رۆژی چوارشەممە 6ی دیسامبری 2017 بە دەستپێشخەری ( گروپی دۆستانی ئێرانی ئازاد) لە پارڵمانی ئوروپا، کە لەلایەن سەدان نوێنەری پارڵمانی ئوروپا و گروپی سیاسی جیاواز پ
رۆژی چوارشەممە 6ی دیسامبری 2017 بە دەستپێشخەری ( گروپی دۆستانی ئێرانی ئازاد) لە پارڵمانی ئوروپا، کە لەلایەن سەدان نوێنەری پارڵمانی ئوروپا و گروپی سیاسی جیاواز پشتیوانی دەکرێ، کۆنفرانسێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە لە پارڵمانی ئوروپا لە برۆکسێل بەرێوەچوو.
وتاربێژی سەرەکی کۆنفرانسەکە خانمی مریەم رەجەوی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی شۆرای میللی موقاومەتی ئێران بوو.
لەو کۆنفرانسەدا بە دەیان کەس لە نوێنەرانی پارڵمانی ئوروپاو شمارەیەکی زۆر لە یاریدەدەرانی پارڵمانی، دیپلۆماتکاران و رۆژنامەنووس ئامادەبوون. ئەستروان ئەستیونسون، سیاسەتمەداری دێرینی سکۆتلەنداش یەکێک بوو لەوانەی لە کونفرانسەکەدا وتەی پێشکەش کرد.
ژرارد دپره، نوێنەری پارڵمانی ئوروپا لە بلژیک کە سەرۆکایەتی کونفرانسەکەی لە ئەستۆ بوو وتی: ئێمە داوا لە یەکیەتی ئوروپا، بەتایبەت نوێنەری تایبەتی موگرینی دەکەین کە لەگەڵ ئێراندا بابەتی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لەبەرچاو بگرن. ئێمە لە روانگەی ئەو زۆر نا ئومێدبووین کە بیری تەنیا لای بابەتی ناوکەیی و هاندانی شیرکەتە ئوروپاییەکانە بۆ ئێران. ئێمە داوا لەو لە وەڵاتانی خۆمان دەکەین، بەتایبەت لە دەوڵەتی خۆم لە بلژیک، خوازیاری ئەوەین شەرتی پێوەندی لەگەڵ ئێران هەڵوەشانەوەو راگرتنی ئێعدام و پێشکەوتنی روونی مافی مرۆڤ بێ.
مریەمی رەجەوی وتی: ئەو رژیمە سەرچاوە گرینگەکانی خۆی بەتەواوی خەرج کردووە. لە باری ئابووری، ئەوان شکستیان هێناوە. لەباری کۆمەڵایەتی ئەوان لە هەر کاتێکی دیکە کۆشەگیرترن. ئەوان لە بەرنامەکانیان بۆ لەناوبردنی ئوپزسیۆنی سەرەکی خۆیان شکستیان هێناوە و نەیانتوانی رێگە لە گواستنەوەی ئەندامانی موجاهیدینی خەڵک بگرن.
خانمی رەجەوی لە درێژەدا وتی: لە وەها رەوشێکدا، رژیم دوو رێگەی بۆ مانەوە هەیە: سەرکوت و ئێعدامی زیاتر لە ئێران و دەستێوەردانی زیاتر لە وەڵاتان. ئەوە قەیرانی سەرەکی نێو خۆی رژیم نیشان دەدات کە بە پەرەپێدانی هێژمونی خۆی لەناوچەکە هەوڵ دەدا دایان پۆشێ. لە راستیدا خەریکی جێبەجێ کردنی شانۆگەری بەتاڵی هێزە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە گرتنەبەری سیاسەتێکی جیددی و بەبرشت سارد کاتەوە. رێبەرانی رژیم راستەوراست دەڵێن سوریە، عێراق، یەمەن قوڵایی ستراتژی رژیمن و ئەگەر ئەوان ئەو وەلاتانە بەجێ بێڵن ئەوە بەرەورووی رووخان و لەناوچوون دەبنەوە.
ناوبراو پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە تا کاتێک کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەسەر هەڵسووکەوتە خراپەکانی لێپێچینەوە لەو رژیمە نەکات، ئاخوندەکان بەردەوام دەبن لە کارە مەترسیدارەکانیان. رێگەچارە بەبرشت بوونە، نەک ئیمتیاز دان. بەداخەوە ئوروپا نرخ و بەهاکانی خۆی وێڵ کردووە بۆ ئەوەی تەجارەت لەگەڵ ئاخوندان پەرەپێبدا. یەکیەتی ئوروپا چاوی خۆی لە حاست پێشێلی مافی مرۆڤ لە ئێران بەستووە.
هەروەها ریچارد چانسکی جێگری سەرۆکی پارلمانی ئوروپا وتی: تا کاتێ ئێعدام لە ئێران بەردەوام بێ، تا کاتێ ئازادی رادەربرین لە ئێران سەرکوت بکرێ، تا کاتێ کەمینە مەزهەبیەکان لەوانە مەسیحیەکان و موسلمانە سوننیەکان لە ئێران سەرکوت بکرێن، ئێمە ناتوانین، نابێ ئێمە پێوەندیەکی ئاساییمان لەگەڵ ئەو رژیمەدا هەبێ. گروپی نافەرمی ئێمە "دۆستانی ئێرانی ئازاد" هەمیشە وتوویەتی کە لە پێوەندیەکانمان لەگەڵ ئێران، ئوروپا سەرەتا دەبێ مافی مرۆڤ لە پێش هەموو کارێکەوە دانێ. ئێمە نابێ لەو بارەوە سازان بکەین. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: بەراستی رژیمی ئێران ترسی لە ئوپوزیسیۆنی ئێران هەیە و هەر بۆیەشە ئەو هەموو وزە و ملیۆنان یۆرۆ دژ بە ئوپۆزیسیۆنی دیموکراتیک بە رێبەرایەتی خانم مریەمی رەجەوی خەرج دەکات.
ئەندامانی پارڵمانی ئوروپا لەسەر ئەو چەند خاڵەی خوارەوە تەئکید دەکەنەوە:
1ـ ئوروپا نابێ لە حاست پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران چاوی ببەستێ. سەردانی تاران لەلایەن بەرپرسانی ئوروپایی و نوێنەرانی پارڵمانی ئوروپا، بەکردەوە لە بەرژەوەندی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.
2ـ پەروەندەی ئێعدام، شکەنجە و کوشتن لە ماوەی 38 ساڵی رابردوو لەلایەن رژیم بەتایبەت کوشتاری 30هەزار زیندانی سیاسی لە ساڵی 1988 دەبێ رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش بکرێ و بەرپرسانی رژیم و بەرێوەبەرانی ئەو جینایەتە دەبێ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێ.
3ـ هەموو نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە رژیمی ئێران لەگەڵ قەیرانی بەربڵاو بەرەورووە. خەڵکی ئێران لە رێگەی نارەزایەتی بەردەوام بەدوای گۆرانی رژیمەوەن. کاتی ئەوە هاتووە یەکیەتی ئوورپا لە پاڵ خەڵکی ئێران بۆ خواستی مەشروعیان بە رێگەی گۆرانی دیموکراتیک بوەستێ. بە فەرمی ناسینی شۆرای ملی مقاومەتی ئێران بۆ کۆتایی هێنان و قەرەبوو کردنەوەی سیاسەتە کارەساتبارەکانی پێشوو پێویستە. ئەزموون نیشانی دەدەن کە ئەو رژیمە توانای ئیسلاحی نیە.
4ـ سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی (IRGC) بەشی سەرەکی ئابووری ئێرانی لە کونترۆڵ دایە. سوپای پاسداران برسیەتی و هەژاری بۆ خەڵکی ئێران هێناوەو بەرپرسی کوشتاری خەڵکی سوریە، عێراق و یەمەنە. هەموو سات و سەودایەکی ئابووری لەگەڵ سپای پاسداران و شیرکەتەکانی سەربەو سوپایە دەبێ راگیرێ و بخرێتە لیستی رەشەوە. پێویستە سوپای پاسداران و تاقمە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە دەرکرێن.
نوێنەرانی ئوروپا داوایان لە نوێنەری بەرزی یەکیەتی ئوروپا کرد کە شەرتی هەر جۆرە پێوەندیەک لەگەڵ رژیمی ئێران باشتر بوونی رەوشی مافی مرۆڤ، راگرتن و کۆتایی هێنان بە دەستێوەردان لە وەلاتانی جیران و بەرنامەی مووشەکی بالستیک بێ، جوێ لەوە ئەو پێوەندیە بە پێچەوانەی بەهاکانی ئوروپا و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و جیهان دەبێ.