وەرن مێژوو هەڵدەنەوە،
رێبوار حوسێنی
وەرن مێژوو هەڵدەنەوە،
جوان سەرنج دەن، بیخوێننەوە!
بڕگە بە بڕگە، دێڕ بەدێڕ،
باس بەباس، باژێڕ بە باژێڕ!
دەریا بەدەریا، بەژ بە بەژ،
پێدەشت بە پێدەشت، کێو و کەژ!
وەرز بە وەرز، ساڵ بەساڵ،
نوختە بە نوختە، خاڵ بەخاڵ!
قۆناغ قۆناغ، سەردەم سەردەم
حەماسە و دەستکەوتی، سەرجەم!
سەرنج بدەن سەرو خواری،
مێژووی شۆڕشی رزگاری!
پڕ لە رەنج و کارەساتە،
هەمووی هەر رەنج و خەباتە!
تەژییە لەو رۆژە گەشانە،
کە بوونە رەمز و نیشانە!
یەک لەو رۆژە بەرچاوانە،
رۆژی ٥ی خەرمانانە!
¤ ¤ ¤
هۆ خەرمانان!
کۆی سوری سەر خەرمانی کورد!
یادگارەکەی پیری ژیری،
رێبەری رێگە دیاری کورد!
تۆ بەرهەمی رەنجی ساڵی!
خورپەی دڵی دایکی شەهید،
خەندەی سەر لێوی مناڵی!
چاوگەی کانی بن بناری
سروەی شەماڵی نزاری!
لە پێدەشت و لە لێڕەوار،
لە چۆڵگە و لە دێهات و شار،
لە کارگە و بازاڕ و باژێر،
لای مامۆستا و شوان و جوتێر،
لە سەنگەر، لە قوتابخانە،
لە هەر کوێی ئەم نیشتمانە،
بووی بە سروودی سەردەمان
لە سەر دڵ، لادەبەی خەمان!
تۆ شانازی کوردستانی،
بەرهەمی رێبەری ژیری،
رەمزی گیانبازی و قوربانی!
زمهەڕی ناو هیزرەی مێژووی،
نانەبەرەی پڕ لە توێشووی!
بە تۆ سەر بەرزە هۆزی من!
چاوی پێت هەڵنایا دژمن!
سەر دادەنێم لە پێناوت،
رۆح دەدەم بۆ بەرزی ناوت!
وەک رێـبوار،ی رێی بەختیاری
هەڵبەستم دەکەم بەدیاری!
بە بەرزی ناوت هەڵدەڵێم
روو لە کوردستانم دەلێــم:
ئەوا دیسان خەرمانانە و،
وەرزی بەرهەمی خۆڕانان!
وەرزی خێر و بێری رەنجی،
یەک ساڵ هەوڵی بە بێ وچان!
لە جاڕی رەنج و تێکۆشان،
گوڵە حاجیلە خەمڵاون!
لەسەر خەرمانی خەمخۆران،
کۆگای هیوا لە بەر چاون!
وەرزێر داسی دەستی دانا،
شەنیار شەنی نایە سەر شان!
پاڵە دوا گەوزی خۆی لێدا،
کرشەی کێشایە سەر خەرمان!.
ها سەیرکەن!
وەرزێرەکەی خەباتی گەل،
سەربڕانەی سەربڕیوە!
بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشان،
ئەمساڵ سی و چواری برێوە!
سی و چوار ساڵە، فەلا وپاڵە،
باخە باخە، سواڵە سواڵە،
بەبێ وچان، بێ پشوودان
پیخوێ پێخوێ، خوێیان خوێیان،
دێننە سەر جووخێنی شادی،
بۆ رۆژی شەنی ئازادی!
ئەوسا شەنیارانی ژیرم،
رۆڵەی بە هۆش و تەدبیرم!
بەرهەمی خەرمانی خەبات،
دەبەش دەکەن لە ناو وڵات!
لە گشت خاکی کوردەواری،
دەیکەن بە جێژنی رزگاری!
ئەوسا رێـبـوار،ی دوور وڵات،
لە گەڵ هاوکۆڕانی خەبات!
پیرۆزدەکا خەرمانانی،
لە نەتەوە و نیشتمانی!.