نیزامە پێویستە کۆتایی پێ بێ و نەتەوەکانی ئێران بە ماف و ئازادیەکانیان بگەن و حکومەتێک لەو وەلاتە دەسەلاتی هەبێ کە شیاوی جەماوەر و ئەو شارستانیەتە بێ کە لەلایەن نەتەوەکانەوە بە چاوی رێزەوە سەیری دەکرێ.
ئەگەر چی لە ماوەی نزیک بە 4 دەیە دەسەڵاتی ئاخوندان، بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە لە ئێران و کوردستان لێبراوانە لە مەیداندا بووەو بەردەوام بووە لە قوربانی دان و بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی رەوا و ئازادیخوازانە دژ بەو دەسەڵاتە دواکەوتوو و تێکدەر و تیرۆریست پەرەوە ساتێ نەوەستاوە، بەڵام ساڵی 2017 کۆمەڵێک پێشهاتی نوێ رووی دا کە نەک هەر لە راستای بەرژەوەندیەکانی رژێمدا نەبوون بەڵکوو راست دژایەتیان لەگەڵ سیاسەت و بەرنامە و بوونی رژێمدا هەیە.
ساز بوونی هاوپەیمانیەکی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی عەرەبستان بۆ بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ هێژموونی و چالاکی تێکدەرانەی رژێم لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست. کە کاریگەریەکانی ئەم هاوپەیمانیە لە یەمەن و سوریە دەرکەوت. دواییش وەک یەکەم هەنگاوی ئاشکرا و روون گەمارۆی سیاسی و ئابووری خستە سەر وەڵاتی قەتەری دۆستی نزیکی رژێم.
گۆران لە دەسەڵاتی ئەمریکا و هاتنی دۆناڵد ترامپ کە بە پێچەوانەی حکومەتی ئوباما نەیارێکی سەرسەختی رژێمی ئێرانە و کابینەکەشی پێکهاتووە لەو کەسانەی جیددین لە بەرەوروو بوونەوەی رژێم لە ناوچەکە و لەوە زیاتریش وەک رێکس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ئیشارەی پێدا ئەمریکا کار بۆ رووخانی رژێمی ئێران دەکات.
گرتنی کونفرانسی عەرەبی، ئیسلامی ئەمریکایی لە ریاز بە بەشداری سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ژمارەیەکی زۆر لە وەلاتانی عەرەبی ئیسلامی و بریاردان لە سەر بەرەورووبوونەوەی تیرۆریزم و بەتایبەتیش رژێمی ئێران و پێکهێنانی ناوەندێک بۆ لێدانی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریستان.
لەوانەش گرینگتر کۆبوونەوەی ئێرانیان ئازادیخواز لە پاریس کە لەلایەن شۆرای ملی مقاومەتەوە لەژێر ناوی "ئێرانی ئازاد" رێکخراو تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و ئەندام پارڵمان لە هەر پێنج قارەکەی جیهان بەشداریان کرد و لە پەیامەکانیاندا بەروونی ئیشارەیان بە پێویستی روخانی رژێمی ئێران و بە فەرمی ناسینی شۆرای ملی مقاومەت کە تەنیا ئاڵترناتیوی رژیمە و داوایان لە حکومەتەکان کرد پشتیوانی لە شۆرای ملی مقاومەتی ئێران و رێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران بکەن.
ئەگەر چی پێشتر هەست بە ئاڵوگۆر لە سیاسەتی وەڵاتانی ناوچە و جیهان لە حاست رژێم دەکرا، بەڵام کۆبوونەوەی بەرینی پاریس لە 10ی پووشپەردا، خالی وەرچەرخان و دڵنیاکەرەوە بوو کە سیستەمی سیاسی لە ئێران دەبێ بگۆرێ و بۆ ئەم ئاڵووگۆرانەیش بزوتنەوەی ئازادیخوازی و خەڵکی نارازی و چەوساوەی ئێران دەوری ئەساسی و سەرکیان لە ئەستۆ دەبێ. هاوکات سازمانی خەبات وەک هێزێکی خاوەن پێگە لە بزوتنەوەی مافخوازانەی کوردستانی ئێران و وەک بەشێک لە بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە و ئازادیخوازانەی ئێران لەو کربوونەوە بەرینەدا چالاکانە بەشداری کرد و سکرتێری گشتی روانگەی سازمانی خەباتی لەپێوەند بە رژێمی ئێران و داهاتووی ئەو وەڵاتە خستەروو.
هەروەها مریمی رەجەوی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی شۆرای ملی مقاومەتی ئێران، لە پەیامی تایبەتی خۆی دا وێرای باس کردن لە دۆخی خەڵک و کێشەی نێوباڵەکانی رژێم و قەیرانە ئابووری کۆمەلایەتیەکان، ئیشارەی بە چەندین خاڵ وەک چارەسەری کێشەی ئێران کرد، وەک:
تاکە چارەسەر روخانی رژیمی ویلایەتی فەقیهە، کە کاریگەرترین هێز بۆ ئەو مەبەستە راپەرینی جەماوەری، بوونی هێزێکی گۆرانخواز و دیموکراتیک وەک جێگرەوەی رژێمی دەبێ، کە ئەو هێزە خاوەن بەرنامە و وەڵامە بۆ پرکردنەوەی درزە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی کە لە ئێراندا دروست بوون وەک باوەری نەگۆر بە دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنی ئازاد، جیایی دین و دەوڵەت، بەشداری چالاکانەی ژنان لە رێبەری کردنی کۆمەڵگە، پشتیوانی لە مافی خودموختاری بۆ نەتەوەکانی ئێران.
هەروەها وەک هەنگاوی یەکەم لەو پێوەندەدا مریەمی رەجەوی پێشنیارەکانی خۆی خستەروو کە بریتی بوون لە: مقاومەتی خەڵکی ئێران بۆ روخانی ئیستبدادی مەزهەبی لە ئێران بە رەسمی بناسن. رژێمی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی دەرکەن و شوێنەکەی بدەن بە مقاومەتی خەڵکی ئێران.
سپای پاسداران بخەنە لیستی تاقمە تیرۆریستیەکان و لە تێکرای ناوچەکەی وەدەر نێن.
خامنەیی و باقی دەسەڵاتدارانی رژێم بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی بەتایبەت کوشتاری ساڵی 67 و تاوانی جەنگی لە ناوچەکە راکێشنە بەردەم عەداڵەت.
وەک باس کرا، چەندین هۆی دەرەکی نێوخۆیی بەتایبەت پەرەسەندنی قەیرانەکان لە کۆمەڵگەی ئێران و نارەزایەتی تێکرای چین و تووێژەکان و بوونی بزوتنەوەیەکی بە بەرنامە و خاوەن پشتێوان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، سەرتایەکە بۆ دەستپێکی خەباتێکی یەکانگیر و کاریگەر بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵ و لاواز و گۆشەگیر کراوی ئێران، لە ناوچەکە و جیهان.