زێنەب حسێنی
گەشەی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنە زانستی وپیشەییە یەک لەدوای یەکەکان تائێستا نەیتوانیوە بەربە توندوتیژی بگرن وبەلانی کەمەوە ڕێژەکەی داببەزێنن بۆ نیوە.
زێنەب حسێنی
گەشەی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنە زانستی وپیشەییە یەک لەدوای یەکەکان تائێستا نەیتوانیوە بەربە توندوتیژی بگرن وبەلانی کەمەوە ڕێژەکەی داببەزێنن بۆ نیوە. توندو تیژی دژبە مرۆڤ بە پێی شوێن و هەڵکەوتەی جوغڕافی ودیموگرافی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک جیاوازەو کلتورو داب ونەریتە ئاینەکان بەدرێژایی مێژوو بەشێک بوون لەم دیاردە وهەرکەس ولایەن ودەسەڵاتێک بەپێی خواستی خۆی ئایینی لێک داوەتەوە ویاسا کانی بەکارهێناوەکەلە ئاکامدا ئەم کردارانە بۆتە هۆی ئەگەرێکی بەهێزی مانەوەی ئەم دۆخە بێ کۆتاییە .. دەسەڵات وخاوەن ئەم بیروبۆچوونی دژەژن، زەمەن خستوونیەتە بەرشەپۆلی توڕەیی ولەگەڵ بونی خەباتی بەردەوام و پەرەسەندنی هۆشیاری ، بەرەی پێشێلگەر کەوتوونەتە سەرکوتی زیاتر وهەڵوەدایانی ئازادیش بەردەوامتر. توندو تیژی لە سەرانسەری جیهان دا تەنیا پەیوەست نیە بەژنان، بەڵکو هەموو چین و توێژێک لەو توندوتیژیەی بەرکەوتوە،بەڵام ئەم دیاردە سەبارەت بە مرۆڤەکان ڕێژەییەوژنان زیاتر تامی تاڵی ئەم ڕۆژگارە ڕەشەیان چێشتووە. پێناسەی توندو تیژی بە شێوەیەکی گشتی
بریتیە لە[هەر کردارێک کە ببێتە مایەی ئەزیەت و ئازار وئەمانە دەچێتە خانەی توندو تیژی کە لێدان، سوکایەتی، بەکەم سەیرکردن، بێ سۆزی، لەبەر چاونەگرتنی ماف و زۆر شتی تر لەلوتکەی ئەم پێشێلکاریەیە.
دیاری کردنی 25 ی نوامبر وەک ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوو تیژی لەدژی ئافرەتان، خستنە ڕوی نەهامەتیەکان و بەرجەستەکردنی ئازارەکانە. لەدەسپێکی ڕۆژی 25ی نوامبری هەمووساڵێک بۆ ماوەی دوو هەفتە باس لە کێشەو گرفتە درێژماوەکانی ئافرەتان و چارەسەریەکان دەبێتە مژار وڕۆژەڤ . بەڵام ئەم ڕۆژەو بەستنی کۆڕو سیمینارەکان تا ئێستاش نەبوتە وەڵامدەرو جێی دڵ خۆشی ئافرەتان وماف پێشێلکراوان کە ژیانیان بریتیە لە دۆزەخێک . توندوتیژی ڕیشەیی و مێژوییە،بەم پێیەدەبێ لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت و وەک هەمووجارێک سرێشلەمەنەکرێت،چونکە بەبێ پەنجەدانان لەسەر ئازارونەهامەتیەکان،ناتوانین چارەسەرەکەش وەدۆزین.
پەروەردەی دروست و کەم کردنەوەی گوشاری کۆمەڵایەتی و ئابوری وهتد ... بەشێکن لە چارەسەر،کەوایە دەبێت ئەم ڕێچکە بکرێتە ڕێگاێیکی بەرین وبەردەوام، نەک کاتێکی چەندسەعات یان ڕۆژو حەووتوو.
مەیدانی خەباتی وشیاری، پێویستی بە هەڵماڵینی قۆلی هیمەتی ئافرەتانە و لە دوای وانیش چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا کەباوەڕیان بەماف وئازادی هەیە وبەشداریان لەم خەباتە فۆرمالیتە نیە .
باس و خواسەکان ساڵانە لە چەندین بۆنەدا دووبارە دەکرێنەوەو بەردەوامیش دەبێت بۆ چارە و دەرمان کردنی دەردی زوڵم لێکراوانی هەر توندوتیژیەک کە ئازارەکانی ڕۆژگار کەسیرەی خستوون. باس و خواس بەس نیە بۆ بنبڕ کردنی توندوتیژی بەبێ کردار،پێویستە لەقۆناغی نەزەری بچێتەدەر وکردار بکرێتە بنەما.
لە ئێران دەسەڵات دژە ژنە و ومافی ئافڕەت بە یاسا پێشێل وبنپێ دەخرێ ولەم سەردەمەدا کە جیهان لە حاڵی گۆراندایە لەئێران بازنەی ئازادی تەنگەبەردەکرێتەوە و کێشە گشتیەکان کە مرۆڤایەتی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە چەند بەرابەر زیادی کردووە.
لە جێگەێیک یاسا ڕێگە بدات کچی 9 ساڵ بەشوبدرێ وتەڵاق یەکلایەنە بێ،بەرابەریخوازی بە لادان بزاندرێ وچینێکی گرینگی کۆمەڵگا بە عەقڵ لاواز ئەژمار بکرێن،ئەو شوێنە دابڕاوە لە جیهانی مرۆڤایەتی.دەسەڵاتی ئاخوندی لەئێران خاوەن ئەم یاساو ڕوانینەیە بۆ مرۆڤ وژیان وئەم ڕوانگەشی گوازتۆتەوە بۆ وەڵاتانی دیکە کەدەتوانین لە عێراق ئەم نیشانەوهێمایانە ببین.
کۆتایی هاتنی تەمەنی ڕەشی ڕژیم،دەبێتە هۆی هەڵاتنی خۆری ئازادی وگەڕاندنەوەی شکۆ بۆ مرۆڤ.
بەڵێ بۆئازادی وگەڕانەوەی شکۆ بۆ ژن