لەدوای ئەوەی تاقمە چەکدارەکانی حوسی موشەکێکی دروستکراوی رژیمی ئێرانیان گرتە عەرەبستان و لە نزیک شاری ڕیاز تەقییەوە، هاوپەیمانی عەرەبی کە عەرەبستان سەرکردایەتی دەکات ڕایگەیاند عەرەبستان لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی کردەوە سەربازییەکانی رژیمی ئێران دەداتەوە.
هاوپەیمانی عەرەبی بۆ پشتگیری شەرعییەت لە یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و گونجاو لە کاتی خۆیدا وەڵامی کردەوەکانی رژیمی ئێران دەدەنەوە.
هاوپەیمانی عەرەبی ڕاشیگەیاندووە، عەرەبستان مافی ئەوەی هەیە تەواوی ڕێکارەکان بگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و پاراستنی خاک و خەڵکەکەی لە دژی ئەو گروپە چەکدارانەی لەلایەن رژیمی ئێرانەوە چەکی بەهێزیان پێدەدرێت بۆ لێدانی سعودییە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی عەرەبی بڕیاریداوە سەرجەم بەندەر و ڕێگای وشکانی و ئاسمانییەکانی یەمەن دابخرێت تا ئەو کاتەی ڕێکارێکی پشکنینی توند دادەنرێت بۆ نەهێشتنی دزەکردنی چەک بۆ حوسییەکان کەلەلایەن رژیمی ئێرانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت.
هاوکات تورکی مالکی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی ڕایگەیاندووە، دوای لێکۆڵینەوە لە پارچەکانی ئەو موشەکە بالیستیکەی کە لە نزیک ڕیاز تەقییەوە دەرکەوتووە موشەکەکە ئێرانییە و حوسییەکان ناتوانن دروستیکەن و ئەم کردەوەش به ڕوونی دژایەتی و پێشێلکردنی یاسا نێو دەوڵەتییەکانە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە.
ئەمەش لەدوای ئەوە هات دوو ڕۆژ لەمەو پێش حوسییەکان موشەکێکی دورهاوێژییان گرتە شاری ڕیازی پایتەختی سعودییە و پێش گەیشتنی بە شارەکە موشەکەکە لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتەوە تەقێندرایەوە و زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.
ئەم ڕووداوەش کاریگەرییەکی خراپی لە سەر توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان رژیمی ئێران و عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو هەبووە و چاوەڕێ دەکرێت کاردانەوەی زیاتر بکەن.