لەمێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازیمان هێندێک لاپەرە و قۆناغی تایبەت هەن کە ئازار و ستەم و چەوسانەوەی دەسەلاتە ستەمگەرەکان
خەڵکی خۆراگری کوردستان!
لەمێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازیمان هێندێک لاپەرە و قۆناغی تایبەت هەن کە ئازار و ستەم و چەوسانەوەی دەسەلاتە ستەمگەرەکان لە راست خەڵکی کوردستان دردەخەن. 28ی گەلاوێژ یەکێکە لەو رۆژە نگریسانەی مێژووی نەتەوەکەمان، کە لە لایەک جینایەت و سەرکووتی دەسەڵاتی ئاخوندی لەراست میللەتی کورد پیشان دەدا و لە لایەکی دیکە مێژووی خۆراگری کەم وێنەی نەتەوەی کوردی تیدا تۆمار کراوە.
لە 28 گەلاویژی سالی 1358 کۆچی خۆری، خومەینی جینایەتکار، فەتوای حەلال کردنی سەروماڵ و خوێنی کوردانی دەرکرد و ئەو گەلە بووە ئامانجی کۆمەلێک مێشکی داخراوی دەمارگرژ کە بە خەیاڵی چوونە بەهەشت و بەشداری لە جیهاد کەوتنە شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان و خەڵکی کوردیان، بێ بەزییانە شەهید کرد. ئاستی کارەساتەکە لێرە خۆی نیشان دەدا کە هێزی چەکداری چەقۆ کیش و لۆمپێن و درندە بە رژاندنی خوێنی کورد کارەساتی مرۆییان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خوڵقاند.
لەکاتێکدا کە میللەتی کورد و نوێنەرانی دەستی ئاشتی و چارەسەری ئاشتیانەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد درێژ کردبوو و داوای ویستە رەواکانیان دەکرد، بەڵام خومەینی ویست و داواکارییەکانی میللەتی کوردی بە کوشت و بڕ و لەناوبردن دایەوە. سیاسەت و عەقلیەتێک کە هەتا هەنووکەش لەرێگەی جۆراوجۆر لە لایەن دەسەلاتی ئاخوندییەوە پەیرەو دەکرێ و سێبەری تاریکی فەرمانی جیهاد تا ئێستاش لە کوردستانی ئێران قورسایی دەکات و ئەو سیاسەتە کاری پێدەکرێ.
سەرەڕای هەموو ئەو تراژیدیانەی میللەتەکەمان پێی دا تێپەری، ئەوەی شایانی گوتنە، داستانی خۆراگری و بەربەرەکانیی میللەتەکەمان بەکەمترین ئیمکانات لەبەرانبەر ئەو دەسەڵاتە دڕندە و بێ بەزەییەیە. دەسەڵات و حکومەتی خومەینی ویستی بە فەرمانی جیهاد ریشەی میللەتەکەمان ویشک بکات و کۆتایی بە پرسی نەتەوەیی لە کوردستان بێنێ، بەڵام ئەوەی چاوەروانی نەدەکرد ئەو موقاومەت وخۆراگرییە کەم وینەیە بوو کە لە لایەن خەڵکی کوردستان بیندرا و بەدەسەڵات نیشان درا کە کورد میللەتیکی زیندوویە و لە پێناو سەرخستنی پرسە رەواکەی ئامادەی هەموو قوربانی و نرخێکە.
شایانی وەبیرهینانەوەیە کە لەو قۆناغە مێژووییەدا پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە حەماسەیێکی کەم وێنە لە 10ی خەزەڵوەری 1358 رووبەرووی گادری جاویدان (سپای قودسی) رژیم بوونەوە کە ژمارەیان زیاتر لە 700کەس و بە ئامانجی کوتایی هێنان بە پرسی کورد روویان لە ناوچەی سەردەشت و بانە کردبوو، پێشمەرگەکانی سازمان ئەو هێزەی دژمنیان لەناوبرد و بە داخەوە 8 پێشمەرگەی سوورخەلاتیش شەهید بوون و گیانی بەرزیان پێشکەش بە بارەگای شەهیدانی کوردستان کرا.
لەیادی 28ی گەلاوێژدا سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، هەزاران سڵاو و درود دەنێرێ بۆ روحی پاکی شەهیدانی ئەو قۆناغە و سەرجەم شەهیدە سوورخەڵاتەکانی کوردستان و پەیمان بە بنەماڵەی شەهیدان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەدات کە وەک رابردوو لە خزمەت و فیداکاری بو نەتەوە و نیشتمان دریغی نەکات و خزمەتکاری گەڵ بێ و لە پێناو سەرخستن و خێرایی بەخشین بە رەوتی خەباتی رزگاریخوازانە لایەنێکی چارەسەر و پێش قەدەم بێ و بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی لەسەرووی سیاسیەت و بەرنامەکانیەوە بێ.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوندی
28ی گەلاوێژی 1396