٣٧ ساڵ بە سەر دەستپێکی تێکۆشانی پڕ لە سەروەری و خۆراگری و قارەمانەتی سازمانی خەباتدا تێدەپەرێ، ٣٧ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ی کۆچی خۆریدا
کەریم فەیزیان
٣٧ ساڵ بە سەر دەستپێکی تێکۆشانی پڕ لە سەروەری و خۆراگری و قارەمانەتی سازمانی خەباتدا تێدەپەرێ، ٣٧ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ی کۆچی خۆریدا سازمانی خەبات لە لایەن کۆمەڵێک رۆشنبیری شۆرشگێر و بیرمەند و بلیمەتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێبەرایەتی رێزدار مەرحومی مامۆستا شێخ جەلال حسینی دامەزرا و کار و چالاکی خۆی راگەیاند. دامەزرێنەرانی سازمانی خەبات پێش ئەوەی مەوجودییەتی سازمان بە جەماوەرەکەی ڕاگەیەنێنن، هەر لە سەرەتای ڕاپەرینی خەڵکی ئێران دژ بە رژێمی پاشایەتی زۆر چالاکانە دەوری خۆیان گێڕا لە روخان رژێمی شادا، ماوەی نزیک بە دوو ساڵ لە ژێر ناوی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حسینی دا کار و چالاکی خۆیان دەکرد، بەڵام لە دوای ئەوەی مامۆستا شێخ عێزەدین رەدی کردەوە هێزی چەکداری هەبێت چونکە مامۆستا وەک رێبەرێکی ئایینی و سیاسی خەڵکی کوردستان بوو، بەپێچەوانەوە لەو سەردەمەدا پێویستییەکی موبرەم هەبوو بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان هێزێکی تۆکمەی هەبێ بۆ بەگژاچونەوەی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی رژیمی خومەینی بۆ سەر کوردستان، هەرچەند حیزب و لایەنیکەش هەبوون، بەڵام مەرحومی مامۆستا شێخ جەلال دامەزرانی سازمانی خەباتی لەو سەردەمەدا بە پێویستیێکی مێژوویی دەزانی و لە ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ دا مەوجودییەتی سازمانیان ڕاگەیاند .
سازمانی خەبات لەماوەی ٣٧ ساڵ تەمەنی تێکۆشانیدا زۆر کەند وکۆسپ ، هەورازو نشێوی هاتە رێ، بەڵام بە هۆی کارێزمەیی رێبەرە ماندونەناسەکەیەوە و لێهاتویی کادر و ئەندام و قارەمانەتی بێوێنەی پێشمەرگەکانییەوە هەمووی ئەو بەربەست و لەمپەرانەی لە سەر ڕێی خۆی لاداوە و زۆر سەربەرزانە لە گۆرەپانی سیاسی و نیزامیدا دەوری خۆی گێڕاوە، هەر لە سەرەتاوە و ئیستاش سازمانی خەبات سیاسەتێکی حەکیمانەی پەیرەو کردوە بۆ پێکەوە ژیان و هاریکاری کردنی هەمەلایەنەی لە گەڵ ئەحزابی سیاسی، سەرتاسەری و کوردستانییەکاندا ، هەر چەندە ئەوان ئەو نییەتە پاکەیان نەبوو لە گەڵ ئێمە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی رەنج و تێکۆشانی گەلەکەمان بە فیرۆ نەچی و هێز و تێکۆشانی هەموولایەکمان بۆ دژایەتی کردنی رژیمی داگیرکەری ئێران بێت، زۆر جار نەرمیمان دەنواند، زۆر لەو ئەحزابانەی لە سەرەتاوە دژایەتی سازمانیان دەکرد، وا ئێستا خزمەتکاری رژێمن لە ناوخۆی ئێران یان مەفع بونەوە و ناویان نەماوە .
سازمانی خەبات لە کاتێکدا پێدەنێتە ٣٧ هەمین ساڵی تەمەنی کە زۆر ئاڵوگۆر بە سەر کوردستاندا هاتووە و ئێستاش چاوەرێی گۆرانێکین کە خاڵی وەرچەرخان دەبێ بۆ دۆخی کورد لە کوردستانی ئێران.
سازمانی خەبات هەر وەک چۆن لە رابوردوودا سیاسەتێکی حەکیمانەی بووە ، ئێستاش هەر ئەو سیاسەتە پەیرەو دەکات و زۆر بە باشی خۆی لە گەڵ ئاڵوگۆرەکانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دەگونجێنێ. ئەگەر سەرنج بدەینە تێکۆشانی سازمانی خەبات لە دوای کۆنگرەی سێهەم بۆمان دەردەکەوێ کە سازمان تەشکیلاتێکی وشک و چەقبەستوو نیە، بە پێی سەردەم سیاسەت و چالاکی خۆی دادەرێژێ و ئاڵووگۆر لە سیاسەت و پێکهاتەی خۆیدا دەکات.
ئەگەر چیی لە سەرەتاوە ئافرەت لە سازماندا لەباری سیاسییەوە دەورێکی بەرچاو و کارایان نەبوو، بەڵام ئێستا چەند ئافرەت لە سەرکردایەتی سازماندا بریار بە دەستن ، ئەندامی ناوەندی سازمانەکەن و زۆر چالاکانە ئەرکەکانی سازمان ڕادەپەرێنن، دەورەی راهینانی سیاسی و نیزامییان پێدەکرێ و لە گەڵ براکانیان لە هەموو ئەرکێکی پێشمەرگایەتیدا یەکسان و بەشدارن. نمونەی ئالوگۆری بنەرەتی لە ئەساسنامە و بیروباوەری سازماندا کراوە کە سازمانێکی نەتەوایەتی و ئیسلامی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە گۆرا بۆ سازمانێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، سازمانی خەبات کە پێشتر لە رێکخراوی لاوان و رێکخراوی ئافرەتان بێبەش بوو، وا ئێستا رێکخراوی ئافرەتانی زۆر چالاکی هەیە، هەروەها رێکخراوی لاوانیشی هەیە و بە هەمانشێوە زۆر چالاکن و زۆر ئورگانی دیکەشیان دامەزراندووە ، ئەمانە نیشانەی پێشکەوتنی سازمان و کاریزمەیی و لێهاتویی سکرتێری ئەو سازمانە و ئەندامەکانیەتی، سازمانی خەبات رێکخراوێکی سەربەخۆ و دوورە لە هەرجۆرە وابەستەیی و پاشکۆیی وڵات یا لایەنێک ، سیاسەتێکی نەگۆر و رون پەیرەو دەکات دژ بە رژیمی ئێران، چونکە سازمانی خەبات ساخ بۆتەوە و دەزانێ کە ئەم رژێمە نە بۆئەوە دەبێ لەگەڵی بحەوێتەوە و نە بۆ ئەوە دەبێ کە باوەری پێبکەی، بۆیە روخانی رژیم و تەفروتونابونی ئەم رژێمە بە باشترین چارەسەر دەزانێ بۆ پرسی کورد و گەلانی دیکەی ئێران ، لەبەر ئەوەی هەتا رژیمی ویلایتی فەقیە بەم بیروباوەرە دواکەوتووەیەوە لە ئێراندا دەسەڵاتدار بێ نە ئێران هیچکات سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێ و نە نەتەوەکانی ئەو وەلاتە دەتوانن بە ئاسودەیی ژیان بکەن و مافەکانیان بەردەوام پێخوست دەکرێ، لە سەروی ئەمانەشەوە رژیمی ئێران بە خەتەرێک دەزانین بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت رۆژئاوا چاوپۆشی نەکەن لەو کارە قێزەونانەی رژیمی ئێران دەیکات دژ بە مرۆڤایەتی کە پێچەوانەی بنەماکانی خۆیانە. هەرچەند هەمولایک دەزانن کە رژیمی ویلایەتی فەقیە بە هەموو جۆرێک پشتیوانی تیرۆرە و دەست ناپارێزن لە تیرۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بۆیە دەبێ لەناوبردنی ئەم ماکەی ئاژاوەو بشێویە وەک ئەرکێکی گشتی سەیر بکرێ و هەموو لایەک پێکەوە هنگاوی بۆ هەڵگرن.
دیسانەوە بەبۆنەی 5ی خەرمانان پیرۆزبایی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم کە جگەرگۆشەکانیان کردۆتە کۆچی قوربان بۆ گەڵ و نیشتیمانەکەیان، هەروەها بەم بۆنە پیرۆز و مێژوویەوە پیرۆزبایی دەکەم لە بەندکراوانی سیاسی، لە خوشک و برایانم لە سازمانی خەبات، لەو پێشمەرگە کەم ئەندامانەی سازمان کە ئەندامێکی جەستەیان لە پێناو خزمەت بە ئامانجەکانی سازمان و نەتەوەکەمان لە دەست داوە، و بە گشتی پیرۆزبایی لە جەماوەری کوردستان بە تایبەت ئەو کەسانەی رەنج و کوێرەوەری زۆریان لە گەڵ پێشمەرگەدا کێشا و یارمەتیدەرمانبون لە رۆژە سەختەکاندا .
بروخێ و تەفروتونابێ رژیمی ویلایەتی فەقیە
سەرکەوتو بێ شۆرشی رەوای گەلی کوردستان.