دوایین هەوڵی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ کاری هاوبەش پەردەی لە سەر کۆسپ تاشینێکی ناپێویست و نا زەرووری هەڵماڵی کە نەک هەر کۆسپ نیە
خالید محەمەدزادە
دوایین هەوڵی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ کاری هاوبەش پەردەی لە سەر کۆسپ تاشینێکی ناپێویست و نا زەرووری هەڵماڵی کە نەک هەر کۆسپ نیە و ناکرێت ببێت بە کۆسپ، بەڵکوو بوونیشی هێندەی تر رەوایی و جوانی دەدا بە کاری هاوبەش و فرە پێکهاتەیی لە کاری هاوبەش و گشتگیردا، ئەویش قسەکردنە لە سەر بوون و نەبوونی سازمانی خەبات لەم جۆرە هەوڵانەیە ، حیزبێک کە بە بەراوەرد لەگەل حیزبەکانی تر هەڵ٠Žگری کەمترین زیانە بۆ کۆمەڵگای کوردی، نە لێکەوتەی ناکۆکییەو نە درێژکراوی حیزبی ترە بۆ رۆژهەلات. لەگەل ئەوەش ئەگەر لە نێو بلوکبەندی حیزبی، دوو حیزبی بە پرەنسیپ دەستنیشان بکرێن، بێ دوودلی یەکیان سازمانی خەباتە. حیزبێک کە نە بەشداری شەری نێوخۆی کردوەو نە لە گەرمەی کوردایەتی درۆزنانە و دوو رووی سیاسی و راکە راکە بۆ چنینەوەی دەسکەوتی حیزبی و تاکەکەسی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، پشتی لە رۆژهەلات کرد و وەک حیزبێکی رۆژهەڵاتی مایەوە و نەبوو بە حەمالی سیاسی شوێنی تر بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان وەک لەئێستادا باوە!
سالانێکی زۆریش مانەوەی لە زۆنی زەرد و سەوز تووشی وابەستەیی نەکرد و نەبوو بە بەشێک لە ململانێ ناشیرینەکانی رۆژهەڵاتی لە تاراوگەش وەک چۆن حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵات لە سەر ئاستی سکرتێر تا ئەندامە سادەکەشیان بوون بە بەشێک لە ململانێی حیزبی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان!
بە هەموو ئەوانەشەوە حەزفی خەبات یا هەر حیزبێکی تر لە کاری هاوبەش هیچ مانایەک بۆ کاری هاوبەش ناهێلێتەوە و لە داهاتووشدا دەتوانێ کۆمەڵگای کوردی بەرەو چەند قوتبی بوون ببات کە ئەمەش هیچ نیە جگە لە کۆپیکردنی ئەزمونیکی پر لە شکستی کوردیی بۆ رۆژهەڵات کە کۆمەڵگای ئێمە بەرگەی ئەم بە قوتبیکردنە ناسەرکەوتوویەش ناگرێت.