رۆژی دووشەممە ٥ی رێبەندانی ٢٧١٥ی کوردی لە بنکەی سکرتاریەتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنەکانی ئەندام لە لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرسەکانی تایبەت بە لاوانی رۆژهەڵات و ئالوگۆڕی بیروڕا و هاوئاهەنگی لە نێوان رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا بەرێز جەلال رەوانگەرد سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران ، بەرنامەی کار و تەوەرەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی خستە روو و لەسەر هەرکام لە بڕگەکانی "سەرلەنوێ ئەکتڤ کردنەوەی لیژنەی هاوئاهەنگی رۆژهەڵات، پرسی هەڵبژاردن لە ئێراندا و هاوهەڵویستی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات، پلانی سمینارێکی هاوبەش لە نێوان رێکخراوەکانی لاوان، و ئامادەکاری و بەرنامەڕێژی بۆ دووهەم کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵات"، باسەکانی خۆیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
دواتر هەرکام لە نوێنەری رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، بەڕیزان: "ئارام سلێمانی" بەرپرسی رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، "شیراز نادری" بەرپرسی رێکخراوی لاوان و قوتابیانی پارتی ئازادی کوردستان، "ئازاد سلێمانی" بەرپرسی رێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات، سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەهەمبەر تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە خستە روو.
لە کۆبونەوەی لێژنەی هاوئاهانگی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەلات سەبارەت بە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کۆمەلێک بریار و راسپاردەی نوێی پەسەندکرا کە بریتیبوون لە بەرێوەبردنی سمینارێکی هاوبەش سەبارەت بە پرسەکانی لاوان لە کوردستانی ئێران و هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو سەرجەم لەیەنەکان بەچاوخشاندنێک بە مێژووی بەناوهەڵبژاردنەکانی رژێمی ئاخوندی و چارەسەرنەبوونی کێشە و گرفتەکان و هەروەها نەگۆرانی لەسیاسەت و بەرنامەی خۆیی بەو ئاکامەش گەیشتن کە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەش وەک هەمووجارەکانی تر تەنها نمایشە و هیچ ئەنجامێکی دلخۆشکەری نابێت هەر لەو پەیوەندیەدا بریاردرا راگەیەندراوێکی هاوبەش بلاوبکرێتەوە
هەروەها کار بۆ ئەوەبکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دووەمین کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەلاتی کوردستان بە درووشمی" یەکریزی لاوان لەپێناو داهاتوویەکی گەش"دا بەرێوەبچێت هەربۆیە بریاردرا کە هەرکام لە لایەنە دابراوەکانی لێژنە بانگبکرێنەوە ولە پێناو یەکگوتاری و یەک هەڵوێستی رێکخراوەکانی لاوان هانگاوهەلبگرن
کۆبوونەوەی لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات کە زیاتر لە دوو ساڵە دامەزراوە لە کەشێکی دۆستانە، پاش ٢ کاتژمێر کۆتایی پێهات.