شەوی سێشەممە 9ی خەزەڵوەری 1396، لە شەقامی مۆرای نیویۆرکدا هێرشبەرێک بە ماشین خۆی کرد بە نێو پیادەرەوەکاندا، لە ئەنجامدا هەشت کەس کوژران و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکە "تیرۆریستییە".
پۆلیسی نیویۆرک لە شوێنی رووداوەکە هێرشکارەکەی بە برینداری دەستگیرکرد، دوای لێکۆڵینەوەکان توانی ناسنامەکەی ئاشکرابکات.
بەگوتەی پۆلیسی نیویۆرک، هێرشکارەکە ناوی "سایفوڵۆ سایپۆڤ"ـە، تەمەنی 29 ساڵە و لە ساڵی 2010ـەوە لە ئۆزبەکستانەوە چووەتە ئەمریکا.
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هێرشکارەکە ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆمپانیایەکی بەکرێدانی ئۆتۆمبێل وەرگرتووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا رووداوەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبرد و پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارنی هێرشەکە خواست.