مانگرتنی گشتی لەو شارە بەردەوامە و دوکان و بازار بە گشتی داخراون و دەوری فەرمانداری رژیم بە هێز تەنراوە
بەپێی هەواڵی گەیشتوو، مانگرتنی گشتی لەو شارە بەردەوامە و دوکان و بازار بە گشتی داخراون و دەوری فەرمانداری رژیم بە هێز تەنراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بەدەستمان گەیشتووە، ئەرۆ چوارشەممە 15ی خەرمانانی 1396، مانگرتنی گشتی لە شاری بانە بەردەوامی هەیە و تێکرای دوکان و بازار داخراون و لە شەقامەکاندا هاتووچۆیەکی زۆر کەم بەدیی دەکرێ، هەروەها رژیم لە دوێنێوە هێزێکی پۆشتەی زۆری هێناوەتە شارەکەو حکومەت نیزامی لە ئارادایە، رێگەکانی هاتۆچۆ بۆ نێو شار بە توندی کونترۆڵ دەکرێ و لێکۆڵینەوە لە هەموو کەس دەکرێ.
هێزەکانی رژیم بەتەواوی دەوری فەرمانداریان تەنیوەو ئەملاولای دەرگای چوونە زوورەوە بۆ فەرمانداری بە ئاسن گیراوە، هێزەکانی رژیم بە ناوشاردا مانۆر لێدەدەن کە فەرمانداری رژیمیشیان لەگەدایە.
شایانی باسە ئەگەری زۆری هەیە جەماوەر بۆ جارێکی دیکە برژێنەوە شەقامەکان و نارەزایەتی بەرین بەرێوەبەرن، کە ئەمە هێزەکانی رژیمی خستۆتە ترس و دڵڕاوکێوە.