شەوی یەکشەممە 21ی خەزەڵوەری 1396، بوومەلەرزەیەکی 7.3 ریشتەری پارێزگای کرماشانی لەرزاند و لە چەند ناوچەی وەک ئەزگلە، سەرپێڵی زەهاو، سەلاسی باوەجانی گیلانی غەرب و
عەلی بارامی
شەوی یەکشەممە 21ی خەزەڵوەری 1396، بوومەلەرزەیەکی 7.3 ریشتەری پارێزگای کرماشانی لەرزاند و لە چەند ناوچەی وەک ئەزگلە، سەرپێڵی زەهاو، سەلاسی باوەجانی گیلانی غەرب و قەسرینی شیرین و ... زیانی گەروەی مرۆیی و مادیی لێ کەوتەوە. بەپێی راپۆرتەکانی رژیم هەتا ئێستا زیاتر لە 600 کەس کوژراون نزیک بە 9000 کەسیش بریندار بوون. بەڵام ئامارە نارسمیەکان باس لەوە دەکەن کە ئاماری قوربانیانی ئەو کارەساتە سروشتیە زۆر لەوە زیاترە کە ناوەندەکانی رژیم بڵاوی دەکەنەوە.
لە دوای کارەساتەکە، هەر زوو خەڵکی ناوچەکانی کوردستان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە کەوتنە کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ زیالێکەوتووان و بەدەم بوومەلەرزە لێدراوانەوە چوون. ئەو هەنگاوە خۆبەخشانەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەدەمەوە چوونە توانی ئازاری زیانی بوومەلەرزەکە لەسەر خەڵکی زیاندیتوو کەم بکاتەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە کردەوە نامرۆییەکانی رژیم و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانیەتی لە حاست خەڵکی زیان لێکەوتووی پارێزگای کرماشان و رێگەنەدان بە کۆمەک و هاوکاری شارەکانی کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی ماشینەکانی هەڵگرتنی هاوکاری خەڵک و رەوانەکردنیان بۆ ئەنبارەکانی سپای پاسداران و ناردنیان بۆ سوریە. هاوکات رژیمی ئێران هەر چەند رۆژ لە دوای رووداوەکە بەبێ ئەوەی هەوڵێکی جیددی بۆ دەرهێنانی تەرمەکان لە ژێر دارو پەردووی بینا رووخاوەکان بدات، هەر زوو رایگەیاند کە پرۆسەی رزگارکردن و هێنانە دەرەوەی تەرمەکان کۆتایی هاتووەو ئاماری قوربانیانی ئەو کارەساتەشی کەمم دەکردەوە و رێگەی بە بڵاو کردنەوە ئامارە دروستەکان نەدەدا.
لە بەختی خەڵکی لێقەوماو، حەوتوویەک دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە، شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما و شەختە رووی لە ناوچەکە کرد و ئەوەش دەرد و رەنجی خەڵکەکەی لەوەی کە هەبوو زیاتر کرد. لەوەش دا رژیم بە کەمتەرخەمی و بەدەمەوە نەچوونی زیاندیتووان هەلی بۆ کارەساتێکی مرۆیی لە پارێزگاکە دەرەخساند و وەک لە راپۆرتەکاندا هاتووە تا ئێستا چەندین نەخۆشی لە نێو خەڵکی لێقەوماودا بڵاو بۆتەوە، دەیان خێمە و چادر ئاگریان کردووە و لێقەوماوان لەوپەری بێ وەزعیدا دەچین.
لە دوای مانگێگ بەسەر ئەو کارەساتە سروشتیانەی بەسەر خەڵکی پارێزگای هەژار نشینی کرماشاندا هات، لە ئێستادا کە پلەکانی سەرما بەرزبۆتەوە و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو ناوچانە لە کارکردنی دامودەزگاکانی رژیم نارازین و پێیان وایە دەسەڵاتی ئاخوندان ئەوەی بۆ تیرۆریستان لە لوبنان، سوریە، عێراق و یەمەن دەیکات بۆ خەڵکی هەژار و لێقەماوی پارێزگای کرماشانی لەبەرچاو نەگرتووە لە کاتێکدا خەڵکی ئەو پارێزگایە موحتاجی کەرەستەی سەرەتایی بۆ دروست کردنی سەرپەنا بوون، رژیم بە شانازیەوە کاروانی هاوکاریەکانی بۆ سوریە دەنارد.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر کارکردی دامودەگاکانی رژیم لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان و بەدەمەوە نەچوونی خەڵکی لێقەوماو لەم وەرزی سەرماو سۆڵەدا، لە زمان ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسی رژیم.
لە دوای تێپەرینی یەک مانگ بە سەر کارەساتی بوومەلەرزەکە بەپێچەوانەی میدیاکانی رژیم، دۆخی بوومەلەرزە لێدراوان زۆر خراپەو هەتا ئێستا کارێکی ئەوتۆ بۆ بەدەمەوە چوونیان نەکراوە لە باری نیشتەجێ بونەوە.
سپای پاسدارانی رژیم بەردەوام لە میداییاکانیەوە هاواری ئەوەدەکات کە کانکسی بەسەر ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان دابەش کردووە. بەڵام دابەش کردنی کانکس بەسەر خێزانەکاندا ئەوندە سنووردار و کەمە کە لە هەندێ شوێندا بە چەند خێزان و خانەوادە یەک کانکسیان پێ دراوە. ئەوە لە کاتێکدا جوێ لەو کانکسانەی لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ بوومەلەرزە لێدراوان نێردرا، سپای پاسدارانی رژیمیش کانکس گەلیکی بەناوی خانووی هەمیشەیی لە سەرپێڵی زەهاو بەسەر بوومەلەرزە لێدراوان دابەش کردووە کە هەمووی بە کوالیت و کەیفیەتێکی خراپ دروست کراون. سپای پاسداران و ناوەندە دژە خەڵکیەکانی دیکەی رژیم کە کانکسیان بە ناوی هەدیە داوە بە خەڵکی لێقەوماو، لە دروست کردنیاندا بە مەوادی زۆر خراپ و پرۆفیلی سووک، کەڵک وەرگیراوە کە بە بایەکی زۆر کەم تێک دەشکێن و بە بارانێکی کەمیش بانەکەیان تکە دەکاو لە دیوارەکانیەوە ئاو دەچێتە ژوورەوە.
لەو پێوەندەدا نوێنەری رژیم لە پارێزگای کرماشان قاسم جاسمی دەڵێ: بەداخەوە بە هاتنی با زۆرێک لە کانکسەکان عەیبیان هێناوەو هەندێکیشان با بردوونی، کانکسەکان زۆر بێ کەڵکن و بوومەلەرزە لێدراوان لەئێستادا لە رەوشێکی خراپدا دەژین و زۆرێک لە خەڵکەکە هەتا ئێستاش نیگەران و بێ جێگەو رێگەن. دیارە حکومەت بەدواداچوونی نەکردووە.
ئەحسەن عەلەوی نوێنەرێکی دیکەی مەجلیسی رژیم لە سنە ئەو کانکسانەی لەلایەن سپای پاسداران و باقی ناوەندەکانی رژیم دراوە بە بوومەلەرزە لێدراوانی بە "بڵایەکی خراپتر لە بوومەلەرزە" ناوبردووە. بەپێی وتەی ئەو نوێنەرەی مەجلیسی رژیم لە دروست کردنی ئەو کانکسانەدا بنەمای موهەندیسی لەبەرچاو نەگیراوە بۆیە پەرپووت و لاوازن و زوو تێکدەچن.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەر چی سەرانی رژیمی ئاخوندی هەر لە سەرۆککۆمار و رێبەر و سەرۆکی مەجلیس و بەرپرسانی سپای پاسداران سەردانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانیان کرد و سەرۆککۆماری رژیم بەڵێنی قەرزی بە لێقەوماوان دا بەڵام ئەوانەی ئەو کانکسە بێ کەڵک و پەرپووتانەیان بەرکەوتووە لەو قەرزەی حەسەن رۆحانی بێ بەش دەبن. هاوکات فەرمانداری رژیم لە سەرپێڵی زەهاو دەڵێ کانکس بە هەموو لێقەوماوان نادرێ. (ماڵپەری ئینتخاب 23ی سەرناوەزی 96)
هەواڵدەری حکومەتی ئیلنا 18ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە کە یەکێک لە دانیشتوانی دێی "بی بیانی" دەستی زەهاو وتی خێرخوازەکان کانکسیان بۆ ناردن و بریار بوو لەگەڵ دوو خێزانی دیکە کەڵکی لێوەرگرن، بەڵام کانکسەکانیان لێوەرگرتین و وتیان، قوتابخانە لە پێشتره و دەبێ بۆ قوتابخانە کانکسەکانیان پێ بدەین. لە درێژەدا ئەو کەسە دەڵێ: ئەو دێهاتە 130 بۆ 140 ماڵی تێدایە کە بە هەر 3 بۆ 4 خانەوادە پێکەوە لە کانکسێکی 3 لە 4 دا دەژین و هەتا ئێستا ئەوەشیان بە هەموو دێهاتەکە نەداوە. بەداخەوە لە دابەش کردنی کۆمەکەکاندا خزم خزمێنە و فەرق و جیاوازی دەکرێ.
بەدەمەوە نەچوون و کەمتەرخەمیەکانی رژیم لە حاست خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشان بەجۆرێکە کە رق و توورەیی و بێزاری خەڵک زیادکردووەو نوێنەرێکی مەجلیسی رژیمیش لەو بارەوە دەڵێ ئەگەری زۆرە توورەیی خەڵک کێشەی ئەمنیەتی بۆ رژیم دروست بکات و دەڵێ: چەند شەوی رابردوو لە ژێر بەفر و بۆراندا 35 خێمە و چادری خەڵک با بردنی، بەڵام سەرۆکی بونیادی مەسکەن 48 سەعاتە تەلەفونەکەی هەڵناگرێ.
ئەمە گۆشەیەکە لە دەرد و ئازاری خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان و فەساد و کەمتەخەمی ناوەندەکانی رژیمی ئێران، کە وەک پەڵەیکی رەش و ریسواییەکی دیکەی دەسەڵاتداریی ئاخونداندا تۆمار دەکرێ، و لە ئەنجامدا هەر وەک ئەو نوێنەرەی مەجلیسی رژیم مەترسی لێکردووە، ئەم بەدەمەوە نەچوونەی ناوەندەکانی رژیم و پشتگوێ خستنی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو لە ئاکامدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نارەزایەتی جەماوەری و پێچانەوەی دەسەڵاتی گەندەڵ و دژە خەڵکی ئاخوندان.