باڵەکانی ڕژیم بۆ بەدەستەوەگرتنی هێز بە مەبەستی سەرمایە کۆکردنەوەو سەرکوتی یەکتر، شەڕیان گەرمتر بووەو تادێت نێوانیان ناخۆش و پڕوپاگەندەیان لەدژی یەکتر بەرینتر
بێهروز ئەردەڵان
باڵەکانی ڕژیم بۆ بەدەستەوەگرتنی هێز بە مەبەستی سەرمایە کۆکردنەوەو سەرکوتی یەکتر، شەڕیان گەرمتر بووەو تادێت نێوانیان ناخۆش و پڕوپاگەندەیان لەدژی یەکتر بەرینتر دەبێتەوە. ئەگەرچی لەسەرەتادا لەم شەڕو کێشمەکێشە کە بەشەڕی گورگەکان ناسراوە، بۆ بەهێز کردنی دەسەڵاتی ڕژیمی ئاخوندی و نیشان دانی حاکمیەت وەک دەسەڵاتێکی پلۆراڵ کەڵکیان وەردەگرت، دواتر بەهۆی قودرەت تەڵەبی و ئاشکرابوونی دزی بێژمارو وەلانان لە کاتی بەدەسەڵات بوونی بەناو باڵێک، ئەم شەڕە زێڕنگەریە گوازراوە بۆ شەڕێکی ڕاستەقینەی نێوان باڵەکان و ئێستا لەهەموو لایێکەوە بەربوونەتە گیانی یەک بەجۆرێک کە سەرانی ڕژیم بەتایبەت وەلی فەقێ نگەرانە و بەئاشکرا باس لەوە دەکات کە ئەگەر ئەم ناکۆکیانە درێژە بکێشێت نیزام دەکەوێتە مەترسی و دواتر گیانی خۆشمان پارێزراو نابێت.لەدووی پێشنیاری چەند پارلمانتار کە داوای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی کۆمار و گۆڕینی بە سیستمی پارلمانیان کرد، ئاخوندە دەمارگرژەکان بەشێوەی جیا دژی ئەم گەڵاڵە وەستاوونەتەوە وپێیان وایە ئەم گەڵاڵەو پێشنیارە بەمەبەستی لاواز کردنی دەسەڵاتە و دواتر بابەتی بە شۆڕایی کردنی بەیتی ڕێبەری دێتە ئارا. برایانی لاریجانی عێراقی کە سەرۆکایەتی نیزامی دادوەری و یاسادانیان لەئەستۆیە ولەخوارتریش چەندین پلەوپۆستی دیکەیان هەیە، هۆکاری سەرهەڵدان و چڕبوونەوەی ناکۆکیەکانن و بەشێکە لە هۆی گەڵاڵەی پێشنیارکراوی گۆرین و بەشۆڕایی کردن، بەم پێیە لایەنی برایانی لاریجانی عێراقی وهاوەڵ و هاووبیرو هاووبەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ وەلی فەقێ کەوتوونەتە لایێک وەک دەسەڵاتدار و ئەحمەدی نژادی دوورخراوە وگۆشەگیرکراو لایەن وباڵی بەناو میانەڕەویش کەوتوونەتە لایێک. بەناو میانەڕەوەکان کە لەژێر چەتری ڕۆحانی و ئەوانەی دیکەدان لە ئامانج وستراتیژی بەرژەوەندیخوازانەیان لەگەڵ باڵەکەی ئەحمەدی نژاد کەپێک دێن لەسوپاییە دوورخراوەکان وخۆیان بەهێڵی گەڕانەوە بۆ خەتی خومەینی دەناسێنن یەک ناگرنەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆدژایەتی برایان، لەبەرەیێکدا خۆیان دەبیننەوە و بەلانی کەمەوە شت گەلێک بەیەک ناڵێن کە لێکیان داببڕێت. هەوڵ ئەدەن لەبەرانبەر باڵی دەسەڵاتدارانی دەسەڵات ڕەها خۆیان یەکڕیز نیشان بدەن وبۆ ئەو دەرفەتە ئامادەکاری دەکەن کە ئەوانە بهێننە خوار و خۆیان جێگەیان بگرنەوە. ڕۆحانی لەماوەی ڕابردوودا چەند بابەتێکی هوروژان. باس کردن لە هێندێک چەمکی وەک مافی شارومەندی و شتی دیکەی هەڵخەڵەتێنەر، کاردانەوەی بەدووی خۆیداهێنا و وەک ریکلامێک بۆ هەڵبژاردن لێک درایەوە و ئەوانەی کە دڵیشیان بە ریفۆرم لەو دەسەڵاتەدا خۆشە بەفاڵی نیکیان گرت کە نگەرانی لایەنی بەرامبەری بەدوای خۆیدا هێناوە.
لەلایێکی دیکەوە پاسدار ئەحمەدی نژاد شەڕێکی ڕاگەیاندنی لەدژی برایان و تەنانەت وەلی فەقێ دەست پێکردووە و بەنووسینی نامەیێک بۆ وەلی فەقێ ،تاوی داوەتە چەند هەنگاوێک کە وێ دەچێ لەداهاتوویێکی نزیکدا شەڕەگورگەکە گەرمتر بکات. وەک کاردانەوە لەبارەی ئەو نامەیەی کە ئەحمەدی نژاد لەدرێژەی ئەم شەڕە زێڕنگریەدا بۆ خامەنەیی نووسیوە، ئاخوند مەکاڕمی شیرازی بەبێ حیسابکردن بۆ ئەحمەدی نژاد و ناووهێنانی، دەڵێ :کەسێک نامەی بۆ خامەنەیی نووسیوە و وەڵاتی بە وێرانە وەسف کردووە. ڕەش نیشاندان سەربەرزی نیە ودەڵێ: ئەم جۆرە شەڕانە لەگەڵ دەسەڵات،لەشەڕی نیزامی پڕتێچووتر دەبێت. هاووکات جەننەتی و سادق لاریجانی و عەلی سەعیدی نوێنەری خامەنەیی لەسوپا دژکردەوەیان لەبارەی ئاخاووتن و هەڵوێستی ئەحمەدی نژاد نیشان داوە وڕوو بە وەلی فەقێ دەڵێن کە بۆچی کاتی خۆی پشتیوانی لێکردووە. سەبارەت بە هەڵوێست گرتنی باڵی دەسەڵاتدار دژبە پاسدار ئەحمەدی نژاد، هێندێک لە وەفادارانی ناوبراو ڕوو دەکەنە دژبەرانی ئەحمەدی نژادو پێیان دەڵێن، ئێوە هەر ئەوکەسانەن تا ئەحمەدی نژاد لەدسەڵات بوو خۆتان لە پاڵتۆکەی دەساوی و زۆر جار بە ڕێبەری مەزن ناووتان دەهێنا، خێرە ئێستا بەم شێوە دەدوێن. ئەم شەڕەگورگەی کە لەنێو باڵەکانی ڕژیم هەیە بەمەبەستی خزمەت بەخەڵک وباش کردنی دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گەلانی ئێران نیە. دژایەتی و هەڵوێستی ئەم باڵانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندخوازیێکی ڕەهای تاکەکەسی وتاقم خۆی دەبینێتە. تاڵان و چەپاوڵی سەرمایەی ئێران، ئەم کێبڕکێیەی نێوان کەس وتاقمانەی لێکەووتۆتەوە. هەرکات لە بەناو هەڵبژاردن نزیک دەبنەوە بە هێنانە ئارای کۆمەڵێک دروشم و دەستەواژەی نوێ و هەڵخەڵەتێنەر، بەئاسانی جەماوەر فریو دەدەن و تەنووری ئەم هەڵبژاردنە نامەشروعە بە چەواشەکردنی گەل خۆش دەکەن. پێویستە گەل وریا بێت وچیتر باوەر بە ڕژیم نەکەن و بەیەک دەنگ تەواویەتی ئەم حاکمیەتە ڕەد بکەنەوە،نەک دڵخۆش بکەن بە شەڕی باڵەکان ودروشمی هەڵخەڵەتێنەر وپێیان وابێت هەرچۆنێک بێت ڕیفۆڕم باشترە لەشۆڕشێکی سەرتاسەری.