بەکرێگیراوانی بەندیخانەی ئیتلاعاتی رژیم لە شاری سنە، بەندکراوی سیاسی کورد ئەفشین حسێن پەناهیان بە خراپترین شێوە شکەنجە داوە.
بەپێی هەواڵەکان هێزە جینایەتکارەکانی ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعاتی رژیمی ئاخوندی بە بەکارهێنانی تەزووی برق و دەرهێنانی نینۆکی ئەفشین حسێن پەناهی، ویستویانە ناچار بە دیانپێدانان و وتووێژی تەلەویزیونی بکەن.
بەڵام ناوبراو رازی نەبووەو خۆی بەدەستەوە نەداوە.
بەپێ ئەم راپۆرتە بەشێک لە سەری ناوبراو بەهۆی تەزووی برقەوە سوتاوە و هەروەها لە بەشەکانی ئەژنۆ و ناوقەددا توشی ئازار و برینی زۆر بووە. ناوبراو لە زیندانی ناوەندی سنە لەچاودێری پزیشکی بێ بەش بوە و نەیانهێشتوە بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەندکراوی سیاسی کورد ئەفشین حسێن پەناهی لە دادگایەکی نمایشی چەند دەقیقەی دا، حوکمی هەشت ساڵ و نیو زیندانی بۆ دەرکراوە بە تاوانی بوونی پێوەندی بە یەکێک لە حزبە کوردیەکان و تەبلیغات لە دژی دەسەڵاتی دژە مرۆڤانەی رژیمی ئاخوندی.