لەچەند دەیەی دەسەڵاتی رژێمی ئێران زووڵم و زۆرییەکانی لەسەر گەلانی ئێران بۆ هەموو کەس ئاشکرایە و لە پێناو درێژە پێدان بە سیاسەتی ترس و تۆقاندنی خەڵک و زیاتر جێگیرکردنی دەسەڵاتی نارەوای خۆی، دەستی لەهیچ زەبرو زەنگ و ترس و دڵەڕاوکێ و شکەنجەی جەستەیی و دەروونی لەسەر خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان نەپاراستووە و هەموو هەوڵێکی داوە بۆ توواندنەوەی بیری شۆڕشگێڕی و هەوڵی ئازادیخوازی گەلانی ئێران. لەسەرووی هەمووشیانەوە سیاسەتە دژی گەلیەکانی رژیمی ئاخوندی زیاتر لە کوردستان رەنگی داوەتەوە و لە رەهەندەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی هەوڵی لەخشتە بردنی شیرازەی کۆمەڵگای کوردستانی داوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە رژیمی ئاخوندی ئێران ساڵیانێکە بەو قەناعەتە گەیشتووە کە کوردستان و خەڵکەکەی بەتێکڕا، باوەریان بەو رژێمە لە ئێران نەماوە و بە تێکرا بێزاری لەو دەسەلات و سیاسەتە لە کوردستان رەنگی داوەتەوە. لە پێوەند بە سیاسەتە چەپەڵەکانی رژیم لە کوردستان دواترین زانیارییەکان باس لە پیلانێکی کۆن بەلام لە ئاستێکی بەرفراوانتر دەکەن، ئەویش بە ئامانجی بە لارێدابردنی لاوانی خوێن گەرم و شۆڕشگێڕ کە هەموو کات پشتیوانی راستەقینەی خەباتی نەتەوایەتی کوردستان بوونە. بەم پێیە، سیاسەتەکانی ئەمجارەی رژیم لە شارەکانی کوردستان، خۆی لە قەبارەیەکی نوێ و بەرفراوانتر دەبینێتەوە و بەشێوەیەکی زیرەکانە دەیهەێت بیری خەڵک لە رێبازی ئازادیخوازانە دووربکاتەوە و لە رێگای ماددەهۆشبەرەکان و هەروەها هێنانی ژنانی ((بازاری)) لەش فرۆش لە پاڕێزگاکانی دیکەی ئێران خەڵک تووشی گەندەڵی و نەخۆشی و هەزاران نەهامەتی گرێدراوی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتیانە بکات. بە پێی زانیارییەکانی ناوخۆی کوردستان ، رژیم بە کردنەوەی ماڵ و بینای سەربە ئیتڵاعات لە ناو شەقامە قەڕەباڵەغەکان و هەروەها لەلای زانکۆکان، لەهەوڵدایە لاوان بەشێوەی جۆراوجۆری سیاسی و سۆزداری و رێگەی ترەوە لەلایەن ئەو لەشفرۆشانەوە رابکێشێ بۆ ناو ئەو ماڵانە و دواتریش باقی کێشە و نەهامەتیەکانی ئەو رەوشە بەرۆکی کۆمەڵگای کوردستان و بە تایبەتیشی چینی لاوان بگرێتەوە. ئەوسیاسەتانەی رژیمی ئێران تەنیا بەوە راوەناستێت و کاتێکیش لاوان بەرەو ئەو داوە دەبات، دەیەوێت لەناو ئەو ماڵە ترسناکانەەوە لاوان پەلکێشی ماددەی هۆشبەر بکات. دەسەڵاتدارانی رژیم زۆر بێشەرمانە و بە ئاشکرا ئەو پیلانگیرییە دەبەنە پێش و ئاسانکاریی تەواو بۆ راکێشانی سەرەنجی زۆرترین تاک لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرێوە دەچێ. بۆ نمونە لەشاری مەهاباد یەکێک لەو کەسانەی کە بەرپرسی هێنانی لەشفرۆش لە پاڕێزگاکانی دیکەی ئێران بۆ کوردستانە، ژنێکە کە بەرەچەڵەکی خەڵکی سەنتەری ئێران و پەروەردەیەکی تایبەتی لەو رووەوە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە بینیوە، ئەو ژنە بە بەکرێگرتنی خەڵکی خۆفرۆش ، بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارە رەقم و وێنەی ورووژێنەر لەسەر کارتی تایبەت بەو ژنانەی لەشفرۆشن لەسەر شەقامەکان و هەروەها لە کۆڵانەکان و زانکۆکانی کوردستان لەهەوڵدایە بیری زۆرترین خەڵک ڕابکشێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەر دەسەڵات بخوازێ زۆر بە سانایی دەتوانێ ئەو ماڵانە کۆ بکاتەوە و شارەکان لەو جۆرە ژنانە پاک بکاتەوە. لێرەدایە کە پێویستە ووشیاری کۆمەڵایەتی خێزانەکان پەرەی پێ بدرێ و هەروەها لاوانی نیشتمانپەروەری کوردستان لەو داو و پیلانە شەرئەنگێزانەیەی دەسەڵاتدارانی جینایەتکاری رژیم ئاگادار بکرێنەوە و بە خێرایی جڵەوی ئەو هێرشە درندانەیە بگرین ئەگینا بۆ چەند ساڵی داهاتوو تەوژمێک نەخۆشی جۆراوجۆری کوشندە روو لە کوردستان دەکات کە مایەی سەرسوورمان دەبێ. هەروەها زیان و خەسارەتی بەردەوامی و پێشنەگرتنی ئەو رەوشە دوورکەوتنەوەی بیری شۆڕشگێڕانە لە لاوانی کورد و رووکردنە کۆمەڵیک بابەتی زیانباری ترسناک دەبێ و دواجار دەستی بەکرێگیراوانی رژیم بۆ بردنە پێشەوە سیاسەتە دژی گەلیەکانیان لە کوردستان ئاوەڵەتر دەبێ و پانتایی زیانەکانیش بەرفراوانتر و قەربووکردنەوەی دژوار دەبێ. یەکێک لەو هۆکارە گرینگانەی کە رژێم دەستی بەو سیاسەتە لە شکل و چوارچێوەی نوێ لەهەمبەر خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش لاوان کردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەدرێژایی هاتنە سەرکاری رژیمی ئاخوندی زیاتری هەوڵەکانی بۆ دابراندنی خەڵکی کوردستان لە شۆڕش و دوورکردنەوەی لاوان لە پەیوەست بوون بە ریزەکانی شۆڕش و بیری نەتەوەخوازی شکستی هێناوە و تەنانەت سێدارە و شکەنجە و بێبەش کردنی خەڵکی کوردستان لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان، نەیتوانیوە ئەو خەڵکە لەو بیرە پیرۆزە دوور بکاتەوە بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ بەڵکو بەوشێوەیە و شێوەکانی دیکە بتوانێت خەڵکی کوردستان تووشی سەرلێشێوان و هەروەها لە پێشمەرگەو پارتەسیاسیەکان دابرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە سیاسەتانە ناتوانێ وورە و ئیرادەی قایمی گەلی کورد و لاوانی کورد لەرزۆک بکات و ئیتر فریوخواردنی دەست وپەیوەندییەکانی رژیم لە لایەن گەلەوە مەحاڵە و رێبازی شەهیدان و پێشمەرگەی کوردستان تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەکەمان و رووخانی یەکجارەکی رژیمی ئێران بیری ئازادیخوازی بیری زاڵ بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەبێت.