رۆژنامەی واشینگتۆن پۆستی ئەمریکا وتارێکی ری تکیه ئەندامی پلەبەرزی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی کونگرەی ئەمریکای بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە
رۆژی چوارشەممە 14ی پووشپەری 1396، رۆژنامەی واشینگتۆن پۆستی ئەمریکا وتارێکی ری تکیه ئەندامی پلەبەرزی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی کونگرەی ئەمریکای بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە دەبێ ئامادەبین بۆ روخانی رژیمی ئێران.
نووسەری ئەو وتارە بە ئیشارە بە قسەکانی ئەم دواییەی رێکش تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردوە وتبووی سیاسەتی ئێمە لەمەر ئێران پشتیوانی لە نەیارانی ناوخۆیە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگۆرن.
ری تکیە نووسی: ئێرانی ئەمرۆ لە ژێر دەسەڵاتی خامنەیی کە پیاوێکی پیر و بەساڵاچووە و ئەمریکا دەبێ بۆ گۆرینی دەسەڵات ئامادە بێ، بابەتێک کە دەتوانێ روخانی رژیمی لێ بکەوێتەوە.
ناوبراو تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە مێژووی کۆماری ئیسلامی دا پڕە لە نائارامی و خەبات دژ بە دەسەڵاتی ستەمگەر لەلایەن خەڵکی خەباتکار و ئازادیخواز. هەر لەو پێوەندەدا رووداوەکانی ساڵی 2009ی بە نمونە هێناوەتەوە کە زەربەی لە پێگەی ئەو رژیمەداوە. بە بروای ری تکیە، لە داهاتوودا ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران جارێکی دیکە بە لوتکە دەگات و روخانی رژیمی لێ دەکەوێتەوە.
نووسەری ئەو بابەتە لە درێژەدا نووسیویەتی: رژێمی ئێران وەک یەکیەتیەکانی شۆرەوی لێهاتووە و رۆژانی کۆتایی دەباتە سەر. لە حەوزەی علمیەی قومیش ئەو بروایە دروست بووە کە ئیسلام لە بوونی ئەو حکومەتە زیانی زۆری وێکەوتووە.
ری تکیە دەڵێ: لاوان روو لە مزگەوتەکان ناکەن، هیچ کەس لەلای مەلا کچەکانیان بە شوونادەن، رژیم توانای دەستاودەست کردنی دەسەڵاتی لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە لە دەست داوە، لە نێوان تاقم و باڵەکانی حکومەتیش کێشەی زۆر هەیە.