جیمز ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی: پێش ئەوەی ئەمریکا بتوانێ پێوەندی باشی لەگەڵ ئێران هەبێ، پێویستە رژێم لە ئێران بگۆڕدرێ.
رۆژی دووشەممە 19ی پووشپەری 1396، جیمز ماتیس لە وتووێژێکی تایبەت و کەم وێنە لەگەڵ رۆژنامەیەکی دەبیرستانی لە ئیالەتی واشینکتۆن وتی: تا کاتێک خەڵکی ئێران نەتوانن لە دەست ئەم حکومەتە تەواویان بێ، حکومەتێک کە پێی وایە دەتوانێ بە خەڵک بڵێ لە نێوان کام پاڵێوراوانەدا مافی دیاری کردنیان هەیە، پێوەندی لەگەڵی زۆر زۆر سەخت و حەستەم دەبێ. ناوبراو تەئکیدی کردەوە کە هەر جۆرە پێوەندیەکی نزیک و دۆستانە حەستەم دەبێ چونکە لە راستی دا لە رژێمی ئێراندا دیموکراسی بوونی نیە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی: وەلی فەقیهە بریار دەدا چ کەسێک لە هەڵبژاردندا بەشداری بکات. لە درێژەدا ناوبراو وتی وەک ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا بریار بدات و دیاری بکات کە هەڵبژاردنی داهاتوودا چ کەسێک خۆی بپاڵێوێ و کاتێک هەڵبژێردرا، خۆی لە کۆشکی سپی دا دەمێنێتەوە و خەڵکی دیکە دەگۆڕێن.
ناوبراو هەروەها وتی: لە بیرتان بێ ئەو حکومەتە خەڵکێکی زۆری لە ئێران کوشتووە و زۆرێک لە لاوانی ئێرانی خستووەتە زیندانەوە.
وەزیری دیفاعی ئەمریکا ئیشارەی بەوە کرد کە کاتێک فەرماندەی سنتکام بوو، گەورەترین کێشە رژێمی ئێران بوو.
جیمز مەتیس گوتی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست لە تل ئاویو تا قاهیرە پێیان وتووە کە رژێمی ئێران وەک پێشوو کێشەی سەرەکی ناوچەکەیە.
ناوبراو لە درێژەی دیدارە رۆژنامەوانیەکەی دا دەڵێ دەستێوەردانی شەرئەنگێزانەی رژێمی ئێران کۆمەکی بە مانەوە بەشار ئەسەد دیکتاتۆری سوریە کردوە کە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، لە یەمەن لە رێگەی دابین کردنی مووشەکی بالستیک بۆ تاقمە چەکدارەکانی حوسی بووەتە هۆی پەرەسەندنی شەر.
ئەو وەزیرەی ئەمریکا درێژە بە قسەکانی دەداو دەڵێ: بە دڵنیاییەوە رژێمی ئێران هۆی سەرەکی بشێوی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراستە.
جیمز مەتیس وەزیری دیفاعی ئەمریکا هەروەها وتی خەڵکی ئێران کێشە نین. کێشە رژێمی ئێرانە کە دارو دەرستەکەی بۆ شوێنی دیکە دەنێرێ بۆ کوشتنی سەفیرەکان لە پاکستان و واشینگتۆن دی سی. ئەو رژیمەیە کە مووشەکەکانی حیزبوڵای لوبنان و حوسیەکان دابین دەکات.