لە 12مین رۆژی هێرشی هێزەکانی سوپای تورکیە بۆ سەر شاری عەفرین، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل رادەگەیەنێ کە شەر لە سنوورەکانی بولبول بەردەوامە و هێزەکانی سوپای تورکیە و تاقمە چەکدارەکانی هاوپەیمانی هیچ پێشرەوییەکیان نەکردووە. ئەو وتەبێژەی یەکینەکانی پاراستنی گەل هەروەها دەڵێ کە ناحیە (بەخش)ی بولبول بەتەواوی لەدەست هێزەکانی سوریای دیموکرات (هسدە) و یەپەگەدایە.
لە لایەکی دیکەوە هەسەدە لە وەلامی راگەیاندنی سوپای تورکیە لە بارەی شەری یەک حەوتووی عەفرین، بڵاوکراوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ئامارێکی لەبارەی زەرەر و زیانەکانی یەک حەوتووی شەر بڵاو کردووتەوە.
ئامارەکەی هەسەدە بەمشێوەیە:
ـ هێزەکانی تورکیا بە هەزار و 893 مووشەک و چەکی قورسی جۆراوجۆر قۆڵەکانی جەنگ لە عەفرین و کۆمەڵگە نیشتەجێکانی دیکەی کردوونەتە ئامانج.
ـ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 460 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین و کۆمەڵگە نیشتەجێکانی دیکە ئەنجامداوە.
ـ هەلیکۆپتەری جۆری کۆبرا 15 هێرشیان کردووەتە سەر قۆڵەکانی جەنگ و کۆمەڵگە نیشتەجێکان.
ـ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەردەوام لە ئاسمانی عەفرین سووڕاونەتەوە.
- تاوەکو ئێستا هێزەکانی تورکیا و هەسەدە 250 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە.
ـ 473 سەربازی تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانی کوژراون.
ـ 32 تەرمی سەربازانی تورکیا و چەکدارانی هاوپەیمانی لە هێڵەکانی جەنگ جێماون.
ـ هێزەکانی هەسەدە، فڕۆکەیەکی چاودێرییان خستووەتەخوارەوە، سەرەڕای تێکشکاندنی 25 تانک و زرێپۆش.
ـ زیانگەیاندن بە11 تانک و زرێپۆش.
ـ دەستگرتن بەسەر زرێپۆشێکی جۆری عەقرەب و زرێپۆشێکی گواستنەوەی سەربازان و بڕێک چەک و تەقەمەنی.
ـ لەو شەڕوپێکدادانانەدا 34 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
ـ 30 کەسی سڤیل کوژراون، کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن، سەرەڕای دەیان بریندار.
ـ دەستگیرکردنی شەڕڤانێک لەلایەن سوپای تورکیا، سەرەڕای رفاندنی 6 کەسی دیکە لە
گوندەکانی نزیک سنووری تورکیا لەلایەن سوپای تورکیا و هاوپەیمانانی.
وێرای هەوڵێکی زۆری سوپای تورکیە و پروپاگەندەی جۆراوجۆر لەبارەی پەڵاماری هێزەکانی بۆسەر خەڵکی سڤیلی عەفرین، بەڵام راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە شر هەر لە سنوورەکانەو فرۆکە و تۆپخانەی تورکیە تا ئێستاش هەر سنورەکان دەکوتن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە هێزەکانی تورکیە تا ئێستا نەیانتوانیوە پێشرەوی بکەن و هێزەکانی هەسەدە بەریان بە پێشرەوی سوپای تورکیە گرتووە.