میژووی زیاتر لە سێ دەیە دەسەڵاتداریەتی ئاخوندان مەوداێکی باشە بۆ ئەوەی خوێندنەوە و رێگەکاری ئازادیخوازان لە بازنەی هیوا بە ئاڵوگۆر و رێفۆرمی ئەو دەسەڵاتە بترازێ
کامیل نوورانی فەرد
میژووی زیاتر لە سێ دەیە دەسەڵاتداریەتی ئاخوندان مەوداێکی باشە بۆ ئەوەی خوێندنەوە و رێگەکاری ئازادیخوازان لە بازنەی هیوا بە ئاڵوگۆر و رێفۆرمی ئەو دەسەڵاتە بترازێ و ساغبوونەوەێکی تیۆری لەسەر شێوەی بەرنامە و ووتاری سیاسی لەراست رژیم دروست بێ.
ئەمرۆ نەک گەلانی ئێران بەڵکو زۆرێک لە وەلاتانی جیهانیش وێرای ئاشکرابوونی ناوەرۆکی دەسەڵاتی ئاخوندی هەر لە دیکتاتۆریەت و سەرکووت و پێشێلکارییە ناوخۆیی و پەرەدان بە سیاسەتی ترۆریسم و ئاژاوەگیری و دەستێوەردان و دەورە نەگەتیڤە شەرئەنگێزەکەی لە ئاستی ناوچە و جیهان، بەو قەناعەتە گەیشتوون کە ئەو دەسەلات و سیستەمە ئیتر ریفۆرم و چاکسازیی هەڵناگرێ و پێویستە رەوتێکی تر بگیرێتە پێش.
بابەتێکی سەرسوورهێنەر و نوێ نییە ئەو تایبەتمەندییانەی باسی لیوەکراو پێکهاتەی ئەو سیستەمەی ئێستایان پێکهیناوە و هەموو ئەو تایبەتمەندی و خاڵە نەگەتیڤانە وەک بینایەک وایە کە هەر لە خشتی یەکەمی بە خواری داندراوەو دەستکاری کردنی هەر کام لەو خشتانە شوێنەواری خەراپتر لەسەر کۆی بیناکە بە جێ دێڵێ و تاکە رێگە، رووخاندنی یەکجاری بیناکەیە.
هەر سیستەم و نیزامێک لەگەڵ خوی کۆمەڵێک بەها و نۆرم دێنێ ئەو بەها و نۆرمانە دەبنە شوناسی ئەو سیستەمە و بەوانەوە دەناسرێتەوە و شێوەی کار و بەرێوەبەریشی لەسەر ئەو پێوەرانە دەبێ. تایبەتمەندی دیکتاتۆریەت بە بوونی وەلی فەقیه و فاشیزمی دینی بە بوونی مەزهەبێکی تەسکی دیاریکراو، بەستنەوەی مەشیروعیەتی سیستەم بە ئاسمانەوە و نەک دەنگی خەڵک و بەرزە فریی و هەوڵ بۆ بەرفراوان کردنەوەی سنوری دەسەلات و مانەوەی حوکمەکەی لەچوارچێوەی ناردنی ئینقلاب بو دەرەوەی سنوورەکان، ئەو نۆرمانەن کە سیستەمی رژیمی ئاخوندی لەسەر بونیاد نراوە و سروشتیە نەگونجاو بوونی ئەو پێوەرانە لەگەڵ بەها و نۆرمە ئینسانیە بالاکان کە مرۆڤایەتی لەرەوتی گەشەی مێژووییەوە پێی گەیشتووە، پێکدادانێک دروست دەکات و مانەوەی ئەو سیستەمە تەنیا لەرێگەی زەبر و زەنگ و جینایەت و سەرکووت و وەحشیگەری و ترۆر و کوشتن دەکرێ. ئەو دەسەلاتە ناتوانێ ریفۆرم هەڵگری و هەر ریفۆرم و چاکسازییەک لەو بناغە فکرییانە دەبێتە هۆی رووخانی بناغەکانی سیستەم. ئەگەر ریفۆرمێکیش لەسەر ئەساسی گۆرینێکی دیار نەبێ کە کاریگەری بخاتە سەر باشتر کردنی رەوتی ژیان خەڵک، مەبەست لە چاکسازیی و ریفۆرم دەبێ چی بێ؟
بە زانینی ئەو راستیانە ئەو بروایە تا دێ بەهێزتر دەبێ کە تاکە رێگە لەبەردەم ریزی ئازادیخوازان هەنگاونان بەرەو رووخان و نەهێشتنی هەموو پێکهاتەی ئاخوندییە. هەر بۆیەشە تادێ هیماکانی بەهێزتر بوونی گووتاری رووخان زیاتر دەردەکەوێ و ریزی گۆرانخوازان پتەوتر و بەرفراوانتر دەبێ.
پرۆژەی رووخان دەبێ وەک هێلێکی فکریی لێ برواندرێ و کار بۆ بە هێزکردنی ئەو هێلە فکرییە بکرێ و زۆرترین تاکی پێ پەیوەست بکرێ و کە کاتێک قەناعەتێکی گشتی لەسەر زەرورەتی گۆران و کۆتایی هاتن بە وەهمی ئیسلاحات دروست بوو ئەو کاتەیە کە هێزی عەزیمی جەماوەریی رێگەکانی بە پراکتیک دەرهێنانی ئەو پرۆژەیە دەدۆزێتەوە. دەبێ ئەوەش بوترێ کە هێزی یەکلایکەرەوە لە جێبەجێکردنی ئەو گووتارە جەماوەر و خەڵک و یەکگرتوویی هێز و لایەنە سیاسیەکانیش وەک بەشێک لەخەڵک دەور دەبینن و هاوکات تەنیا یەک میتۆدی خەبات نابرێتە پێش ، بەڵکو لە هەموو شێوەکان بە ئامانجی رووخان کەڵک وەردەگێردرێ.
ئەزموونی چەند ساڵی رابردووی ناوچەکە سەلماندی کە جەماوەر تەنانەت بە کەمترین ئیمکانات، دەتوانن کۆشکی دیکتاتۆران وەلەرزە بخەن و حوکمە ناخەڵکیەکان لەسەر کار لابدەن. ئەوەی گرینگە یەکریزی و یەکگووتاری خەڵک لەئاستێکی بەرچاوە کە دەتوانێ ئالوگۆر بەدوای خویدا بێنێ.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران یەکێک لەو هێزانەیە ووتاری رووخان بە تاکە چارەسەر و دوایین رێگە بو وەدیهاتنی مافی سەرجەم پێکهێنەرانی ئیران دەزانێ و لەو پیناوەشدا خەباتەکەی چڕ دەکاتەوە و کار بۆ بەرفراوان کردنی ئەو گووتارە بە ئەرک و کاری خوی دەزانێ.
جێگەی باسە کە لەو پێوەندییدا کۆبوونەوەێکی یەکجار گەورە و بەرفراوان لە ویلپەنتی پاریس لە ژێر چاودێری سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شۆرای ملی مقاومەت بەرێوەچوو کە پەرەدان بە ووتاری رووخان گەورترین ریساڵەت و پەیامی ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە بوو و بەشێکی بەرچاوی قسەی ووتاربێژان بە تایبەتی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و خاتوو مەریمی رەجەوی سەرۆک کۆماری شۆای میللی موقاومەتی ئێران تەرخان کرابوو بو باس کردن لە زەرورەتی گووتاری رووخان لەبەرانبەر رژیمی ئاخوندیدا.
هەر لەو پێوەندییەدا چەندین کۆبوونەوەی گرینگ بە بەشداری بەرێز کاک بابەشێخ حسینی و بۆ باس کردن لە پێوەند بە یەکگرتووی بەرەی خەباتکاران لەدژی رژیمی ئاخوندی بەرێوە چووە کە کاریگەر و شویندانەر دەبێ لە سەر بیرورای گشتی لە ئاستی دەرەوەدا.
یەکگرتوویی هەموو پێکهێنەرانی وەڵاتی ئێران و هیزە کوردستانی و ئێرانیەکان و تێکۆشان بۆ رووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی ئەو نوسخەیەیە کە رزگاری لەدەست ستەم و چەوسانەوەی و بێ بەشی هەموو خەڵکی ئێرانی تێدا تۆمار کراوە و دەبێ دواجار بەکردەوە دەربهێندرێ.