ماوەی زیاتر لە هەشت رۆژە شارەکانی ئێران و کوردستان لە رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی راپەریون و تا دێ ئەو راپەرینانە پەرە دەستێنن.
ماوەی زیاتر لە هەشت رۆژە شارەکانی ئێران و کوردستان لە رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی راپەریون و تا دێ ئەو راپەرینانە پەرە دەستێنن.
بەپێی هەواڵ جەماوەری راپەریوی ئێران خۆراگرانە لە مەیدانەکاندا ماونەوەو شەقام و مەیدانی شارەکانی خۆیان کردووەتەوە سەنگەری بەرخۆدان و تا دێ ریزی خەڵکی نارازی زیاتر و دروشمەکانیان رەساتر دەبێ.
هاوکات دیواری ماڵان و ئیدارە حکومەتیەکان بە درووشمەکانی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر رازاوەتەوە و ئەو دروشمانە بوونەتە وێردی سەر زمانی خەڵک و بەردەوام دەوترێتەوە.
هاوکات زیندانیانی سیاسی بە دەرکردنی بەیاننامەی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان بۆ خواستی راپەریوان دەربریوە لە جوابدا هێزەکانی رژیم لە گرتووخانەی ورمێ هێرشیان بردووەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و زۆر بێرەحمانە شکەنجەیان داون.
هەر بە پێی راپۆرتەکان لە چەند سەعاتی رابردوودا لە کاتی پێشبرکێی فوتبال لە وەرزشگای تەورێز زیاتر لە 20 هەزار کەس لە جەماوەری نارازی هەلەکەیان قۆستەوەو لە نزیک ستادیۆمی ئەو شارە بە دانی دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ رۆحانی رق و بێزاری خۆیان لە دەسەڵاتدارانی رژیم دەربری و خوازیاری رووخانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ بوون.
هەروەها لە تاران شەوی رابردوو لە چەندین شوێنی جیای وەک مەیدانی ئینقلاب جەماوەر خرۆشان و دروشمەکانی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر، خامنەیی حەیا کە دەست لە وەڵات هەڵگرە و چەندین دروشمی هاوشێوەیان دەوتەوە.
هەروەها لە شارەکانی کەرەج، مەشهەد، ئیسفەهان، ئەردەبێڵ، کرماشان، ورمێ و چەندین شاری دیکە بەردەوام بوو.
شایانی باسە لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوودا زیاتر لە 50 کەس لە جەماوەر بە دەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم شەهید بوون و زیاتر لە 3000 کەسیش دەستبەسەر کراون.