شەهیدان سەروەرانی گەڵن و ئازیزترین و پیرۆزترین بەها و داهاتی شۆڕش و کوردایەتین. پلەی شەهید هێندەی نرخەکەی کە گیان و روحە گەورە و بەرزە و
کامیل نوورانی فەرد
شەهیدان سەروەرانی گەڵن و ئازیزترین و پیرۆزترین بەها و داهاتی شۆڕش و کوردایەتین. پلەی شەهید هێندەی نرخەکەی کە گیان و روحە گەورە و بەرزە و هەموو ئەوانەی لە ریزی شەهیدانمانن یەک لە یەک ئازیزتر و بەنرختر و پیرۆزترن.
هێندێک لە شەهیدانمان هەزاران چیرۆکی نەوتراویان پێیە و هەڵگری گەورەترین پەیامی ئەخلاقی و مەعنەوین و دەبنە ناسنامە و شوناس بۆ گەل و ئەو شوێنەی خەباتیان تێدا کردوە.
شەهید عەبدولکەریمی سەرکردە و فەرماندەی لێوەشاوەیی ریزەکانی سازمانی خەبات، ئەو شەهیدە هەرگیز نەمرەیە کەهەم بۆ گەل و هەم بۆ هاورێ و هاوسەنگەرانی بوو بە ناسنامە و شوناس و مایەی سەربەرزی و پاڵنەر و هاندەر بۆ گەیاندنی کەسایەتی شۆڕشگیرانەمان بۆ ئەوپەری خونەویستی و لوتکەی فیداکاریی.
شەهید عەبدولکەریم کورە گەورەی مامۆستا شیخ جەلالی مەزن، گەورە رێبەری نەتەوەیی و دامەزرێنەری سازمانی خەبات بوو کە چیرۆکی قارەمانەتی و لێهاتووییەکەی ناوچە بە ناوچە و شار بە شار لە نێو کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش دەگەڕا.
شەهید عەبدولکەریم لەگەڵ یەکەم بانگەوازی راگەیاندنی بوونی خەبات چەکی مەردایەتی و پێشمەرگایەتی لە شان کرد و بەو پەڕی لیهاتوویی و خۆنەویستیەوە وەک پێشمەرگەیێکی قارەمان لەسەر خەبات بەردەوام بوو و بوو بە فەرماندە و سەرکردەیێک کە دژمنی درندەی بە چۆکدا هێناو سەنەدی وەفاداریی و باوەری خوی بە خەبات بە خوێنی سووری خوی واژوو کرد و وانەی خونەویستی و سەداقەت و مەردایەتی بۆ هاورێ و هاورێبازانی بە جێ هێشت.
مامۆستای نەمر هەمیشە دەیفەرموو ئەو شەڕانەی کە کورەکانی خۆمی تێدا نەبووبێ من زیاتر نیگەران و دڵەکوتەم هەبووە و خەمی شەهیدبوونی پێشمەرگەم زۆرتر بووە. ئەوە راز و نەهێنی گرێدانی پێوەندی دڵ و هەستەکانە و نیشاندانی ئەو ئاستە لە سداقەتی پەیام تا ئاستی جگەرگۆشە بەخشین کە لوتکەی بەخشەندییە و لەسەرووی خۆبەخشینیشەوەیە، بێگومان رێژە و واتای باوەر و فیداکاریی و راستگۆیی بەرزدەکاتەوە و رەهەندێکی سەروو پێوەرە باوەکانی سەر زەوی پێدەبەخشێ.
مخابن، لەدوای تۆمار کردنی دەیان قارەمانەتی کەم وێنە لە بەرەکانی شەڕی چەکداری لەبەرانبەر دەسەڵاتی ئاخوندی لەگەڵ دوو هاورێی قارەمانی تری بە ناوەکانی شەهید خەلیل پاشایی و شەهید ساڵح رەسولی لە 21ی خەرمانانی 1366 تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێ، بەڵام بۆ هەتا هەتایە بوو بە رەمزی سداقەت و پاکی و شۆڕشگیریی و خونەویستی ئەو تەشکیلاتەی مامۆستا سەیید جەلال دایمەزراند.
هەزاران سلاو لە روحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بە تایبەتی شەهید سەیید عەبدولکەریمی حسینی فەرماندە و سەرکردەی بەوەجی خەبات و دوو هاورێی ئازیزی شەهیدان خەلیل پاشایی و ساڵح رەسولی.