تا ئێستا زیاتر لە 328 کەس لە خەڵکی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و سەلاسی باوەجانی و داڵاهۆ گیانیان داوە و زیاتر لە 2530 کەسیش بریندار بوون
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریەکانی رژیم، بەهۆی بوومەلەرزە بێ پێشوونەکەی شەوی رابردوو تا ئێستا زیاتر لە 328 کەس لە خەڵکی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و سەلاسی باوەجانی و داڵاهۆ گیانیان داوە و زیاتر لە 2530 کەسیش بریندار بوون. بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکە لە سەرپێڵی زەهاو زیاتر لە 236 کەس، جوانرۆ 3کەس، کرماشان 10 کەس، داڵاهۆ 14 کەس، سەڵاسی باوەجانی 15 کەس و ئیسلام ئابادی غەرب 22 کەس و قەسری شیرین 28 کەس گیانیان داوە.
هەروەها دەیان دێی ئەو ناوچانە دارووخاون و ژمارەیەکی زۆر لە دێهاتی ئەو ناوچانەی بوومەلەزەکەی تێدا رووی داوە لە ژێر دارو پەردوودا ماوونەتەوە.
بەرێوەبەری قەیران لە ئوستانداری رژیم لە کرماشان رایگەیاند کە لەو پارێزگایەدا 210 کەس کوژراون. ئاسەوارە مێژوویەکانی کرماشان زیانیان بینیوە. بە هۆی بولەرزەی شەوی رابردوو 5 ئاسەواری مێژوویی لە سێ شاری قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ زیانیان وێ کەوتووە.
شەوی یەکشەممە 21ی خەزەڵوەری 1396 بوولەرزەیەک بە بەهێزی 7.2 دەیەمی ریشتێر لە پارێزگای کرماشان رووی دا کە زۆربەی ناوچە و شارەکانی کوردستانی لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچەی دیکەی عێراقی لەرزاندووە و زۆرترین زیانی لە هەرێمی کوردستان لە شاری دەربەندیخان بووە.
ئەگەری زۆرە ئاماری قوربانیانی ئەو بوولەرزەیە بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان بەرز بێتەوە چوونکە تا ئێستا ئەگەری مانەوەی خەڵک لە ژێر ماڵە رووخاوەکاندا زۆرە.