بەپێی راپۆرتەکان تا ئێستا ئاماری کوژران و برینداری بوومەلەرزەکان لە بەرزبوونەوەدایە و تا ئێستا ئامارەکان کوژرانی 470 و بریندار بوونی 7150 کەس پشتراست دەکەنەوە.
بەپێی راپۆرتەکان تا ئێستا ئاماری کوژران و برینداری بوومەلەرزەکان لە بەرزبوونەوەدایە و تا ئێستا ئامارەکان کوژرانی 470 و بریندار بوونی 7150 کەس پشتراست دەکەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوی رێکخراوی پزیشکی قانوونی و وەزارەتی تەندروستی رژیم، هەتا سەعات 21ی شەوی دوو شەممە 22ی جۆزەردان لە کارەساتی بوومەلەرزە کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان 470 کەس گیانیان لەدەست داوەو زیاتر لە 7150 کەس بریندار بوون و زیاتر لە 12 هەزار خانوو داروخاون.
راگەیاندنی ئەو جۆرە ئامارانە لەلایەن دامودەزگاکانی رژیمەوە لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە دێهاتەکان روخاون و هیچ لایەنێکی پێوەندیدار بە دەمیانەوە نەچوون و جارێ ئەو ئامارانەی بڵاو دەکرێنەوە ئاماری کۆتایی نین و وێدەچێ ئامارەکان زۆر لەوە زیاتر بن. هەروەها دەگوترێ بەشێکی زۆر لەوانەی گیانیان لەدەست داوە لەلایەن کەس و کاریانەوە پێش ئەوەی ناویان لە مانگی سوور تۆمار بکرێ بە خاکسپێراون بۆیە مەزەندە ئەوە دەکرێ ئاماری کوژراوانی کارەساتی بوومەلەرزەکە زیاتر لە 1000 کەس بێ تا ئێستا.
لە هەمانکاتدا خەڵکی ئەو ناوچانەی بوومەلەرزەکەی تێدا رووی داوەو خانووەکانیان روخاوە لە بەدەمەوە نەچوون و کەمتەرخەمی دامودەزگاکانی رژیم نارازین و دەڵێن رژیم بە ئانقەست خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ پشت گوێ دەخات و بە دەمیانەوە ناچێ و لێرەو لەوێش باس لەوە دەکرێ هێزەکانی سپای تیرۆریستی و جەردەی پاسدارانی رژیم بە جێی بە دەمەوە چوونی زیان دیتووان، لە ماڵە داروخاوەکاندا بۆ پووڵ و زێری هاونیشتمانیانی کورد دەگەڕێن.
شایانی باسە شەوی یەکشەممە 21ی جۆزەردانی 1396 بوومەلەرزەیەک بە بەهێزی 7.3 رێشتێر ناوچەکانی کوردستانی لە کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە لەرزاند و لە پارێزگای کرماشان و دەربەندیخان زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێکەوتەوە.
بەو بۆنەوە کاک بابەشێخی حوسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا هاوخەمی لەگەڵ کەس و کاری قوربانیان دەربری و داوای شیفا و چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و داوای لە خەڵکی کوردستان کرد بە دەم زیان لێکەوتووان لە پارێزگای کرماشان بچن.