یەکێک لەو ڕژیمە دیکتاتۆرانەی کە پشتی بەسیخوڕ بەستووە و ئەم دیاردە بە زامن و فاکتی مانەوەی دەزانێ، ڕژیمی ئاخوندی ئێرانە.
بێهروز ئەردەڵان
یەکێک لەو ڕژیمە دیکتاتۆرانەی کە پشتی بەسیخوڕ بەستووە و ئەم دیاردە بە زامن و فاکتی مانەوەی دەزانێ، ڕژیمی ئاخوندی ئێرانە. بەشێوەی فەڕمی نێزیک بە سی و یەک هەزار کەس لە دەزگەی جاسووسی ئیتلاعات کار دەکەن و ئەم کەسگەلە بەشێوەی چڕوپڕ ڕادەهێنرێن. چالاکی ئەم دەزگا بەدناوە سنوورەکانی تێپەڕاندووە و وەک دیار وئاماژەی بۆ دەکرێت، ئەم سەرچاوە بۆتە گەورەترین هێزی ترسێنەرو هەواڵگری بەمەبەستی زەربە وەشاندن لە سازمان و حیزب و تێکڕای ئازادیخوازان و هەموو ئەو لایەن و کەسانەی کە لەگەڵ قازانجی ئاخوندان نایێنەوە.
ئێران کە هەستی ئازادیخوازانە تێیدا شەپۆل دەدات و ناڕەزایەتی تاپێدەچێت بەرەو سەر دەچێت، هەوڵی بەزیندانی کردنی دراوە و بۆ مەهاری ئەم هەستە دژە ڕژیمیە دەیان ئۆرگانی سەرکوت و جاسوس و هتد..... دروست کراوە.
کوردستان کە بە سەنگەری ئازادی ویستان ناسراوە و هیچ کاتێک بێ جووڵە نەبووە، ماوەی نێزیک بە چوار دەیەیە میلیتاریزەیە و بە دۆخێکی ئەمنی تونددا تێی دەپەڕێنن. سەرەتا بەهێرشی نیزامی دەستیان پێکرد ولەگەڵ خۆڕاگری کەم وێنەی خەڵک و پێشمەرگە بەرەووڕوو بوونەوە. لەگەڵ کوشتن و ئێعدام و زیندان، تاڵان و سووتان بووە کە رەستەو چەکی دامرکانەوەی شۆڕش و بە دروست کردنی جاش و جاسووس ژیانی کردە ئەو گۆڕستانەی کە ساڵهای ساڵ ناگەڕێتەوە جێگەو نۆرمی ژیانی مرۆڤایەتی. ئەو کەسانەی کە لەڕاستیدا ڕەگی خرابیان تێدایە و هەر بە سیخوڕی و خیانەت فرچکیان گرتووە، لەشارو دێکانی کوردستان قامکی خیانەت و ناپاکیان هەڵبڕی و چوونە ئەو ڕیزە نەیارو دژمنەوە کە هەتا ئێستاش بەردەوامن لە پاکتاوی نەتەوەکەمان و لاوەکانمان بەجوخەی مردن دەسپێرن و لە نەخۆشی و ناخۆشی و دەیان پەتای دەگلێنن. ڕژیمی ئاخوندی بە دەوورەدانی کوردستان بە سیخوڕ و پەرەپێدانی جاسووسی لەنێوخۆ، هەمووهەوڵی خستەگڕ بۆ بەچۆکداهێنانی جووڵانەوە و کوژاندنەوەی ئاوری شۆڕش و لەم پێناوەدا لەهیچ کردەویێکی جینایەتکارانە سڵی نەکردۆتەو ناکاتەوەکە دەکرێ بڵێین کوردستانی کردە تاقیگە. بەمەبەستی قاییم کردنی دەسەڵات و برەودان بە سیستمی ئیدئۆلۆژی خومەینی، لەهەوڵی گواستنەوەی دیاردەی سیخوڕی و کاری ئەم تۆڕە بەدناوە بۆ دەرەوە بووە و بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ناووچە و هاووکات بەرژەوەندخوازی وەڵاتانی ڕۆژئاوا، سیستمی جاسووسی و سیخوڕەکانی گەیشتوونەتە زۆربەی وەڵاتان و تەنانەت لە دوورترین شوێن گورزی ترۆریستی خۆی دەوەشێنێ و سیخوڕی داتاشیوە. تۆڕی سیخوڕی کە بە وەزارەتی ئیتلاعات ناسراوە، پشتیوانیێکی ماڵی گەورەی ڕژیمی لەپشتە و بەڕێژەی دوو وەزارەتخانەی کۆمەڵایەتی و پەروەردە بوودجەی بۆ تایبەت کراوە. ئەم وەزارەتە ناووزڕاوە پاڵپشتی سەرەکی سوپای پاسداران و قودسە و لەگەڵ ئەم دووە پێوەندیێکی توندووتۆڵی هەیە. کارەکانیان ئاوێتەی یەکە و ستراتیژیان لەلایەن خامەنەیی وەلی فەقێی ڕژیم دادەڕێژرێت. وەڵاتانی عێراق و سووریەو یەمەن و لوبنان و بەحرەین کە بوونەتە جێگەی نفوزو وتەراتێنی ڕژیم، لەقەیرانێکی قوڵ و چارەسەرنەکراوو ڕۆ چوون و بوونەتە دەستەچیلەی ئاخوندان بۆ بڵاووکردنەوەی بیری شێعەگەری. گواستنەوەی بیری دواکەوتوویان بۆ وەڵاتان لە بەرنامە درێژماوەکانی ڕژیمە و بە ئامانجی ئەم کارە چەند یەکە لە ترۆریستیەکانی بە پاڵپشتی تۆڕە سیخوڕیەکان لە ناووچە وەرداوە و لەهەموان چڕتر سوریەی وێران و عێراقی زۆرینە شێعەی کردۆتە چەقی پەرەپێدان و پەڕینەوەو هەناردەی ئەم بیرۆکە بۆ وەڵاتانی دیکە. ڕژیم لەسوریەوە ئیسڕائیلی کردۆتە ئامانج و لەبەرزاییەکانی جەولانەوە چاودێری ئەو وەڵاتە دەکات. ئەم هەنگاوە دژمنکارانەی ڕژیم دەنگی ناڕەزایەتی ئیسڕائیلی بەدووی خۆیدا هێناوە و هەڕەشەی کاردانەوەی کردووە. هاووکات تۆڕێکی سیخوڕی ئاخوندان لە ئاڵمان ئاشکرا کران و بە هێرشی پۆلیس بۆسەر شوێنی ئەو جاسووسانە، هەواڵەکەی دەنگی دایەوە. لەم پێوەندیەدا حەووتوونامەی فۆکس ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە ونووسی: ماڵ و شوێنی مانەوەی گومانلێکراوەکان لە ئەیالەتەکانی بادێن ووورتنبێرگ، بایرێن، برلین و نوودراینووێستفالین هەڵکەووتوون. بەپێی سەرچاوەکان، سیخوڕەکان سەروە یەکەیێکی سوپای قودسن. دادستانی ئاڵمان دەڵێ تاوانبارانی ئێرانی ماوەیێک بوو لەژێر چاودێریدا بوون. بەپێی دوایین ڕاپۆرت لەم بارەوە ، ئەوە سەلماوە کە ڕژیمی ئاخوندی لەگەڵ سیخوڕی کردن بەسەر نەیارانیەوە، بەدووی کۆمەڵێک زانیاری نهێنیە لەبارەی سیاسەتی دەرەوەیی و ئاسایشی ئاڵمان. لەئێستادا کە تەزاهورات وەڵاتی گرتۆتەوە و دامرکانەوەی نیە، سیخوڕو یەکە ترۆریستیەکانی ڕژیم دوایین هەوڵیان خستۆتەگڕ بۆ بەرەوو ڕووبوونەوە و لە ناوخۆ و دەرەوە تیر دەهاوێت.