دووشه‌مه‌‌ 

28 جۆزه‌ردان2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 2ی بەفرانباری 1394)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 2ی بەفرانباری 1394)
سازمانی خەبات

دیواری خۆشەویستی لەرۆژهەڵاتی کوردستان

لەدەسپێکی وەرزی سەرمای ئەمساڵەوە کەمپەینێک بە ناوی دیواری خۆشەویستی لە ‌شارو ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، کە تیایدا چالاکانی کۆمەڵایەتی داوایان لە هاوڵاتیان دەکرد ئەو جلانەی کە پێویستیان پێ نیە ولە ماڵەوە فڕێیان داون لە شوێنە دیاری کراوەکانی شار لە سەردیوارێک هەڵبواسن تا هەژاران و ئەو کەسانەی کە لە وەرزی سەرمادا پێویستیان پێیە کەڵکی لێ وەربگرن. ئەم کەمپەینە بە ‌شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی‌ گرتەوە، لە ‌هەرشارێک لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هاوڵاتیان ئاگادار دەکرانەوە،  بەنوسینی ڕەستەیەکی ساکار، بەڵام پڕمانا وەکوو(پێویستت نیە دایبنێ‌ وپیویستت پێیە هەڵیبگرە)لە سەردیواری شوێنی دیاری کراو لە ‌گەڵ پێشوازی بەرچاوی هاوڵاتیان بەرەو ڕوو بوەوە."ژنێکی سی ساڵان بەناوی شەرمین، کە بەشداری‌ کەمپینەکە بوو  بەخەندانی ڕاگەیاند: "ئەم جلانە ی کە هێناومن 4 ساڵە لەماڵەوە فڕەم داون وهیچ کەڵکێکی نیە ئەگەر کەسێک پێویستی پێیە باکەڵکی لێ وەرگرێت".چیمەن ژنێکی50ساڵانە کەخاوەنی 4منداڵ وکرێچیە دەڵێت: "بەڕاستی دەسخۆشی دەکەم لەبەڕێوەبەرانی ئەم جوڵانەوەیە من نەم دەتوانی بۆمنداڵەکانم جلی گەرم وپێویست  بکڕم بەهۆیی کەم داهاتیمانەوە، بەڵام لێرە ئەو جلانەمان بەخۆڕای دەسکەوت".

 
هاووڵاتییەکی مەسیحی لە مەهاباد دەستبەسەر کرا

هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران هاووڵاتییەکی کوردیان لەشاری مەهاباد دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازتیانەوە.بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتیەکی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی " گۆڕینی دین و پێڕەوی کردن لە ئایینی مەسیحی" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەرە کرا.شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە سامان ڕەحمانی ڕاگەیەندراوە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەز دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.هەوال ئەو هاووڵاتییە کوردە لە دوو ساڵ پێشەوە بووەتە مەسیحی و لەبەرەبەرەی ڕۆژی لەدایکبوونی عیسای مەسیح و جێژنی کریسمەس دەستبەسەر کراوە.لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە : سامان کوڕی یەکێک لە مامۆستایانی بەناوبانگی شاری مەهابادە و باوکیشی ئەو کارەی بە کوفر لەقەڵەم داوە.هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ هەواڵێک لە سەر شوینی ڕاگیرانی سامان ڕەحمانی لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی نادیارە.


بەڕووی زێرین پێشکەش به هونەرمەندی ئیلامی کرا

هونەرمەندێکی شاری ئیلام خەڵاتی تایبەت بە ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە مەریوانی بردەوە.شەوی ڕابردوو لە مەریوان، چوارەمین ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی-هونەری ڤەژین بەڕێوە چوو.لەو بۆنەیەدا کە سەرلە ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ ی سەرماوەز لە هۆڵی سینما "کوردستان" ڕێکخرابوو، عەلی‌دووست فەلاحەتی وەک براوەی ئەو خەڵاتە دیاری کرا.ناوبراو کە تەمەنی ٨٥ ساڵ دەبێ زیاتر لە ٥٠  ساڵەیشە کە خەریکی ژەنینی ئامێری دووزەلەیە و ئێستا خانەنشینکراوی ئیدارەی ژینگەی شاری ئیلامە.لە دوو ساڵی ڕابردووشدا ئەو خەڵاتە پێشکەشی هادی زیائەدینی و جەلال مەلەکشا کرابوو.شەوی یەڵدا یەکەم شەوی وەرزی زستان و درێژترین شەوی ساڵە کە بۆنەیەکی ئوستوورەیی و کەوناریی نێوان گەل و نەتەوەکانی رۆژهەڵات و بەتایبەتی لە ئێران و ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانە کە لە هەر ناوچەیەکدا بەپێی نەریتی خۆیان یادی شەوی یەلدا دەکەنەوە.

 
مێرمنداڵێکی کورد لە مەلە کردندا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا

مێرمنداڵێکی کورد لە کێبڕکێی مەلەکردن لە چوارچێوەیسێزدەهەمین کۆبوونەوەی وەرزشی ئۆلەمپیک تایبەت بەئێرانتوانی پلەی یەکەم بە دەست بێنێت.بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی "شاهۆ محەممەدی" خەڵکی شاری مەهاباد کە لە سێزدەهەمین کۆبوونەوەی ئۆلەمپیک تایبەت بە ئێران بەشداری کردبوو توانی لە بەشی وەرزشی مەلە کردندوو میداڵی زێڕ و زێو بەدەستبێنێت.شاهۆ محەممەدی توانی لە بەشی کراڵی سینگ پلە یەکەم و هەروەها لە بەشی بۆقە مەڵە پلەی سێهەمی ئەو کێبڕکێیە بە دەست بێنێ.سێزدەهەمین کۆبوونەوەی وەرزشی ئۆلەمپیک تایبەت بەئێران لە نێو مێرمنداڵانی تەمەن ١٠  هەتا ١٥ ساڵان لە چوار ماددەی کڕاڵی سینگ و پشت، بۆقە مەلە و پەپوولە مەلە لە نێوان ١٢٠  منداڵدا لە ساڵونی کەوسەری تاران بەڕێوەچوو.شاهومحەممەدی سەرەڕای کەم ئەندامبوونی زەینی، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە ژێری چاوەدێری سەلاحی مازووچی دەستی کردوە بە ڕاهێنانی مەلە کردن و کەمئەندامیەتییەکی نەبووەتە هۆکاری ئەوەی لە بواری وەرزشیەوە چالاکی نەکات.شاهۆمحەممەدی تەنیا مەلەوانی کوردە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەو کێبڕکێیە بەشداری کردبوو.


خۆی: 11 خوێندکار تووشی گازگرتوویی بوون

 

رۆژی شەممە رێکەوتی 20/12/2015 لە شاری خۆی ١١ خوێندکاری زانکۆ لە “خەوتنگەی پەروین ئێعتسامی” تووشی   گازگرتوویی بوون و ڕەوانەی ئوژانسی ئەو شارە کران.بە وتەی “مەحمود حەسەن پوور” جێگری تۆری بێهداشت و دەرمانی شاری خۆی 8 کەسیان چارەسەری خێرایان بۆ کراوە و 3 کەسی دیکەش چاودێری وردیان بۆ کراوە و دواتر رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە و هۆکاری گازگرتووی ئەم خوێندکارانە دەگەرێننەوە بۆ تەشەنە کردنی گازی “مۆنۆ ئۆکسیدی کەربۆن”.جێگەی ئاماژەیە لەو خەوتنگە 15 خوێندکاری کچ دەژی.

 
نەغەدە: ژنێک کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا

ژنێک لە شاری نەغەدە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا.ڕیکەوتی 21812/2015 لە شاری نەغەدە “مینا” ژنی “حسەین فەرەجی” بە هۆی کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتییەوە بە تەناف خۆیی هەڵواسی و گیانی  دا.بە پێی ئامارەکان کێشەی کۆمەڵایەتی هۆکاری زۆربەی خۆکوژیەکانه له رۆژهەڵاتی کوردستان و له چەند ساڵێ ڕابردوودا ئەم دیاردە به شێوەی بەرچاو له ناو بنەماڵەدا پەرەی سەندووه.جێگەی ئاماژەیە، لایەنه پێوەندیدارەکان هیچ پلان‌و پرۆژەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە و هەوڵی کەمکردنەوەی ئەم دیاردە نەخستووەته ڕوو، بۆیه خۆکۆشتن وەک قەیرانێکی جدی هەڕەشه له ژیانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات دەکات.



جان کێری کڵاوی ناوەتە سەر زەریف

دوابەدوای واژۆکردنی یاسای بەرتەسک کردنەوەی هاتوچۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە سەردانی وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریە و سوومالی دەکەن، لە نێوخۆی ئیراندا دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بوویەوە کە ئەم کردەوەی ئەمریکا، دژایەتییە لەگەڵ ڕێککەوتننامەی ناوکیی نێوان ڕۆژئاوا و ڕێژیمی کۆما ئێران.موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ئێران، لە وەڵامدانەوەی ئەم ناڕەزایەتییانه‏دا‌ ڕایگەیاند که،‌ جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی بۆ نووسیوە و دڵنیای کردووەتەوە کە ئێران شموولی ئەو یاسایە ناکات و ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین تا نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی ناوکی، بەشێوەیەکی باش بەڕێوە ببەین. بۆیە وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕاگەیەنەکانی ڕاگەیاندبوو کە ئەم نامه‏یە‌ی جان کێری بە تەواوی دڵنیامان دەکاتەوە کە ئەمریکا فێڵ لە ئێران ناکات.ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژنامەی جەوان سەر بە سوپای پاسداران، بە ئاشکرا دەنووسێ کە جان کێری درۆی لەگەڵ زەریف کردووە و کڵاوی کردووەتە سەری. چوونکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توانایدا نییە یاسا پەسەند کراوەکان لە کونگرە، کە بە واژۆی سەرۆک کۆماری ئەمریکا گەیشتووە پێشێل بکات، یان پێش بە جێبەجێ بوونیان بگرێ.هەر لەم پێوەندییەدا ٢٠  یاسادانەری ئەمریکا لە کۆنگره،‌ نامەیەکیان بۆ جان کێری نووسیوە کە ئەو یاسایە بە هەموو شێوەیەک دەبێ بەڕێوە بچێت و هەرگیز ئێران لەم یاسایە نابوێردرێت. چوونکە پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ڕێککەوتنێکی دوو حیزبی لە نێوان کۆماریخوازەکان و دێموکراتەکانی ئەمریکادا بووە و لە دەسەڵاتی جان کێریدا نیە‌ گاڵتە بە دەسەڵاتی یاسا بکات و هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەیکە ئێران لەم یاسایە مەعاف بکرێت.لە بەشێکی نامەی سێناتۆرەکاندا هاتووە: "هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ ئەوەیکە ئێران لەم یاسایە مەعاف بکرێ بوونی نییه،‌ چوونکە ئەمە یاسایەکی دژە تیرۆریستییە و بەتایبەتی بۆ وڵاتێکی وەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی داڕێژراوە."شایانی باسە کە هەواڵنێریی فارس، سەر بە سوپای پاسدارانی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە کە لە درێژەی گەڵاڵە دژە ئێرانییەکانی کۆنگره،‌ پاش دەسپێکردنی بڵێنەکانی بەرجام، لەم ڕۆژانەی دواییدا، دوو گەڵاڵەی نوێ دژی سوپای پاسداران خراوەتە بەردەستی نوێنەرانی سەنای ئەمریکا.فارس دەنووسێ: "پێش لەمە کاربەدەستانی ئەمریکی گوتبوویان کە بەنیازن پاش ڕێککەوتنامەکە، زەختی خۆیان لەسەر هاوپەیمانانی ناوچەیی ئێران زیاتر بکەن. وادێتە پێش چاو بە دەسپێکردنی هەوڵە بێ‏گەڕانەوەکانی ئێران لە بورای جێبەجێ کردنی نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی ناوکی، سێناریۆی چەک کردنی ئێران لە بوارەکانی دیکەشدا دەستی پێ‏ کردبێ."یەک لەو دوو گەڵاڵەی کە دژی سوپای پاسدارانە لە لایەن "دیۆن بۆنز" ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا خراوەتە بەر دەستی کۆنگره،‌ ئەم گەڵاڵەیە ناوی "یاسای گەمارۆی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران"ـە.گەڵاڵەی "یاسای بەڕێوەبردن و پێداچوونەوە بە گەمارۆکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران"، گەڵاڵەیەکی دیکەیە کە لە لایەن "برێد شێرمەن" ئەندامی دێموکراتی مەجلیسی نوێنەران خراوەتە بەردەستی سێنا.

 
هەدەپە هەوڵی راگرتنی خەندەقلێدان دەدات لە باکوری کوردستان

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، بۆ راگرتنی خەندەقلێدان و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە باکوری کوردستان، هەڵمەتێکی سیاسی دەستپێدەکات بە ناوی هەڵمەتی چارەسەری دیموکراتیک.سایتی ئەلجەزیرەی تورکی، لە زاری بەرپرسێکی هەدەپەوە بڵاوی کردوەتەوە لە کۆبونەوەی رۆژی دوشەمەی رابردوی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی هەدەپەدا، بڕیاردراوە بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سیاسی بە ناوی هەڵمەتی چارەسەری دیموکراتیک.ئەو سەرچاوەیەی هەدەپە ئاماژەی بەوەکردوە کە هەدەپە بڕیارە داوا لە تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر بکات بە مەبەستی راگرتنی خەندەقلێدان و ئاستەنگییەکان و ئەگەر دەسەڵاتدارانی تورکیا وەڵامێکی ئەرێنیان هەبێ  سەبارەت بەو هەوڵەی هەدەپە، ئەوا رەنگە پرسی ئاستەنگ و  بونی خەندەقەکانی کۆڵانەکانی شار و شارۆچکە کوردییەکان کۆتایی پێبهێنرێت. هەدەپە بڕیاریشی داوە لە بواری سیاسیدا داوای خۆبەڕێوەبەریی بکات و ئەو پرسەش بباتە پەرلەمانی تورکیا،  ئەوەش بە ئامانجی چارەسەری سیاسی بۆ رەوشی‌ باکوری‌ کوردستان.


ئەو میوانەی کێش دادەبەزێنن کامانەن؟

هەندێک میوە هەیە رۆژانە خواردنی سودی هەیە، دەبێتە هۆی پێدانی تەندروستیەکی باش و دابەزینی کێشت.ئەڤۆگادۆ یەکێکە لەو میوانەی دەوڵەمەندە بە ترشە چەوری بەسود، کە یارمەتی زیادکردنی ئاستی "تسوستیرون" دەدات کە هۆکارە بۆ دابەزینی کێش.سێو برێکی زۆر پێکهاتەی ریشاڵی تێدایە ، ئەمەش یارمەتی کرداری هەرسی گەدە دەدات، هەروەها سێو دەبێتە هۆی مژینی چەوری بەهۆی پێکهاتەی "پەکتینەوە" هەر بۆیە هەوڵبدە پێش نانخواردنی ئێوارە سێوێک بخۆ،  چونکە رێگە لە دروستبوونی چەوری دەگرێت یان هەر کاتێکی تر ئارەزوو بکەیت بیخۆ .شوتی بەهۆی برێکی زۆر پێکهاتەی ئاوەوە یارمەتی لەش دەدات و ناهێلێت توشی قەبزی ببیت ، هەروەها هاوکارە بۆ دابەزینی کێش و توانەوەی چەوری.هەرمێ یارمەتی کرداری هەرس و دابەزینی کێش دەدات و ناهێلێت قەبز ببیت، بەهۆی برێکی زۆر پێکهاتەی ریشاڵیەوە.قۆخ یارمەتی رێکخستنەوەی کردارەکانی ریخۆڵە دەدات و کێش دادەبەزێنێت.شیللک میوەیەکی بەسودە یارمەتی زیادکردنی بەرهەمی" ئەدیبونکتین" دەدات لەلەشدا، کە بەرپرسە لە توانەوەی چەوری لەش.لیمۆ بەهۆی ئەوەی برێکی زۆر پێکهاتەی ڤیتامین سی و ماددەی ریشاڵی تێدایە، یارمەتی ئاسانکردنی کرداری هەرس دەدات و چەوری دەتوێنێتەوە.گوێزی هیندی کار لە رێژەی گەرمی لەش دەکات و چالاکی لەش خێرا دەکات، هەروەها یارمەتی توانەوەی چەوری دەدات، جگە لەوەی پێکهاتەی چەوری سودبەخش دەدات بەلەش.تێبینی: خواردنی میوە دوای نان خواردن مەترسیدارە و زیانی هەیە، هەوڵبدە 2 کاتژمێر پێش یان پاش نانخواردن بیخۆ.

 


8 ساڵ و 5 مانگ و 24 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و 58 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 2ی بەفرانباری 1394)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 2ی بەفرانباری 1394)

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران