بە پێی دواترین سەرژمێرییەکانی بانکی جیهانی لەبارەی ئابووری ئێران لە ساڵی 2015، ئێران بە دابەزینی ئاستی گەشەی ئابووری، دابەزینی پشک لە ئابوری جیهانی ، کەمبوونەوەی سەرمایەدانان و داهاتی نەتەوەیی، دابەزینی داهات و تێچووەکانی دەوڵەت و هەروەها خەراپتر بوونی هەل و مەرجی بێکاری رووبەروو بووە. بە پێی راپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتی پووڵ بارودۆخی کار دروست کردن و کاردۆزینەوە لە ئێران خەراپتر بووە، بە جۆرێک کە باس لە بێکاریی بە چرکە سات دەکرێ و باس لە بێکار بوونی 300 کەس لە ماوەی تەنیا یەک سەعات دەکرێ. بە پێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی حکوومەت، ئێران میلیۆنان هێزی کاری دامەزراوی هەیە و چەندین میلیۆنیش بێکار. بارودۆخی رێکەوتننامەکانی کار، نالەبار و تووشی شێواوی بووە و دەورەی هاوکارییەکانی کرێکاران و خاوەن کارەکان بە لانی کەم بە مانگێک و 29 رۆژ گەیشتووە. زۆرێک بە بێ هۆکار هێزی کاریان دەردەکەن و زۆر ئاگایان لەوەیە کە هەل و مەرجی رێکەوتننامەکانی کار دژی خۆیان نەبێ، تەنانەت ئەگەر مافەکانی بەرانبەریشی پێخۆست بکرێ. ئەو هەل و مەرجە دەریدەخات بازاری کاری ئێران تووشی کێشەی زۆر جیددی بووە و رەوتی هاتن و دەرکردنی هێزی کار تێیدا بە رێک و پێکی بەرێوە ناچێ.
کارناسان دەڵین، کەشی کار بە جۆرێکی لێهاتووە کە سەرمایەدانەران وایان پێباشترە تەنانەت بە بوونی چەندین ساڵ چالاکی و کاری بەردەوام هێزی کاریان بە شێوەی کاتی و ئامادە بە دەرکردن راکێشن و رابگرن. پێشتریش وەزیری کاری دەوڵەتی روحانی سەبارەت بە هاتنی سوونامی بێکاری بە بوونی 6 میلیۆن بێکاری نوێ وریایی دابوو، لەبەرئەوەی کە خوێندکارانی ئێستا کە 4.5 میلیۆن کەس دەبن دێنە ناو بازار و بە بوونی دارووخانی قووڵی کەرتی ئابووری لە ئێستا دا، دەرفەتی راکێشانی تەنانەت یەک لەسەر 20ی ئەو کەسانە بوونی نییە.
لە کاتێکدا سوونامی بێکاری بە رێوەیە کە کرێکاری ئێرانی لە خوارووی ریزبەندییەکانی جیهانی سەبارەت بە مافەکان دایە و تێچووی هێزی کار لە ئێران بۆ خاوەنکارەکان 10 لەسەد و لە جیهاندا لە نێوان 50 بۆ 60 لەسەدی قازانجی بەرهەمەکانیەتی. هەر لەبەر ئەوەش مافی کرێکار لە ئێران لەچاو زۆرێک لە وەلاتانی جیهان هیچ شتێک نییە، کەوایە دەبێ لە رێگەی داواکاریی هەرزانی هێزی کار بە ئاسانی سەرمایەدانان بکرێ. بە پێی سەرژمێرییەکان مافی کرێکارانی ئێرانی لە پلەی 138ی جیهاندایە. هەروەها پلەی ئێران لە دەرکردن و وەرگرتنی هێزی کار لە نێوان 148 وەلاتی جیهان لە پلەی 104 و سەبارەت بە حەقدەستیش لە پلەی 138 دایە. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ناوخۆ لە پێوەند بە بەشی پیشەسازیی باس لە گەشەی مەنفی دوو لەسەدی بۆ بەشی پیشەسازیی و 6 لەسەدی بۆ بەشی کانگاکان لە وەرزی بەهار دەکرێ. سەدان ناوەندی ئابووری لەماوەی 2 ساڵی رابردوو داخراون، سەدان ناوەندی بەرهەمهێنان تەنیا بە یەک شیفت و کەمتر کار دەکەن. ئازارەکانی بێکاری رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر تەنگی بە لاوان هەڵچنیوە. گەشەی ئابووری بەردەوام لە دابەزین دایە و پەرەسەندنی بەردەوام شەپۆلی بێکاری لە ئێران بە تایبەتی لە نێوان دەرچووانی خوێندن دەرخەری ئەو راستیەیە. بێگومان گەشەی مەنفی لە کەرتی پیشەسازیی و نەبوونی هیچ گەشەیێکی ئابووری کە لە میدیاکانی خودی رژیمەوە بڵاو دەکرێتەوە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی قەیرانی بێکارییە . ئەو دۆخە کارەساتاوییە لە کاتێکدایە کە روحانی ساڵی رابردوو لە مەشهەد ووتی: ئێمە بەڵینتان پێدەدەین کە بەسەر ئەو دابەزینە دا لە کەرتی ئابووری زاڵ دەبین و ئێمە گەلاڵەی پێویستمان بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە ئامادەکردووە و پێش کەشی مەجلیسمان کردووە و ئەمرۆ لە لای گۆڕی ئیمامی هەشتەم رایدەگەێنم کە بە خۆشیەوە ئێمە لە دابەزین تێپەریوین. لەهەمانکاتدا چەندین بەرپرسی تری رژیم ئەو درۆیەیان دووپاتە کردۆتەوە پێویستە ئەو پرسیارە بکرێ کە ئایا بەراستی بە بوونی ئەو رێژە سەرسوورهێنەرەی حەشیمەتی بێکار لە قۆناغی دابەزین تێپەریون؟ هەڵبەت هەر ماوەێک لەمەوپێش 4 وەزیری دەوڵەتی رۆحانی لە نامەیێکی ئاگادارکەرەوە دا درۆکانی رۆحانی و دەوڵەتیان ئاشکرا کرد و باسیان لەوە کرد کە بەردەوامی ئەو دۆخە قەیرانی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە. زۆر روون و ئاشکرایە کە بارودۆخی نالەباری ئابووری لە هەل و مەرجی ئێستا و یەک لەوان قەیرانی بێکاری و چارەسەر نەبوونی بابەتی کار، لە پلەی یەکەم دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتداریەتی ئاخوندان و بێگومان هیچ دەوڵەت و کادرێکی ئەو نیزامە ناتوانێ کێشە و قەیرانەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەو نیزامە دا چارەسەر بکات . لەبەرئەوەی کە بەرهەمهێنەران و کاردروست کەرانی راستەقینە لە ئێران لە ژێر فشاری دوو دەوڵەتی تاڵانچی پشتیان چەماوەتەوە. یەکیان دەوڵەتی رەسمی بە بردنەسەرەوەی نزیک بە دووبەرانبەری ماڵیات و گرانی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتی وەک ئاو و برق و گاز و سووتەمەنی و لابردنی یارانەکان و وەرگرتنی سوودی سەرسوورهێنەری بانکەکانی دەوڵەتی لە بەرهەمهێنەران کە هەمووی ئەوانە بۆتە هۆی پەرەسەندنی لەرادەبەدەری بەرهەمهێنان. لەگەڵ ئەوەشدا هێنانەناوەوەی سەرسوورهێنەری کەل و پەل و بەرهەمە دەرکیەکان لە لایەن دەوڵەتەوە پشتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی شکاندووە. لە لایێکی دیکەوە دەوڵەتی نارەسمی بەلام گەورەتر لە دەوڵەتی رەسمی کە سەرقاڵی دزینی سەرمایەی خەڵک و لەناوبردنی بەرهەمی ناوخۆیە، سوپای پاسدارانە. سپای پاسداران بە بوونی هەزاران دامەزراوەی ماڵی نایاسایی و قازانجی سەرسوورهێنەر لەرێگەی شیرکەتە گەورەکانی سەر بە ماڵی خامنەیی و بە بوونی سەدان بەندەری تایبەت کە ساڵانە نزیک بە 40 میلیارد دۆلار کەل و پەلی قاچاخ دێننە ناو ئێران بۆتە خۆرکەی کەرتی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنەرانی راستەقینە. راستیەکەی ئەوەیە کە بە بوونی ئەو دۆخە جێگەیێک بۆ سەربەرزکردنەوەی بەرهەمهێنەری ناوخۆیی و کارخوڵقێنەران نامێنێتەوە. لە ئەنجامی خوێنمژینی ئەو دوو دەوڵەتە شتێک جگە لە لەناوچوونی پیشەسازیی ناوخۆیی و پێکهێنانی ئەرتەشێکی گەورەی بێکاران کە بەردەوام سەرژمێرییەکانی زۆرتر دەبێ بەرهەم نایەت. هەر لەبەر ئەوەش بە حەقیقەت رێگەچارەیێکی تر بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، بێجگە لە رووخانی ئەو نیزامە بە تەواوی باڵ و لاباڵە دز و جەردەکانی نامێنێتەوە.