فوئاد جەعفەری
بە چاوخشاندنێک بە مێژووی ئیسلامدا بۆمان دەردەکەوێت کە بە سەرهەڵدانی بیری شێعەگەری، کێشە لە نێوان شێعە و سووننە سەری هەڵداوە و لە چەندین قۆناغی جیاوازدا کێشەکان قووڵ بوونەتەوە و یان تا ئەندازەێکی کەم ئاڵۆزییەکانی نیوانیان دامرکاوە. بەڵام لەم باسەدا نامەوێت ببمە حاکم و حوکم بدەم کە کامە لایان لەسەر حەقن و کامەیان ناحەقن، چونکوو ئەوە پێویستی بە حوکمی زانایان ئیسلامی هەیە و لەم باسەدا جێی نابێتەوە. بەڵام گەر بێینە سەر باسی کێشەی نێوان بەرەی سوننی و شێعە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و قووڵ بوونەوەی ئەم کیشانە تا ئاستی مەترسی سەرهەڵدانی شەری راستەوخۆ، دەبێت ئاورێک لە هاتنە سەر دەسەڵاتی رژێمی ئاخوندی لە ئێران بدەینەوە و بزانین بۆچی نێوانی عەرەبستان و ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئاخوندی ئەوەندە ئالۆزە و چی وایکردووە کە ئەم دوو وڵاتە سەرکردایەتی دوو بەرەی دژ بە یەک بکەن.
. وەک دەزانین بە سەرهەڵدانی نارەزایەتی لە لایەن نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران و رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، مەڵاکان بە قۆزتنەوەی هەڵ و بە پشتیوانی هێندێک لە زلهێزەکانی ئەو کاتەی جیهان توانییان دەست بە سەر شۆرشی گەلانی ئێراندا بگرن و ببنە خاوەن سفرەی حازر و ئامادە و هەر لەو سەردەمەدا دەسەڵاتدارانی رژێمی ئاخوندی درووشمی هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامییان ( فکری شێعەگەری) بۆ هەموو جیهان هەڵگرت و دەستیان دایە پشتیوانی لەو وڵاتانەی کە فکر و دەسەڵاتی شێعەیان تێدا زاڵ بوو، لەو وڵاتانەش کە دەسەڵات لە دەستی شێعەدا نەبوو دەستیان کرد بە پشتیوانی و سازدانی گرووپی تیرۆریستی و ئاژاوەگێر لە ناوچەکە و جیهان و بەم کارەی خۆیان مەبەستیان بوو کە هیلالی شێعە لە ناوچەکەدا بونیاد بنێن و بۆ ئەم کارەش سڵیان لە هیچ کارێک نەکردەوە و هەموو هەوڵی خۆیان خستە گەر و سەرمایەی خەڵکی ئێرانیان لەو رێگەدا بە فیرۆ دا. وەک دەزانین بەم چەشنە خوێندنەوەی رژێمی ئاخوندی لە ناوچەکە، زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بە تایبەت عەرەبستان کە وەک فیبلەی موسوڵمانانی جیهان خۆی بە سەرۆکی بەرەی سوننی دەزانێت و رژێمی ئاخوندی بە مەترسی راستەوخۆ بۆ سەر خۆی و وڵاتانی هاوپەیمانی لە قەڵەم دەدات وەخۆ کەوت و ئەویش بۆ درووستکردنی عەمارەتێکی سوننی لە ناوچەکەدا قۆڵی لێ هەڵماڵی. مێژووی دژایەتی عەرەبستان و ئێران مێژووێکی دوور و درێژە، بەڵام بە ئاوردانەوەێک لەم چەند ساڵی رابردوو بۆمان دەردەکەوێت کە رژێمی ئاخوندی پێشرەو بووە لە سەرهەڵدانی قەیرانەکان وەک ئەوەیکە لە حەجی ساڵی 1366 حاجیانی ئێرانی دژ بە ئیستێعمار و ئەمریکا لەو وڵاتەدا خرپیشاندانیان ساز کرد و لە ئاکامدا کەوتنە بەر دەسترێژی گوللەی هێزە چەکدارەکانی عەرەبستان و لەو نارەزایەتییانەدا 400 حاجی ئێرانی کوژران و زیاتر لە 300 کەسیش بریندار بوون کە ئەم کارەی حەجاجی ئێرانی بوو بە هۆی بچرانی پەیوەندییەکانی عەرەبستان لەگەڵ رژێمی ئاخوندی، هەر وەها دەبینین کە کێشەکان لە ساڵی 1394، گەیشتە لوتکە و لەم ساڵەدا چەندین رووداوی جۆراوجۆر وەک ئەوەیکە راگەێندرا کە لە فرۆکەخانەێک لە عەرەبستان دەستدرێژی کراوەتە سەر دوو لاوی ئێرانی و هەروەها کەوتنی کرێن بە سەر حاجیاندا و کوژرانی حاجیان لە رێورەسمی حەجی ئەمساڵ ئاوری نێوان عەرەبستان و رژێمی ئاخوندی زاتر گەش کردەوە. بەڵام تەنیا کێشەکانی عەرەبستان لەگەڵ رژێمی ئاخوندی لەم رووداوانەدا خۆی نابینێتەوە و وەک باس کرا پشتیوانی ماڵی و نیزامی رژێمی ئاخوندی لەو گرووپە شێعە توندرەوانەی کە لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بوونیان هەیە و بە تایبەتی عێراق، یەمەن ، بەحرەین، لۆبنان و سووریە و ...هتد. ئەم دوو ولاتەی بەرنبەر بە یەک وستانووەتەوە. وەک دیارە کە رژێمی ئاخوندی لە یەمەن پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی حوسی دەکات کە دەیانەوێت دەسەڵات لەو وڵاتەدا بگۆرن و خۆیان ببنە خاوەن دەسەڵات و عەرەبستانیش پشتیوانی لە دەسەڵات لەو وڵاتە دەکات و بە حکوومەتێکی شەرعی ناوی لێ دەبات. لە سووریەش بە گەیشتنی بەهاری عەرەبی بەو وڵاتە و هەست کردنی رژێمی ئاخوندی بە رووخانی دەسەڵاتی بەعسی بەشارئەسەد و مەترسی بچرانی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان و کەم بوونەوەی دەسەڵاتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەر زوو وەخۆ کەوت و بە ناردنی هێز و ئیمکاناتی نیزامی بەرهەڵستی خەڵکی نارازی بووەوە و تاکوو ئێستا دەبینین کە زیاتر لە 250 هەزار کەس لە خەڵکی بێ تاوانی ئەو وڵاتە کوژراون و بە میلیۆناش ئاوارە و بێ ماڵ و شوێن بوون و ئێستاشی لەگەڵدا بێت رژێمی ئاخوندی دەستی لە پشتیوانی کردنی حکوومەتی بەشارئەسەد هەڵنەگرتووە و بگرە بە هاوکاری رووسیە مەترسی شکستی حەرەکەتی ئازادیخوازی لەو وڵاتەدا بەرەو شکست پاڵ پێوە ناوە و عەرەبستان لەو ولاتەدا خۆی بە پشتیوانی هێزە شۆرشگێرەکان دەزانێت و رژێمی ئاخوندی لە بەرانبەری خۆیدا دەبینێتەوە.
جێی خۆیەتی لە باسی ئالۆزییەکانی سووریەدا ئاورێکی هەر چەند کورتیش لە یەکێکیتر لەو هۆکارانەی کە بە باوەری زۆرێک لە کارناسان و بە تایبەت ئەوانەی کە لە عەرەبستانەوە نزیکن بدەینەوە و ئەویش سەرهەڵدانی دەوڵەتی بە ناو ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش) ە و پەیوەندی رژێمی ئاخوندی بەم گرووپە توندرەوە تیرۆریستییەوەیە. زۆریک باوەریان وایە کە رژێمی ئاخوندی لە سەر هەڵدانی داعشدا دەستی هەبووە و لە ئێستاشدا هاوکاری یەکتر دەکەن. هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو بیرۆکەش کە پێ ناچێت دوور بێت لە راستی ئەوەیە کە، داعش کە خۆی بە دوژمنی سەرەکی شێعە دەزانێت و داوای حکوومەتێکی ئیسلامی سوونی دەکات و باس دەکرێت کە لە ئاکامی زۆڵم و زۆری دەسەڵاتی شێعە و پشتگوێ خستنیان بە تایبەت لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، بەڵام بە تێروانینی حەرەکت و شەرەکانی داعش بۆمان دەر دەکەوێت کە بە پێچەوانەی ئەم فکرە و لە بەرژەوەندی فکریەتی رژێمی ئاخوندی و سەرکوتی سونییەکانی ناوچەکەدا کار دەکات و زۆرتر ئەوان دەکاتە ئامانج. وەک بینیمان لە شارێکی وەک مووسل کە ئەو هەموو هێزە و ئەو هەموو کەل و پەڵە پێشکەوتووەی نیزامی لێ بوو لە ماوەێکی کەمدا بە بێ هیچ بەرەوروو بوونەوەێک هەمووی کەوتە دەستی داعش و مووسڵی داگیر کرد و دوای ئەوە لە کاتیکدا کە باس لە مەترسی داگیرکردنی بەغداد لە ئارادا بوو، لە کاتێکدا کە لە شارە مۆقەدەسەکانی شێعە زۆر نزیک ببوەوە و دەبێت هەر هیچ نەبێت بۆ تۆڵە کردنەوە لە شێعەکانیش بێت هێرشی بکرداێتە سەر ئەو شارانە و وەک ئەوی لە ناوچە ئیزەدی و مەسێحیەکاندا کردی رووی بداێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بینیمان روویان کردە هەرێمی کوردستان و لە سووریەش تاکوو ئێستا هیچ شەرێکیان لەگەڵ هێزی بەشارئەسەددا نەبووە و تەنیا لەگەڵ هێزە کوردییەکان و ئەو هێزانە نەبێت کە بەرهەڵستکاری ئەو حکوومەتەن. کە وابوو ئەو بیرۆکەیە لە راستی نزیک دەبێتەوە کە رژێمی ئاخوندی هەر هیچ نەبێت هاوپەیمانی داعشە. بەڵام لێرەدا قسە ئەوەیە کە بۆچی عەرەبستان لەم کاتەدا شێخ نەمری لە سێدارە دا؟ لە سێدارەدانی ئەو کەسایەتییە شێعەیە بە قازانجی کێ بوو؟ وەک دیارە عەرەبستان ماوەێک لەمەوبەر ئەو کەسەی بە ئێعدام مەحکووم کردبوو و لە زیندان هێشتبویەوە. لە کاتێکدا کە ناوچەکە بووە بە گۆرەپانی شەری زلهێزەکانی جیهان و هەر کامەیان دەیانەوێت بەشی خۆی لێ ببات، عەرەبستان بە لە سێدارەدانی نەمر رق و توورەیی لە ناو شێعەداندا و بە تایبەت رژێمی ئاخوندی هەڵگرساند و وەک بینیمان بەرپرسانی رژێمی ئاخوندی کەوتنە دژکردەوە نیشان دان و خامنیی دوای بیستنی ئەو هەواڵە بە توندی رایگەیاند کە خوێنی نەمر یەخەی بنەماڵەی سعوود دەگرێت و دوای ئەو زۆرێک لە توندرەوەکانی باڵی خامنەیی وەک سوپای پاسداران کەوتن هەرەشە کردن و پەیامی تۆڵە کردنەوەیان بۆ عەرەبستان نارد و هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانە و کونسووڵی عەرەبستان لە تاران و مەشهەد و سوتانیان و داگیریان کرد. وەک لە پەیمانە نێونەتەوەییەکاندا هاتووە، شوێنی دیپلۆماتیکی هەر وڵاتێک لە وڵاتێکیتردا وەک خاکی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار و بەم داگیرکاری و سوتاندنە هەر زوو عەرلاەبستان دژکردەوەی نیشان دا و هەموو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تاران بچراند و بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە عەرەبستان زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ئاستی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ رژێمی ئاخوندی بۆ کەمترین ئاست کەم کردەوە و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش ئەو کردەوەیان بە توندی مەحکووم کرد. تاکوو ئەو رادەیەی رژێمی ئاخوندی ئەم وەزعەی لە بەرژەوەندی خۆی نەدی و هەر زوو بە پێچەوانەی هەرەشەکانی سەرەتاییەوە کەوتنە پاساو هێنانەوە کە ئەوە کاری گرووپێکی خۆسەر بووە و بەڵێنی بە سزا گەیاندنی هێرشبەرانیان دا. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە چۆنە کە رژێمە لە رێگای زەبر و زەنگەوە ئەتوانێت خۆپیشاندانی ملیۆنی خەڵکی نارازی لە ئێران سەرکوت بکات بەڵام ناتوانێت پێش بە گرووپێک بگرێت کە هێرش نەکەنە سەر خاکی وڵاتێک و نەیسووتێنن. چۆنە کە لەسەرەتاوە هەرەشە دەکەن و دوایی بە بادانەوەی سەد و هەشتاد دەرەجە باس لەوە دەکەن کە ئەوە کاری رژێم نییە. لێرەدا بەو راستییە دەگەین کە لە سێدارەدانی نەمر هەر چەندە کێشەی نێوان بەرەی سوننی و شێعەی قووڵتر کردەوە بەڵام لە ئاکامدا لە بەرژەوەندی عەرەبستان شکاوە و عەرەبستان بۆ ئەوەی کە هەم پەیامێک بە ئەو شێعانەی کە لە وڵاتەکەیدا دەژین و هەر وەها رژێمی ئاخوندی کە خۆی بە پشتیوانی ئەو شێعانە دەزانێت بدات کە لەگەڵ هەر چەشنە ئاژاوەگێریێکدا بە توندترین شێوە هەڵسووکەوت دەکات و بەرپرچیان دەداتەوە. لە لاێکیترەوە عەرەبستان کە لە رێکەوتنی ناوکەیی نارازییە، ویستی بەم کارەی و بە هەڵویست وەرگرتنی رژێمی ئاخوندی بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بسەلمێنێت کە ئەو رژێمە جێگای باوەر نییە و قەد دەست لە پشتیوانی لە گرووپە تیررۆریستییەکان و دەستێوەردان لە ناوچەکەدا هەڵناگرێت. وەک دەرکەوت لە راستیشدا بە هاتنی تورکیە بۆ ناو بەرەی هاوپەیمانی عەرەبستان سەنگ و قورسایی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا زیاترە وەک لەوەیکە رژێمی ئاخوندی بیری لێ دەکاتەوە.
ئەو بابەتە لە ژمارەی 290ی تێکۆشان مانگنامەی سازمانی خەبات ی کوردستان بڵاوکراوەتەوە