لهکاتێکدا له ساڵوهگهری ٣٩ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕژیمیێکی ئازاد ودێمۆکراتیک نزیک دهبینهوه کە خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی قۆناغێکی نوێی بڕیوە. خۆپیشاندان ونارهزایهتیه جەماوەرییەکانی ٧ی بەفرانبار و ڕۆژانی دواتری کاریگەی گەورەیان لە ئاستی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی دیکتاتۆری داناوە وسیمایهکی تازهی خهباتکارانهیان به بزووتنهوهی حهقخوازانهی گهلانی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و هەلپێچانی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بهخشیوه .
ئاخێزی بەرین و بهربڵاوی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری ژیان و مەعیشەتی خەڵکەوە بوو، بێگومان بەرهەمی سیاسەتی چەوت و گەندەڵیی ئابووریی داڕماوو ڕانتی و قۆرغکراوی سپای پاسداران و دام و دەزگا ئەمنییەتیەکانی سەر بە بەیتی خامنەیین کە هەر زۆر زوو ئاراستەیەکی سیاسیی بەخۆوە گرت و بەشداریی جەسوورانە و ماناداری ژنان، کرێکاران، خوێندکاران وباقی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هیوایەکی تازەیان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بەخشیوە. ناوەرۆکی ئەو خۆپیشاندانانە و پانتاییە جۆگرافیاییەکەی لە چاو خۆپیشاندانەکانی پێشووتری ئێران دەریان خست کە ئێران و خەباتی سیاسی و مەدەنی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. سەرەکیترین بەرهەم و تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە : داماڵینی مەشرووعییەت لە سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو باڵی ئیسڵاحخواز و بناژۆخوازو ههروهها کۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و داڕمانی هەیمەنەی ڕژیم و لە بەرامبەریشدا بەرزبوونەوەی ورەی خەباتکارانەی خەڵکی بە زاڵە هاتوو، سەڵماندی قەڵای دیکتاتوریەت لە بەرانبەر هێزو ئێرادەی جەماوەردا ، چهند لاوازو زەبوونه .
ئاشکرایە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی نگریسی لە هیچ ئامرازوشێوازێک بۆسەرکوت و داپڵۆسین، کوشتن و بڕین و زیندان و ئێعدام درێغی نەکردوە ، بەڵام نەیتوانیوە هەستی ئازادیخۆازی له ئێران بکوژێت . بۆیە پاش تۆمارکردنی مێژوویهکی رەش وکەڵک وەرگرتن لە هەموو دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانیەوە، بە هەموو پرۆپاگاندەی میدیایی و ئیرشاد و سیستمی پەروەردەکەیەوە نەیتوانی ئاراستەی ویستی خەڵک و ئامانجەکانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ کە بریتی بوون له نەهێشتنی هەڵاواردنی رەگەزی و چینایەتی، بههرهمهندی کەمایەتییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان لە مافه ڕەواکانیان ،و ههروهها دەستەبەکردنی مافی ژنان ، ئازادیی تاک و به گشتی بونیاتنانی ئێرانێکی ئازاد و دێمۆکرات وسکۆلار، بگۆڕێت .
لە ساڵیادی ٣٩ سالەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا بە چاوخشاندێکی کورت به باردوخی سیاسی و ئابووریی ئێرانی ژێردهسهلاتی کۆماری ئیسلامی بهروونی دهردهکهوێت که چۆن بەڕێوەبەرانی ئەو ڕژیمە ئاوات و ئامانجهکانی شورشی جهماوهرییان به لارێدا برد و به دواکهوتووترین یاسای سهردهم حاشایان له ماف وئازادییهکان کرد و وڵاتیان نوقمی گەندەڵی، دزی و تاڵان و بڕ و وێرانی کردوه .هەڵاوسانی ڕوو لە زیاد بوون و بەتاڵتربوونەوەی سندووقی پاشهکەوت، وەرشکستەیی بانکەکان، نوشستیی ئابووری و بێکاری و... ئابووریی ئێران و تەنانەت ڕژیم و دەسەڵاتیشی بە بن بەست گەیاندووە وتهنها ئاسوی گهش و هیوا بهخش بۆ کۆمهڵانی خهڵکی ئێران و چارهسهرکردنی ئەو کێشانه گۆڕانی سیستهمی سیاسیه ، که ئهمرۆ به پانتایی ئێران بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی (ژنان، خوێندکاران، لاوان، ژینگەپارێزی، کرێکاران و...) تێیدا لە گەشە سەندنی بەرچاودان. کەشی ترس و تۆقاندنی داسەپاوی دەیان ساڵەی ڕژیم شەقی گەورەی تێکەوتووە و خەڵک ترسیان ڕژاوە. لە ئاستی دەرەکی و ناوچەییشدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی گەورەی چارهەڵنەگر بەرەوڕووە. پشتیوانیی ئاشکرای لە تیرۆریزم، ئاژاوەگێڕی و شەڕەنگێزیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، بۆ دنیا ئاشکرایه و درێژهدانی ئهم سیاسهته چیدیکە قبوول ناکرێن .
بزووتنەوەی مافخۆازانهی کوردستان بە تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازانەکانی کە ههر له سهرهتاوه پێشەنگی خەبات بۆ ڕووخانی ڕژیمی تۆتالیتێر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی بووه، بێ گۆمان لە داهاتووشدا ئەرکی گەورەی لەو بوارە لە ئەستۆ دەبێت.
بە تێگەیشتنی دروست لە هەلومەرجی ئێستا و ئەرکمان لە بەردەم ئەم گۆڕانە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە ئێران، لەم بڕوایە داین کە یەکێتی ، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو ئازادیخوازان و ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی بۆ سەرخستنی ئەرک و ڕاسپاردە مێژووییەکانیان و پشتیوانی لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان پێویستییەکی چارەنووس ساز و حاشاهەڵنەگرە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای بەرز نرخاندنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دێمۆکرات و سیکۆلار و دادپەروەر، پشتیوانی لە خەباتی خەڵک بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانیان و سەرەنجام گۆڕینی ڕژیمی سیاسی لە ئێران دەکات و خۆی بە پاڵپشتی هەر بزووتنەوەیەکی دێموکراسیخوازانه دهزانێت بۆ لاوازکردن وههلپێجانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ولە سەر پێویستی هاوکاری و هاوپشتی و هاوخەباتیی هەموو خەباتکاران و ئازادیخوازانی ئێران پێداگری دەکاتەوە.
سهرکهوێت بزووتنهوی رزگاریخوازانهی گهڵی کورد ،
بڕووخێت دهسهلاتی کۆنهپهرستی کۆماری ئیسلامی له ئیران .
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
19ی رێبهندانی 1396 ههتاوی
٨ی فێوریەی ٢٠ ١٨ی زایینی