مرۆڤە هەڵکەوتەو نمونەییەکان هێماو سەرچاوەی کرداری باش و ڕێنوێن و پێشرەوی جەماوەرن بۆ گەیشتن بە داهاتووی روون و درەوشاوە.
مرۆڤە هەڵکەوتەو نمونەییەکان هێماو سەرچاوەی کرداری باش و ڕێنوێن و پێشرەوی جەماوەرن بۆ گەیشتن بە داهاتووی روون و درەوشاوە. بێگومان ناسین و ههست کردن و ساغ بوونەوە لەسەر زیندوویی و رەسەنایەتی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایێک، لە گەڵ ئەوەی چهند دیاردەو بنەمای سەرەکی هەیە، کە یەک لەو بنەماو فاکتەرانە، بوونی مرۆڤ و کەسایەتیە خاوەن بیرو باوەرو رێرەوی راست ونەگۆر و خۆراگر و بە هەڵوێسته.
گەلی کورد، کە نەتەوەیێکی ماف زەوتکراو و نیشتمان دابەشکراوە، گەلێک پیاوی مەردی مەیدان و رێ پیشاندەری دیار و خۆنەویست و گەل و نیشتمان خۆشەویستی تێدا هەڵکەوتوون کە جێی متمانە و باوەڕی نەتەوەن و بوونە قافڵەسالاری رێی ئازادی و رزگاری و بوونە پێناسەیەک لە ناسنامە نەتەوەییەکان و خەباتی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەری. مامۆستا شێخ عیزەدین رێبەری لێوەشاوە و شۆرشگێر، رەمزی ئارامی و برایەتی و بەرابەری ماف و ئازادیەکانی هەر دوو رەگەزی ژن و پیاو. مامۆستا شێخ عیزەدین، کوردێکی دڵسۆزی نەتەوەکەی، پێشەوایێکی ئایینی و نەتەوەیی خاوەن رێز و متمانە پێکراوی وردبین، سیاسیێکی دوربین بوو. مامۆستا تایبەت بە چین و لایەنێکی تایبەت نەبوو، موڵکی هەموو کورد و کوردستان بوو. دۆستێکی بەراستی دۆستانی کورد و دژمنێکی سەر سەختی ڕژیمی ئاخوندی داگیرکەرو کەسانی بەرچاو تەنگ و شۆڤێنیست بوو. مامۆستا ئەستێرەیکی درەوشاوەی ئاسمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئازادیخوازی هەموو گەلانی ناوچەکەش بوو. مامۆستا یەکێک لە ئوستورەکانی مێژوی مرۆڤایەتی و رێ نیشاندەری بەختەوەری و گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ بوو بە هەموو رەنگ و پێست و نەتەوە و زمان و فەرهەنگ و پێکهاتەکانیەوە.
مامۆستا شێخ عیزهدین یەکێک لەو سەرکردە و رێبەرە دیارانەی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەش بوو کە، زۆر شارەزایانە و دڵسۆزانە ئەوەندەی توانا و رێ دەستی هەبوو، بزاڤی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانی رێبەری کرد و وەک پێشرەو و رێ نیشاندەرێکی واقیع بین و دور ئەندیش و بە دوور لە هەر چەشنە چەواشکاری و بەرژەوەندی شەخسی ، دژی رژیمی ملهوڕی ئاخوندی له ئێران تێکۆشاو شان بە شانی لایەن و پیشمەرگەکانی کوردستان، لە گۆڕەپانی خەباتی نەتەوایەتی و سیاسی ئەم گەلە دا، قۆناغ بە قۆناغ مایەوە. هاوکات مامۆستا شێخ عزهدین پشتیوانێکی گهورهی سازمانی خهبات و مامۆستا سهید جهلال حوسهینی و کاک بابەشێخ حوسەینی بوو و حهزی به گهشهو پێشکهوتنی سازمانی خهبات دهکرد.
مامۆستا شێخ عیزهدینی سهربهرزو مهزن، لە پێناو ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی دا تاڵی و سوێری و نەهامەتی و دەربەدەری و تەنانەت برینداری و ماڵ وێرانی هاتنە رێ. بەڵام سەرەڕای هەموی ئەمانە و چونەسەری تەمەنی، لەسەر بڕیار و رێباز و ئەرکی پیرۆزی شۆڕشگیری و رێبەری بزاڤی شۆرشگێرانهدا، لە پێناو گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی، و تێکۆشان بۆ هاتنهدیی ئازادی له ئێران و تێکرای ناوچهی خۆرههلاتی ناوهراست تا دواهەناسەکانی ژیانی پڕ لەسەروەری و شانازی، وەک رێبەرێکی دڵسۆز و نەتەوە و نیشتمان خۆشەویست مایەوە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کە لە زۆر قۆناغی تێکۆشاندا تووش تەنگ و چەڵەمە بوو مامۆستا شێخ عیزەددین نەمر پشتیوانی لێ کرد و لە کاتی تەنگانەدا هاواکارمان بوو.
لە یادی حەوتەمین ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستای نەمر و رێبەری بەوەجی گەلەکەمان، وەفاداری خۆی بە رێباز و تێرامان و روانگەکانی مامۆستا دەردەبڕێتەوە و نەمان و لەداستدانی ئەو مرۆڤە بەرزو بەرچاوە بە خەسارەتێکی گەورە دەزانێ کە لە ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان و سازمانی خەبات کەوت. هەر بۆیە یادکردنەوە و رێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشان و بیرو باوەری ئەو رێبەرە مەزنە بە ئەرکی سەرشانی هەموو لایێک دەزانین و هیوادارین کە هەمووان بەرێزەوە یادی بکەنەوە و رێنوێنی و گوتار و کردارەکانی بکرێنە سەرمەشقی ژیانی رۆژانەی کار و چالاکی سیاسی و نەتەوەییمان.
هەزاران هەزار سڵاو بۆ رۆحی پاکی مامۆستای دڵسۆز و رێبەر و رێ نیشاندەری هەڵکەوتەی نەتەوەکەمان مامۆستا شێخ عزەدینی حوسێنی.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
20 رێبەندانی 1396