چاو خشاندنێک بە لاپەرەکانی دیرۆکی رابردووی نزیک و دووری مرۆڤایەتی، گەلێک باس و بەسەرهاتی خەبات و تێکۆشانی گەلانی بندەست و مافخوراومان دەخاتە
رێبوار حسێنی
چاو خشاندنێک بە لاپەرەکانی دیرۆکی رابردووی نزیک و دووری مرۆڤایەتی، گەلێک باس و بەسەرهاتی خەبات و تێکۆشانی گەلانی بندەست و مافخوراومان دەخاتە بەرچاو کە لە سەردەم و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی راپەڕین و بەرخودانی ئەو گەلانەدا، بە شێوە و رەنگ و ڕواڵەتی جیاواز خۆی دەردەخات. مێژووی ژیانی پڕ لە چەرمەسەرە و بێ بەشی و ژێردەستەیی ئەو گەلانە پێمان دەڵێ کە لە ئاکامی تامی تاڵی ناکامی و ئازاری دەردی بێ بەشی و ناسۆری تەشەنابووی چەوساندنەوە دا، خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری لەو نهامەتی و سووکایەتیانە وەک دیاردەێکی سروشتی و حاشا هەڵنەگر، سەریان هەڵداوە و بوونەتە رووداوێکی دیاری مێژوو. لە تۆماری گەڵانی بن دەستی خاوەن خەباتی ئاشتیخوازانەو رەوا لە پێناوی رزگاری گەل و ئاوەدانی و پاراستنی حورمەت و بەها مرۆییەکان بە گشتی و مرۆڤی کورد بەتایبەتی، گەلی کورد وەک یەکێک لەو گەلە بەشخوراو و نیشتمان دابەش و وێرانکراوانە، لە سەردەم و قۆناغە جۆراو جۆرە کۆن و نوێیەکانی خۆیدا وەک گەلێکی خاوەن نیشتمان و زمان و فەرهەنگ و مێژوو ، هەستی بە ژێردەستەیی کردوە و لە ئاکام دا بۆ بەدەست هێنانەوەی ئەو مافەرەوایانە، بەپێی دەرفەت و بۆ لوان راپەڕیوە و هێزی وەکۆ کردوە و لە دژی دژمنانی نەتەوە و نیشتمان و دەسەڵاتە دیکتاتۆڕ وخوێنرێژەکان، فیداکاری کردوە و خوێنی رژاوە و تۆشی دەربەدەری و ماڵوێرانی و لە ناوبردن و جینۆسایدی بێ ئەژمار بووە.
سەرەنجێکی کورت و ساکار لە راپەڕین و بزوتنەوەکانی پێشووی گەلی کوردستان کە وەک بەشێک لە کۆمەڵگای مرۆڤ بۆ بە دەست هێنانی مافی رەوا و سروشتی خۆی خەباتی بۆ کردوە و لە پێناوی دا تێکۆشاوە، ئەو راستیە دەخاتە بەر چاو کە سەرەڕای جیوازی شێواز و قەوارە و بیرو بۆچوون و هەلومەرجی سیاسی و جغرافی ،بەشکڵ و شێواز و دروشمی جۆراوجۆر سەرۆکایەتی کراون و بەڕێوە چوون. بەڵام سەرەڕای هەر کەموکووڕی و هەڵە و ناتەواوی و نەبەگەیێک، کاکڵ و مەبەست و ناوەرۆکیان هەر یەک شت و ئامانج و مەبەست لە تێکڕایان دا ئاواتی رزگاری و گەیشتن بە مافی ئینسانی و خاوەنداریەتی لە نەتەوە و نیشتمان وئاشتی و هێمنایەتی و ئەو بەها مرۆییانە بوە کە لە مەودای مێژووی ژیان و خەبات دا گەلی کورد بەتاسەوە خوازیاریان بوە و فیداکاری بۆ کردوون، تا لەم سۆنگەوە شان بە شان و دەست لە ناو دەستی باقی گەل و نەتەوەکان لە ئاشتی و ئاوەدانی و پێشکەوتن و پێگەیشتنی مرۆڤایەتی دا وەک گەلێکی بەرپرس و خاوەن دەورو دیار لە رەوتی تێگەیشتن لە ئازدی و مافپەروەری و دابین کردنی دیموکراسی و بەختەوەری کۆمەڵایەتی دا، خاوەن ڕا و جێ پەنجەی دیار بێ.
بە پێی هەموو بەڵگەنامە مێژوویەکان گەلی کورد لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی دا شێوازی شۆرش و خەباتی چەکداری وەک دوا بژاردە و بۆ دیفاع لە خۆیی و داوا رەواکانی هەڵبژاردوە و خەباتی سیاسی و چارەسەری ئاشتیانەی کێشە و داواکاریەکانی، سەرەکی ترین شێوە و شیوازی خەبات و تێکۆشانی بوون و بۆ جارێکیش بە نیازی داگیرکاری و پاوانخوازی و ژێر دەست کردن و داگیر کردنی هیچ نەتەوە و وڵاتێک یان وەک دەسەڵات شۆڤینیست و پاوانخوازەکان بە ترۆریست و خراپکار و دژی شۆڕش و..هتد ناوی دەبەن و دەیناسێنن، هەنگاوی هەڵنەگرتوە. زۆر جارانیش لە قۆناغەکانی خەباتی دا بە شێوازی جوارو جۆر لە رەوت و گەرمەی چارەسەری سیاسی و وتوو وێژی ئاشتیانە دا، فێڵی لێکراوە و وڵامی دڵسافی و هەست و نیاز پاکی ئاشتیخوازانەی بە لەسەردانی سەرکردە و نوێنەر و مرۆڤە دیار و بەرچاو و بەریوەبەرانی بزووتنەوە رەواکانی لەلایەن بەرانبەرەکانیەوە، بە خەیاڵی پووچیان کورد بێ سەر کەن و رەگی بیری ئادازیخوازی و رزگاری لە ژێردەستەیی گەلی ئێمە وشک کەن، دراوەتەوە. دروشمەکانی کورد لە قۆناغەکانی بزاڤی رەوایدا گۆڕانیان بەسەردا هاتوە بەڵام ئامانج و ئاوات لە هەموویاندا گەیشتن بە ئازادی بووە، لە بەرانبەردا، دژمنان و دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی زاڵ بە سەر ماف و نیشتمان و چارەنووسی کورد و کوردستانیشدا، سەرەڕای دژمنایەتی قووڵ و خوێناوی مێژوویی و جیاوازی لە نەتەوە و فەرهەنگ و زمان و دین و بیرو باوەڕ سیستمی بەڕیوەبەری دا ، لەسەر دژایەتی کورد و لەمپەردانان لە بەردەم رەوتی رزگاری و بەختەوەری ئەم نەتەوە خاباتکار و ئاشتیخواز و ماف ویستەدا، یەک ئامانج و یەکانگیر بوون و لە گەرمەی شەڕ و کێشەی نێوانیان دا ، لە هەمبەر کورد و کوردستاندا تەنانەت زۆر جاران لە لوتکەی سەرکەوتنیان بەسەر یەک دا دەستیان لەشەڕ و دژایەتی یەکتر راگرتوە و بە هەمووان لە دژی ویست و داواکانماندا یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بوون و بە یەک زمان قڕیون و بۆ دەربرینی دژایەتیەکانیان بە بەهانەی بێ بنەمای جۆراوجۆر و دوور لە مەنتیقی سەردەم، لە زاری یەک تفیون. بەداخەوە بەرژەوەندی سیاسی و بازرگانی و ئابووی و هژموونی پاوانخوازی و کێبەرکێی گەورە دەسەڵاتەکانی جیهانیش لەسەر مەزنیخوازی یەکەتازیان زاڵ بوە و هەیە بەسەر زۆر راستی و حەقیقەت و رەواێک دا و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە لە زۆر جینایەت و ماف پێشێلکاریێک نەک چاو دەنووقێندرێ و خۆ گێل دەکرێ . بەڵکوو هەوڵی ئەوەش دراوە و دەدرێ کە لە ناو ریزی خەباتکارانی کوردیش دا دوودڵی و ناکۆکی و دووپۆیی دروست ببێ و لەم راستایەش دا موخابن زۆر جار بە لە سۆنگەی خۆش باوەڕی یان بێ دەربەستی و زۆر جاریش خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمان لە لەیەن بەشیک لە لایەن و خیڵ و عەشیرەتی کوردیەوە، ئەوان بەو ئامانجە نگریسەکانیان گەیشتوون تا بتوانن زیاتر گەلی کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانەوە مل کەچ و کۆیلەی ویست و بەرژەوەندیە نارەوا بازرگانی و سیاسی و ئابووریەکانیان بێ .
گەلی کورد لە کوردستانی بن دەستی دەسەڵاتە نارەوا و دیکتاتۆرەکانی حاکم بە سەر عیراق دا، لە ماڵویرانی و ئاوارەیی و راگواستن و تاڵان و بڕۆ و قڕکردن و ئەشکەنجەو ئازار دا لە چاو بەشەکانی تری کوردستان ، پشکی گەورەی بەرکەوتوە و کارەساتی راگواستن و کاولکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوند و بێ سەرو شوێن کردنی هەشت هەزار کوردی بارزانی و ئەنفالی ١٨٢ هەزار ژن و منداڵ و پیر وکاڵی بێتاون و شیمیایی بارانی هەڵبجە و سوێسوێنان و زۆر ناوچە و گوندی تر لەلایەن رژیمی دژی مرۆیی بەعسەوە بەبەر چاوی هەموو جیهانەوە، نموونەی دیار و حاشاهەڵنگرن لە مێژووی ژیانی بێ بەش و لێوانلێو لە مەزڵومییەتی نەتەوەکەمان لەم بەشەی کوردستان دا. لە ئاکامی هەموو ئەوە رەفتارە دوور لە رێ و شوێنی ئینسانیانە و بۆ مانەوەی کوردو کوردستان لەم بەشی نیشتمانی کوردانیش دا، خەباتێکی رەوا لە ئارادابوە و لە دەیەکانی ئاخری سەدەی بیستەم دا ئەم خەبات و تێکۆشانە لەوپەڕی بەربڵاوی و چالاکی خۆیدا گەیشتە لووتکەی تەقینەوە و بوو بە بووڕکانێکی تێکڕایی جەماوەری و لە چوار چێوەی راپەرینێکی یەکگرتووی فیداکارانەدا خەباتی شارو شاخ لێک گرێدارن و لافاوی رق و تۆڵەی جەماوەری کورد دامو دەزگای دەسەڵاتی دڕندەی تێکەوە پێچاو، لە بەهاری ١٩٩١ دا گوڵی ئاوت بەرزگاری و بەختەوەری لە بن بنار و پێدشتەکانی بیتوێن سەری هەڵدا و بە رێژنە بارانی فرمێسکی شادی دایکی شەهیدان و گەرمی خۆری رۆژی رزگاری پشکووت. لەو سەردەمەوە کورد سەرەڕای زۆر نهامەتی و کەموو کوڕی و پلان و کێشەی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە پرۆسەگەلێکی پێویست و جیا جیادا دام و دەزگا و ناوەند بەڕیوەبەری پێکهێنان و یاسا و رێسای لە ژێر دید و نەزەری جەماوەردا داڕشتن و لە دەنگدان و پڕۆسەی هەڵبژادنی دا پاڕلمان و دەولەت و دەسەڵاتێکی هەرێمی لە چوار چیوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵی لە عیراق دا پێکەوە نا کە تا ئێستا ئەم بەشەی کوردستان بەڕیوەدەبا. راستە زۆر کێشەی تیکنیکی و ئەتنیکی لەبەر دەم ئەم دەسەڵات و بەرێوەبەریەدا سەریان هەڵداوە، بەڵام سەرەرای هەموو ئەوانە و داسەپاندنی شەڕی نەخوازرا و هاتنی بەڵاو فەتاێکی وەک داعەش و گیرۆدەبوونی گەلی کورد بە شەڕێکی خوێناوی و کاولکاریەوە، فیداکاری و لیهاتووی و دڵسۆزی رۆلەی کورد( پێشمەرگەی کوردستان ) و کارو چالاکی و هەڵسورانی ماندوویی نەناسانەی بەڕیوەبەرانی ئەم هەرێمە بۆ سەرخستنی بزاڤی رەوای نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد و گەیشتنی گەل بە ئاوت و ئامانجە لە مێژینەکانی، دەستیان دایە دەست یەکتر و کورد و شۆڕشە رەوایەیان بە جیهان ناساند و لە سۆنگەی ئەو فیداکاری و هەڵسوڕانانەوە ئێستا دنیا بە جاوێکی ترەوە لە کورد و داوارەوانی دەڕوانێ و خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ وەدەست هێنانی ماف و ئازادیەکانی بە شتێکی سروشتی و مافێکی بێ ئەملاو ئەولای خۆی دەزانێ.
گەلی کورد و دەسەلاتی بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستان بە هەڵسەنگاندنی هەل و مەرج و قۆناغی سەردەم و مەنتقی دادە و دیموکڕاسی و مافی مرۆڤ بەو ئاکامە گەیشتون کە کورد لەم بەشەی کوردستان بریاردەدەن چارەنووس و بەڕێوەبەری خۆیان بە دەست بێ، و وەک گەلێکی خاوەن مێژوو و نیشتمان و ئاڵا و زمان و فەرهەنگ و دروشم و سرودی نەتەوایەتی هێزی سەربازی تۆکمە و فیداکار و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و سەرچاوەی ئابووریێکی دەوڵەمندی وەک نەوت و پالاوگەی پێشکەوتووی بەرهەمە نەوتیەکان و باقی کانزاکانی ژێر زەوی و زانکۆی باڵا و پیشەسازی و داهێنان و یاسای دادوەری و خوێندن و هاتوو چوو و گواستنەوە و گەشتیاری و بازرگانی و کشتوکاڵ لەلاێک و هەبوونی کۆنسۆلگەری و نوێنەرایەتی و کۆمپانیای زەبەللاح و بچووکی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە پێتەختی ئەم هەرێمە و هاوپەیمانی سەربازی لە دژی داعەش و تیرۆر لەگەڵ گەورە دەسەڵاتە سەربازیەکانی جیهان و ..هتد لە لاێکی ترەوە، بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ئەم هەرێمەی هێناوەتە سەر ئەوباوەرە کە ئیتر کاتی ئەوە هاتوە گەلی کورد لە ریفراندوم و گشت پرسێکدا رێڕەوی بەڕێوەبەری داهاتووی خۆی دیاری و یەک لابکاتەوە.
ئەوەی کە ریفراندۆم مافی کوردە و دەبێ هەموو گەلانی جیهان بە چاوی رێزەوە لە بڕیاری ئەم نەتەوە بندەست و بەلەنگازە بڕوانن و لە سەر خستنی دا پشتیوان و هاوکاریان بن ،هیچ کێشەو گرفتێک ناهێنێتە ئاراوە و بگرە بە پێچەوانەوە سەرخستنی ئەم پڕۆسە دیاریکردنی رێرەوی ژیان و بەڕێوەبەری ئەم گەلە بەدەستی خۆی لەگەڵ هەموو بیر و راێکی دیموکراتیانە و خاڵ و بەندەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و هەموو یاساو دەستورە ئایینی و ئاسمانیەکاندا دێتەوە و بەشێکی زۆر کێشەو ئالۆزی لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ دێنێ و بەرژەوەندی هیچ نەتەوە و وڵاتێک ناخاتە مەترسیەوە و بگرە دەبێتە پاڵپشت و هاوکارێکی جێی متمانە بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی و پیشکەوتنی گەلانی و ناوچەکە و جیهانیش.
سەرەرای هەمووی ئەوانەی کە باس کران، دەسەڵاتی شوم و دیکتاتۆڕ و پاوانخواز لە ئێران کە ئازادی و رزگاری و ئاوەدانی و پێشکەوتنی گەڵانی بندەست و نیشتمانەکەیان، بەڕەوا نابینن و دەزانن بە سەرکەوتنی ئەم جۆرە پڕۆسە و بەرنامانە دەستی تەجاوزکاریان کورت دەبێتەوە و چاوی تەماع و تاڵان و بڕۆیان لێڵایی پێدا دێ و هێزی داپڵۆسێنەر و خوێنڕێژیان کەم دەبێتەوە و نامێنێ و شەقامی دەست تێوەردان لەکاروباری ولاتانیان بۆمبەست دەبن وماشێنی ئاژاوە گێڕیان لە کاردەکەوێ و خەیاڵی دووبارە بوونەوەیان بە ئیمپڕاتۆریان دەبنە بڵقی سەر ئاو، دەسەڵاتە ناڕەواو شۆڤێنیستەکانی وەک رژیمی وێلایەتی فەقیە لە تاران و دەسەڵاتی گوێ لەمست و داردەستی رژیمی ئاخوندی لە بەغدا و دیمێشق و هێندێک وڵاتی بێ متمانەی سیاسی و بەرژەوەندی خوازی تری لێرە ولەوێی جیهان، کە ناکرێ پلانی ئاژاوەگێڕی و کۆسپنانەوەیان لە سەر رەوتی بەڕیوەچوونی ئەم پڕۆسە مێژوویەی گەلی کورد لە کوردستانی عیراق دا بە سادەوە چاو لێبکرێ و بە هێند نەگیردرێ. بێگومان کاتێک رژیمی ئاخوندی بە تەواوی دژایەتی راپرسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات ئەو راستیە زیاتر دەسلمێنێ کە راپرسی لە هەریمی کوردستان گەلێک بە زیانی دەسەڵاتی ئاخوندانە لە ئێران. هەر بۆیە دەبی گەلی کورد هەل و قۆناغەکە بە باشی هەڵسەنگێنی و خۆی لە دوودڵی و رارایی قوتار بکاو بۆ سەرخستنی ویست و ئیرادەی خۆی بە شیوەێکی بەرینن و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەم پڕۆسەیەدا بەشداری بکەن.
بژی کورد، ئازاد و ئاوەدان بێ نیشتمان.