...مرۆڤەکان پیرۆزییان بەخشیوە بە سیستەم و نیزامێک تا ئەو کاتەی لە ریبازە سەرەکیەکە لایان داوە و بوونە هۆی هەڵخراندنی بیرورای گشتی بۆ گۆڕینی نیزامی پێشوو و سەرهەڵدانی خرۆشان و شەر لە دژی ئامانجە پێشووەکاندا.
بە واتایێکی تر، زیاتر لەوەی کە سیستەمەکە خاوەنی عەیب و کەم و کوری بووبێ ئەوە زیاتر کاریزما و بەرێوەبەرەکانی سیستەمەکان بوونە کە بە هۆی حەزی دەسەڵاتخوازیی و زێدەخوازیی و بەرچاوتەنگیەکانیان بوونەتە هۆی دزێو کردنی سیستەمەکان. لە مێژوو دا نمونەی زۆر هەن کە قارەمانەکانی پێشوو بوونەتە ملۆزم و دیکتاتۆر و لەدژیان قارەمانی تر لەدایک بوونە. چۆنیەتی پەیرەوی کردنی رێوشوێنەکانی ژیان یان خود دەسەڵات و حکوومەتداری لە لایەن تاکەکانەوە دواجار دەوری یەکلایکەرەوەی هەیە لە سەرکەوتن یان شکستی ئەو بەرنامە و پرۆژە و سیستەمە دا. جیاوازیی نیوان شەر و خێر ، چاکە و خەراپە ، سەختی و فەرەحانی و ...هتد، دەمیکە سنوورەکانی لەلای مرۆڤەکان دیاریی کراوە و شەر و ناکۆکیەکانی سەرانسەری مێژووی مرۆڤایەتی نەگەراوەتەوە بۆ ئەوەی کە مرۆڤەکان بە باشی ئەو چەمکانەیان نەناسیبێ و هەولیان بۆ دۆزینەوەی دابووبێ، بەڵکو هەمیشە کەسێک لەپشت شێواندنی ئەو چەمکانەوە بووە و حەزە مرۆییەکانی زاڵ کردووە بەسەر چەمکەکان و تورەیی و بێزاریی مرۆییەکانی تری بەرز کردۆتەوە و دواجار بۆتە هۆی دارمانی کۆشک و دەسەڵاتەکەی.
بە واتایێکی تر ئەوەندەی هەڵەی مرۆڤەکان کاریگەرییان هەبووە کەمتر وابووە سیستەم و بەرنامەکان کێشەی سەرەکی بووبن، بەشێکی بەرچاو لە نیزام و سیستەم و بەرنامەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەکرێ بە جۆرێک بڵیین خاوەنی زۆر رەهەندی باش و بە قازانج بۆ کۆمەڵگا بوونە ، بەڵام وەک خۆی کار پێنەکردنی کێشەی دروست کردووە و هەر ئەو هۆکارەش بۆتە هۆی ئەوەی زیاتر سیستەم و بەرنامەکان بکەونە بەر ئامانج و ئەو روانینە دروست بێ کە ئیتر سەردەمی ئەو بەرنامە و سیستەمە بەسەر چووە.هەر ئەو هۆکارەش بۆتە هۆی ئەوەی کە کاری سەرەکی توێژەران و بیرمەندان زیاتر بیر لەبەربەست کردنەوەی سنووری تاکەکان بکەنەوە و بە جۆرێک حەزە خەراپەکانی مرۆڤ بە سروشتی زاندراوە و ویستراوە لە رێگەی بەرنامەیێک رێبەر یان حاکم و دەسەڵاتدار ببەسترێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانێ بە خەراپ دەسەڵات و هێزەکەی بە کار بێنێ.
بەو حاڵەش لەگەڵ هەموو پێش کەوتن و گەشەسەندەکانی مرۆڤ ئەو کێشەیە بە تەواوی بنەبڕ نەکراوە و هەمدیسان مرۆڤایەتی بە دەست تاکە زێدەخواز و بەرزەفرەکانەوە دەناڵێنێ و بەهەموو دار و لەلەکانیشەوە رێگەکانی لادان لە ریباز و بەرنامەکان نەبەستراوە و مرۆڤ توانیویەتی رێگەی قەڵەمباز دان بە سەریان بدۆزێتەوە.
جیهانی ئێمە پێویستی بە مرۆڤە سادق و راستگۆیەکانە و ئەوانەی لە پێناو هیچ بەرژوەندییەکی تایبەت خەیانەت لە ئەرک و راسپاردەکانیان ناکەن و هەموو هەوڵی خۆیان بۆ بە جێگەیاندنی کار و ئەرکەکانیان دەدەن و ئامادەن قوربانی و تێچووی گەورە بدەن.
لە دونیای پڕ لە ئالۆزیی سیاسەتیش دا ئێمە پێویستیمان بە کەسانی ژیر و راستگۆ لەگەڵ ویژدان و خەڵک هەیە و بە جۆرێکی تر دەکرێ لە کەسەکانەوە قەزاوەت لەسەر بەرنامە و مەنهەج و سیستەمە بانگەشەبۆ کراوەکانیان بکرێ. کەسێک کە بتوانێ لەراست خەڵک راستگۆ نەبێ بێگومان ئەگەر هەڵگری باشترین پەیام و بەرنامەش بێ ئەوە هەمدیسان ناتوانێ ببێتە مایەی خوشحاڵی و بروا پێکردن، چوونکە هەمیشە زەرفیەتی لادان لەو بەرنامە جوانە و رێک و پێکەی هەیە. بە پێچەوانەوە مرۆڤە راستگۆکان ئەگەر بەرنامەشیان بێ کەم و کووری نەبێ ئەوە دەکرێ هیوایێک هەبێ بەوەی هەڵەی سیستەم و بەرنامەکان چاک بکرێن. بێگومان چاکسازیی بەرنامەیێکی هەڵە لە بەرژوەندیی دایە تا ئەوەی کە بەرنامەیێکی بێ هەڵە بوونی هەبێ بەڵام ئەگەری لادان و جێبەجێ نەکردنی هەبی.
دیارە لەو بوارە و لەناو گەلی کورد دا زۆر بوون ئەو سەرکردانەی بە سادقی و پاکی کاریان کردووە و بە باوەری من مامۆستا سەیید جەلالی حوسێنی دامەزرێنەری سازمانی خەبات یەکێک لەو رێبەرە نمونەیانە بووە کە تا دواساتەکانی ژیانی لە رێبازی سداقەت و راستگۆیی لای نەدا و لەو پێناوەشدا قوربانی و ناخۆشی زۆری بینی.
بە گشتی ئەو یاساییە هەموو رەهەندەکانی ژیانی مرۆڤ و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە هەر پێگە و شوێنێکدا دەگرێتەوە و پێوستە هەموو تاکێک لەراست بەرپرسیارەتیەکانی لە کۆمەڵگا دا بێ خەوش و بێ قسوور بێ و بە بەردەوامی لە هەوڵی چاکسازیی و راست کردنەوەی هەڵەکانی دا بێ.بێگومان کۆمەڵگا بە بوونی زۆرترین تاکی لەم چەشنە کۆمەڵگایێکی بەختەوەر و سەرکەوتوو دەبێ و دەتوانێ پلەکانی پێش کەوتن و گەشەی مێژوویی بە خێرایی ببرێ.