سەردمی ئێمە، سەردەمی گواستنەوەی زانیاریەکانەو گواستنەوەی زانیاری حکومەت و سیاسیەکان تایبەمەندی خۆی هەیە
عەلی بارامی
سەردمی ئێمە، سەردەمی گواستنەوەی زانیاریەکانەو گواستنەوەی زانیاری حکومەت و سیاسیەکان تایبەمەندی خۆی هەیە. لەوەها حالێکدا بڵاو بوونەوەی زانیاری لە وەڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو پێویستی و گرینگی تایبەتی تر پەیدا دەکات و هۆکانی گەیاندنی زانیاری بە یەکێک لە مەترسیەکان بۆ سەر ئەو جۆرە دەسەڵاتانە دەبیندرێ. چوونکە نارۆکی دەسەڵاتەکانیان زیاتر و زووتر بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێ و ئەگەری پەرەسەندنی نارەزایەتیە جەماوەریەکان لە جۆرە حکومەتانە زیاتر دەبێ.
نزیک بە سێ دەیەیە سیستەمی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاریەکان بە تەواوی گۆرانی بەسەردا هاتووەو لەگەڵ گۆران و پێشکەوتنی بەردەوام لە تەکنەلۆژی، هۆکانی پێوەندی و گواستنەوەی زانیاریەکانیش زیاتر پێش دەکەون، هاوکات ئاسانتر دیواری سانسۆری دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان دەشکێنن.
لە نوێترین نمونەدا نارەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی ئێران دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ و دیکتاتۆری ئاخوندان بوو، کە لەگەڵ یەکەم چەخماخەی راپەرین لە شاری مەشهەد هەر زوو زیاتر لە 120 شاری دیکەی گرتەوەو رژیمیش لەبەرامبەر تەمژی پەرەسەندنی نارەزایەتیەکان تووشی شۆک و سەرسوورمان و دۆشدامان بوو، بۆیە یەکەم هەنگاوی سنووردار کردن و فیلتەر و داخستنی ئینتەرنێت و فەزای مەجازی لە ئێران بوو.
ئەگەر چی رژیم تێکرای ئورگانە سەرکوتگەرەکان و هێز و وزەی خۆی خستەگەر بۆ سەرکوتی ئەو راپەرینەو لێرەو لەوێ وا نیشان دەدا کە توانیویەتی راپەرینەکە سەرکوت بکات، بەڵام وەک دەبینین تا ئێستاش نارەزایەتیەکان بەردەوامیان هەیە و رق و بێزاری خەڵکی ئێران لەو رژیمە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە کڵپە کردندایە و کورەی خەباتی جەماوەری ئێران تا دێ زیاتر نێل دەدرێ. ئەم دۆخە نوێیەی لە ئێران دروست بووە نیشانی دەدا کە دەسەلاتی ئاخوندی توانای چارەسەری داوا مەشروع و رەواکانی خەڵکی نیەو تەنیا دەتوانێ بە سەرکوت وەڵامی خواستەکان بداتەوە کە ئەویش کاریگەری زیاتری هەیە لەسەر تەقینەوەی جەماوەری لە ئێران. ئەوەی لە ئێستادا ئاخوندانی وەزاڵە هێناوەو مەترسی لێ دەکەن فەزای مەجازیە، چوونکە پێیان وایە ئەوە فەزای مەجازیە بەو خێراییە ریزەکانی جەماوەری لە سەانسەری ئێران یەکخست و تێکرای سیستەمی ئاخوندی خستە مەترسیەوە. ئەو راستیەش ئاخوندان نایشارنەوەو بەئاشکرا ئوباڵی یەکخستن و یەکریزی دەخەنە ئەستۆی فەزای مەجازی و دەڵێن کە فەزای مەجازی و هۆکانی پێوەندی ناوەرۆکی گەندەڵ و نەخۆشی دەسەڵاتەکەیان بەو زووییە دەخاتە بەردەم خەڵک و ئاشکرای دەکات.
لەو بارەوە سێ ئاخوندی پلەبەرزی رژیم و ئەندام لە مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری رژیم لەسەر مەترسیەکانی فەزای مەجازی بۆ سەر رژیمەکەیان بەو جۆرە قسە دەکەن:
ئەحمەدی جەنەتی: فەزای مەجازی بەڵایەکە کە لە گیانی ئێمە بەربووە، ئەگەر بەریان بە فەزای مەجازی بگرتایە کار نەدەگەیشتە ئێرە.
ئەحمەدی خاتەمی لە دوای کۆبوونەوەی مەجلیسی خوبرەگان: هەموو ئەندامان نیگەرانن لە فەزای مەجازی و بە روونی وتیان ئەم بشێویانە لەلایەن گێرەشێوێنانی فەزای مەجازیەوە رێبەرایەتی کران. فەزای مەجازی کە بڵینگۆی بێگانەکانە، سەگی هارە. ئەم سەگە هارە ئەگەر بەرەڵا بکرێ دووبارە گاز دەگرێتەوە.
ناسری مەکارمی شیرازی: لەم دواییانەدا بەڵگەیەکیان لەپێوەند بە فەزای مەجازیان بۆ هێناوین، کە فەزای مەجازی لە بشێویەکانی ئەم دواییەی وەڵاتدا دەوری هەبووە، ئێمەش لە نێوخۆ خەریکین بەو رایە دەگەین کە فەزای مەجازی یەکێک لە هۆکانی ئەم بشێویانە بووە.
راستیەکە ئەوەیە کە فەزای مەجازی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی خەریکی هەڵوەشانەوەو هەڵتەکاندنی دەسەڵات و سیستەمێکی سەدەنێوەراستی و دواکەوتووە بە دەستی ئەو کۆمەڵگەی 4 دەیەیە هەوڵ بۆ رزگاری لە دەست ناوەرۆکی دواکەوتووانەی دەسەڵات دەدات. بۆیە روون و ئاشکرایە بزوتنەوە جەماوەریەکان لەم سەردەمەدا لە رێگەی شەپۆلی هۆکانی زانیاری و پێوەندی دەچێتە پێش و ئەو هۆیانە بەڵای گیانی دەسەڵاتی ئاخوندین و ئاساییە ئاخوندان ترسی گەورەیان لە فەزای مەجازی هەبێ و کار بۆ سنووردار کردنی بکەن. بەڵام ئەوەی ناتوانن تیایدا سەرکەوتوو نابن و لێی دەرباز نابن ئەو رق و بێزاریەی جەماوەرە کە فەزای مەجازی لێکی گرێ داون و لە ئەنجامدا دەبێتە راپەرینێکی گشتگیر و سیستەمی دواکەوتووی ئاخوندی بۆ هەمیشە لەگۆڕ دەنێ.