سروە محەممەدی
پێناسەی کورتی خۆکوژی بریتیە لە کۆتای هێنان بە ژیان بە ئارەزوو و بە ئیرادەی خۆت. وشەی خۆکوژی لە دوو دەستەواژەی لاتینی پێک هاتووە کە suiبە مانای (خۆ) و cide بەمانی (کوشتن) دێت. خۆکوشتن بەپێی لێکۆڵینەوەی زانایان دابەش بووە بە چوار جۆر:
1ـ خۆکوشتنی خۆویستانە، کە لە هەل و مەرجی تاک گەرایانەو دووربوون لە کۆمەڵگا روودەدات.
2ـ خۆکوشتنی دیترخوازانە، ئەمەش کاتێک روودەدات کە هاوپەیوەندییەکی زۆرت هەبێ بۆ کۆمەڵگە و دەورووبەر.
3ـ خۆکوشتنی بشێویانە، کە بەهۆی بێ بەرنامەیی و نەبونی سەرمایەو .... روودەدات.
4ـ خۆکوژی چارەنووس خوازانە ، ئەمەش کاتێک روودەدات کە هەموو بوارەکانی عەتف و سۆز و ئیرادەی تاکەکان لەژێر کۆنترۆڵی کۆمەڵگادابێت.
نوسەرێکی ئامریکایی دەڵێ: هیچ کەس بۆ ئەوەی کە دەیهەوێ بمرێ خۆکوژی ناکات، کەوایە بۆیە ئەوانە ئەو کارە دەکەن؟ چونکە دەیانهەوێ رێگری لە یەکێک لە دەردو کێشەکانیان بکەن. خۆکوژی دیاردەیەکی جیهانیەو بۆتە چەکێک بەدەست تاکەکانەوەو وەک دەیەمین هۆی مەرگ دەزاندرێ. ئەم دیاردەیە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا رووبەروی چین و توێژەکان دەبێتەوە بێ جیاوازی و لایەنێک لێی بێبەش نەبووە. بەڵام لەگەڵ ئەو راستیانەش ئەو دیاردەیە لە هێندێک لە وەلاتانی دواکەوتوو و خاوەن دەسەڵاتێکی ناخەڵکی زیاتر دەبیندرێ و ئەوەش بەو هۆیەوەیە کە تاکەکان هۆکاری زیاتریان بۆ گەیشتن بە کۆتایی رێگە و کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان هەیە. ئەگەر چاوێک بە کۆمەڵگەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا بخشێنینەوە، لەگەڵ بوونی ئەو گشتە قەیرانانە کە بەردەوام و روو لە زیادبوونن بێ گومان دیاردەی خۆکوژی سەرژمێرییەکانی لە ئاستێکی ترسناکدایە. کێشە و گرفتەکان وەک "دومینە" وان لەگەڵ کەوتنی یەکەم پوول کەوتنی باقی پوولەکانی بەدوا دا دێ و لەوەڵاتی ئێرانیش کێشە سیاسی و نەزانکارییەکانی ئاخوندان ژیانی ئابووری کۆمەڵگای وێران و خاپوور کردووە و وێرانبوونی کەرتی ئابووری دەیان و سەدان خەساری کۆمەلایەتی وەدی هێناوە. کەڵەکە بوونی ئەو گرفت و کێشانە دیاردەی خۆکوژی پەرە پێداوە و زۆرترینی ئەو هۆکارانەی لە وەلاتی ئێران وەک هۆکاری خۆکوژی دەناسرین بریتین لە: خراپی باری ئابوری کۆمەڵگە، دڵشکاوی تاکەکان، خەمۆکی، بەرەوسەرچوونی رێژەی تەڵاق لەنێو خێزانەکاندا، زۆربوونی ئێعتیاد، نەبوونی هۆکاری خۆشحاڵی و سەرگەرمی، بێکاری، هەژاری و برسیەتی ...... ئەمانە مشتێکن لە خەرواری ئەو کێشەو گرفتانەی کە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندانی گرتووە و بۆتە هۆکارێکیش بۆ پەنا بردنە بەر خۆکوشتن وەک رێگەیێک بۆ هەڵاتن لەو کێشانە. ئەوانە کێشەکانی کۆمەڵگان بە گشتی و ئەگەر بە جیاواز باسی چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگا چەوساوە بکەین بێگومان کێشەو گرفتی جیاوازترو زیاتر دەکەونە بەر چاوان، ئەگەر باسی چینی ئافرەت بکەین، دەبینین کە ئەوچینە قوربانی یەکەمی ئەو کۆمەڵگایەن و لە لایەن دەسەڵاتەوە جیاواز لە بەربەست و کیشە گشتیەکان دەیان لەمپەری تریان بۆ داتاشراوە و ئەو نیزامە بەتەواویی دژی ئەو چینە گرینگەی کۆمەڵگان. رێژەی ئەم خۆکوژیانە بەشێوەیەکی زیاتر لە پارێزگاکانی: بوێر ئەحمەد و کەهکیلویە، لورستان، ئیلام، کوردستان، خوزستان، تاران، خاوەنی زۆرترین سەرژمێری خۆکوژین، و هەروەها سەرچاوەکانی رژیم ئاماژەیان بەوە کردووە کە 70 لەسەدی رێژەی ئەم خۆکوژییانە لەنێوان گەنجاندایە. لە ئێرانێکدا کە سەرخان و ژێرخانی پیت و بەرەکەتە، خەڵکەکەی بەدەست دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتیەوە گیرۆدەن و رۆژانەی زۆرێک لە تاکەکان بۆ خۆ دەرباز کردن لە کێشەکان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن. بۆیە کۆتایی هەموو ئەم دیاردانە بەتایبەت خۆکوشتن، کۆتایی هێنانە بە دەسەلاتی ئاخوندان و دامەزرانی دەسەڵاتی دادپەروەر و دیموکراتیک کە هەموو نەتەوەکانی ئێران لە سایەیدا بە بەختەوەری بژین.