کۆمەڵگای کوردستان کە پێک دێت لە چین وبیرو ئیدئاڵی جیاواز، سروشتیە خاوەن چەند حیزب و سازمان بێت بۆ کۆکردنەوە و
بێهروز ئەردەڵان
کۆمەڵگای کوردستان کە پێک دێت لە چین وبیرو ئیدئاڵی جیاواز، سروشتیە خاوەن چەند حیزب و سازمان بێت بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەیان تا بەشێوەی گروپی و تایبەت هەرکام تەعبیر لە ڕاو ڕوانگەی خۆیان بکەن. سازمان و حیزب وەک کەرەسەیێکی مودێڕن بۆ پێشخستن و نەش و نمایی ئەم نەتەوە کە لە قۆناغ و پڕۆسەی ڕزگاری نەتەوەیی و نیشتمانیدا دامەزراوون، لە ئێستادا وەک هێزی ڕاماڵێنەری دژمن و دیفاع لە مانەوەی ڕۆحی نەتەوەیی جێکەوتوون و لە دەرەوەی وەڵات بەم مەبەستە لەسەنگەری مانەوەو هێشتنەوەی ڕۆحی کوردایەتی و ئازادیخوازی دان.
دیفاع لەنەتەوە و هێشتنەوەی ڕۆحی نەتەوایەتی، ئەو بابەتە سەرەکیەیە کە لە تاراوگەییەوە، ئەرکێکی زۆری خستۆتەسەر جووڵانەوە و هەورازو نشێویێکی چڕە. حاکمیەتی موتڵەقە و میلیتاریزەکردنی ئێران و کوردستان، کەشی سیاسی و مەجالی مانەوە لە سەر ئەسڵ و نەسەبی زەحمەت کردووە و خوڵقانی دەرفەت بۆ شۆڕش و سەرهەڵدان و دەربڕینەکانیش، چاوەڕوانیێکی بەئازارە کە ساڵهای ساڵە جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەو مافخوازانەی لەدۆخێکی ناهەموار و چەق بەستوودا هێشتۆتەوە.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کە ئێران و کوردستان بە نالەبارترین دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی تێپەڕ بووە و ڕژیم وەک هۆکاری ئەم بارودۆخە، چارەسەرێکی بۆ ئەم قەیران و شێواویە نیە، ڕووی کردۆتە ئاسمیلەکردن و چەک و زیندان و کوشتن و سێدارەی کردۆتە ئەو ئامرازە بۆ کونتڕۆڵ و درێژەدانی دەسەڵاتی، بەپێی قۆناغ خەڵک لەگەڵ ئەم کەشە هەڵیکردووە و بە دەڕبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی لەهەمبەر داوایێکی بچووک، کاریان بۆ ئەوەکرد کە ووردە ووردە و لەسەرخۆ بەستێنی ناڕەزایەتی بەمەبەستی گۆڕان و ڕووخان خۆش بکەن.
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئاخوندی کە بەنرخی لەدەستدانی گیان و ماڵ و پیشەیە، لەماوەی ڕابردوودا و ئێستاش هەر درێژەی هەیە و بەم بۆنەوە تێچوویێکی زۆری بۆ گۆڕانخوازان و ئازادی ویستانی نەتەوەیی و نیشتمانی و چینایەتی بەدواوە بووە. لەکوردستان کە بەمەکۆی ئازادی و ڕێگەی ڕزگاری ئێران ناسراوە، تەزاهورات وشۆڕش، خەباتی جەماوەری وشاخ، هەردەم لە گەشەدا بووە و تاسەرکەووتن هەروا دەمێنێتەوە.
نەتەوەکەمان لەگەڵ هەستی شۆڕش و ماف ویستی، کە خاوەن ڕیسە ئوتوریتەیێکی لەبن نەهاتووە، پێویستی بە ڕێبەریێکی مودێڕن وبوێریێکی ڕەها هەیە و لەئێستادا کە دروشمی جەماوەر لەسەرانسەری کوردستان و ئێران بەرەوو گۆڕین و لە گۆرنانی ئەو ڕژیمە دەستی پێکردووە و شانسێکیان بۆ مانەوەی ڕژیم نەهێشتۆتەوە، یەکڕیزی و پێکەوە کارکردنی هێز و لایەنەکانی کردۆتە پێویستێک. لەم پێوەندیەدا کە سازمان و حیزبەکان نەیانتوانیوە تائیستاش ببنە خاوەن ژوورێکی هاووبەش بەمەستی ئەگەر و پێشهاتەکان،جێگەی داخە .
ئەگەر لایەنی خەسارناسی جووڵانەوە شیتەڵ بکەین و هۆکاری ڕێبەری نەکردنی ئەم جەماوەرە ئامادەیە بۆ ڕاپەرین بێنینە گۆ،دەبێت بە ڕەخنەگرتن لە سازمان وحیزبەکان دەست پێبکەین و ئەوە بڵێین کە دۆخی چاوەڕوانی و نەخوێندنەوەی واقع و خۆبینین و ئیدەی زاڵ بە مەبەستی سڕینەوەی بەرانبەر ولێک دابڕان و تەشهیر و ناووزڕاندن و حیساب نەکردن بۆ سەربەخۆیی سیاسی بەمەبەستی بڕیاردان لەچارەنووس دەست پێبکەین. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە کۆمەڵێک لێک دابڕان و هەورازو نشێو کەوتە نێوان پێوەندی ئەحزاب و بەم هۆیەوە دۆخێکی خراب بۆکاری هاووبەش خولقا، چەندین کۆبوونەوەوه لەنێوان سازمان وحیزبەکان بەمەبستی گەیشتن بەپلاتفۆڕمێک ئەنجام دراوە. لەسەرەتای ئەو قۆناغەدا کە کۆبوونەوەکان بەمەبەستی تواندنەوەی سەهۆڵبەندانی پێکهاتوو لەئاکامی دابڕانەکان ئەنجام دەدرا، بەخۆشیەوە ئاکامی لێ کەووتەوە و بەلانی کەمەوە کۆتایی هات بەشەڕی ئیعلامی و کۆمەڵێک گرفت و ئاسەواری دیکە. بەم مەبەستە کە حیزبەکان کۆتایی بهێنن بە دۆخی شێواوی پێوەندیەکان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی لێپرسراو ڕۆڵێکی کارای بینی و لەپێناو ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانیان و هاووکات گواستنەوەی قۆناغی ئاسایی بوونەوە بۆ هەلی یەکخستنی گوتارو تەنانەت گەیشتن بە دەسپێک و دروست کردنی دیواری بەرە لەهیچ هەوڵێک درێغی نەکرد. لەکاتێکدا نان بەساجدا نەسووتاوە و ڕەنگە هەموو لایەنەکان هەست بەو ڕاستیە بکەن کە چۆن لەگەڵ بارودۆخدا هەڵکراوە وسەربەخۆیی سیاسی و ماڵی، لە ئامانج و دەستکەوتی چەند دەیە هەوڵدانی بێ ووچانی بێت و ئەم ئارمانج و ئەسبابەی بۆ مسۆگەر کرابێت و پێویستی بەدرگا کوتانی کەس نەبێت، لەپێناو یەکڕیزی حیزب و ڕێکخراوەکان، درگایانی کوتاوەو بەخوێندنەوەی پێشهاتەکان کە پێی وایە بەکۆدەنگی دێتە ئاراو ڕێکەوتنی گەرەکە حەول و تەقەلاکانی درێژەداوە.
بەڵام هێندێک لە حیزبەکان کە ئێستاش لەبیروبۆتەی دەورانی سڕینەوە و کەم بوجیا دەژین، لەملاولەولا هێرش دەکەن و بۆ هەر کۆبوونەوەیێک بەمەبەستی کاری هاووبەش مەرج وسنوور دادەنێن. ئەم لایەن و کەسانەی کە خاوەن ئەم باکگراوەندە سیاسی و بۆچوونەن لەڕاستیدا نەیارو دژی ئامانج و ڕیسالەتی مێژوویی سازمان وحیزبە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانن و ڕۆژانە بێڕێزی بە کاڕێزما و ڕەمز و سەنبولەکانی نەتەوەکەمان دەکەن. پێویستە ناسراووبن و ڕێگەنەدرێت بە بیروخواستی نەخۆشیان. سازمان وحیزبە هاووئامانجەکان کە پێشڕەو هیوای جەماوەری کوردستانن، دەبێ بە هەست کردن بە لێ پرسراوی دیرۆکی، مەرج و کۆت و بەنده نامۆکان بە کورد و مێژووەکەی بخەنە لاوە و ڕێگەنەدەن کە دەوورانی سڕینەوە و خۆ فەرزکردن ببێتەوە فەرهەنگی باوو. دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتە پێش و کوردستان پێویستی بە گوفتمانێکی هاووبەشە کە هەموو ئازادیخوازان لە یەک کۆبکاتەوە.
بێگومان ئەگەر کۆت و بەندی لایەنێک بووە ڕێگر و وەک ڕابردوو بوونە هۆرە،دەبێ لایەنەکانی لێپرسراو بیر لەڕێگەی دیکە بکەنەوە و لەزووترین کاتدا هەوڵی یەکڕیزیێکی مێژووی لەپێناوو گەلەکەمان بدەین.ئەم کارە بەوە دەکرێت کە ڕۆحی ئازادیخوازی زاڵ بێت و کەس بیر لە خۆسەپاندن نەکاتەوەو ئەو لایەنانەی کەساڵهای ساڵە بوونەتە بەربەستی پێشخستن و سەرنەگرتنی گوفتمانی هاووبەش لەقاوو بدرێت.