کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئازادیخوازانی ئێران!
کۆڕ و کۆمەڵەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ!
بەپێی ڕاگەیاندنی پارێزەر حوسەین ئەحمەدی نیاز و بنەماڵەی حسەین پەناهی دوێنێ پێنجشەممە رێکەوتی ٢٥ ژانویەی ٢٠ ١٨ی زایینی،به ناو دادگای شۆرش له شاری سنه، حوکمی سێدارەی بۆ ڕامین حسەین پەناهی دەرکردووە. ئەو حوکمه لە کاتێکدایه کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگا گیراوە بۆ ڕامین و بە وتەی پارێزەرەکەی ئەو حوکمه زۆر لەپڕدا و هاوکات چاوەروان نەکراو بووه.
بەپێی قسەکانی خودی ڕامین و پارێزەرەکەشی، ناوبراو بۆ سەردانی بنەماڵەکەی چۆتەوە کوردستانی ئێران وبه هیچ شێوهیهک بەشداری لە تێکهەڵچوونی چەکداریدا نهبووه ، لەلایەکی ترەوە بە وتە و قسەی خۆدی رامین ، ناوبراو چهندین مانگ لە ژێر ئەشکەنجه دابووه، بۆیه بە لێکدانەوەی هەموو ئەوانه و بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیش ناوبراو شیاوی حوکمی سێداره نیه.
ئێمه وەک ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەو حوکمه نامرۆڤانه و نایاسایی دەزانین و پێمانوایه دادگا بە تەواوی لەژێر سێبەری بار و دۆخی سیاسیدا ئەو حوکمەی داوە و لەڕاستیدا بۆ تۆله کردنەوەیە لە کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵات کە لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی گەورەی جەماوەریان پێکهێناوە.
داواکارین کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان، کۆر و کۆمەڵ و رێکخراوە کوردوستانی، ئێرانی ونێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئەو حوکمه نادادپەروەرانەیه بێ دەنگ نەبن، ئەرکه لەسەر هەموومان و بە تایبەت لەسەر چالاکانی ناوخۆی وڵات کە نیشانی بدەن دژی ئەو حوکمه و بە گشتی حوکمه سیاسیەکانن کە لە کوردستان زۆر زیاتر لە شوێنەکانی دیکه بەرێوە دەچن و کۆماری ئیسلامی دەستی قۆرسی خۆی هەموو کات لە کوردستان دەوەشێنێت، بێ دەنگ بوونی ئێمه ڕادە و ژمارەی ئەو کارەساتانه زیاتر دەکات و هەر رۆژ دەبێت شاهیدی ئیعدام و لەناوچوونی زیاتری ڕۆلەکانمان بین.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
26ی ژانویهی 2018