خەڵکی مافخوازی کوردستان!
ڕۆڵە وشیارەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان!
هۆگران! پارێزەران و بەرگریکارانی زمانی کوردیلە وڵاتی ئێران!
وەک دەزانن ٢١ی فێوریەی هەموو ساڵێک (ئەمساڵ ٢ی ڕەشەمە) لە ئاستی جیهانیدا وەک ڕۆژی زمانی دایک ناسراوە و لەنێو گەل و نەتەوەکانی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.
مرۆڤ،بوونەوەرێکی شوناسخوازە و زمان لە نواندن و سەلماندنی ئەو شوناسەدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. زمان پڕرەنگترین نوێنگەی شوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بە رێگەی زمان، ژیان و شوناسی خۆی و دەوروبەر مانا دەکاتەوە. زمانی دایک، نەک هەر زمانی ئاخاوتن، بەڵکوو زمانی عاتیفە،زمانی هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە.
هەر ئەم ڕاستیانەش وای کردوە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، گرنگی بە مافەکانی پێوەندیدار بە زمان بە تایبەتی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک بدەن. بەشێک لەو مافانە لە پەسندکراوە نیودەوڵەتییەکانی وەک ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، ڕێککەوتننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە سیستمی پەروەردە و فێرکاریدا، کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان، کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی نژادی، بەیاننامەی مافی کەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی، ئێتنیکی و زمانییەکان و ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەکاندا، ڕەنگیان داوەتەوە و پێیان لە سەر داگیراوە.
ئێران لە رووی پێکهاتەی زمانی،نەتەوەیی،ئایینی و کولتوورییەوە،وڵاتێکی فرەچەشن و فرە نەتەوەیە. بەڵام دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە جیاتی داننان بە بوونی ئەو نەتەوانە و بە ڕەسمی ناسینی مافەکانیان و یەک لەوان قبووڵکردنی خوێندن بە زمانی خۆیان، ئینکار و سەرکوت و لە پەڕاوێز خستنی ئەو زمانانەیان کردوە بە سیاسەتی خۆیان. بە فەرمی نەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ ئەم نەتەوانە، لە رووی دەروونی،پەروەردە،کولتووری و زمانییەوە بووە بە سەرچاوەی گرفتی گەورە و زیانی قەرەبوونەکراو. لێکدانەوە و خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەم مافەی بەرەو ئاقارێکی دیکە بردووە. سیستمە شوینیستیەکان،شوناسی خۆیان تێکەڵکێشی زمانی باڵادەست کردوە و وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و لەپەراوێزخستنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە کاریان هێناوە. دەسەڵاتداران لە پەیوەندی لە گەڵ مافی زمانی و مافەکانی دیکەی پێکهاتەکانی ئێران، کۆمەلێک پاساو و هۆکار دێننەوە کە لە بنەڕەتدا بەلارێدا بردنی واقعی کێشەکەیە، بۆ نموونە بە کارهێنانی چەمکی "کەمینە" و "وردە فەرهەنگەکان". بە تەواوی ئاشکرایە کە کۆی کەمینەکان(نەتەوە ژێردەسەتەکان)،زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێکدێنن لە کاتێکدا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن. ئەم چەمکانە لەسەر بنەمای هەڵاواردن و بە فەرمی نەناسینی جیاوازییەکان و نکۆڵی کردن لە مافە سروشتی و سیاسیەکانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و زمانی وئایینیەکانی ئەم وڵاتە بنیات نراوە. ئەمەش راستەوخۆ دەکەوێتە چوارچێوەی سەرکوتێکی سیستامتیکەوە کە لایەنێکی یاسایی پێدراوە.
لە روانگەی دەسەڵاتدارانەوە، زمانی دایکیش هەڕەشەیە بۆ سەر "بەرژەوەندی نەتەوەیی"،"یەکپارچەیی خاک" و لە هەمانکاتدا، بیانوویەکە بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی خوازی. هەر بۆیە پێیان وایە کە ئەم چەمکە فەرمییانە دەبێت کۆڵەکە سەرەکییەکانی" شوناسی رەسەنی" ئێرانی بن.
لایەنگرانی سیاسەتی تەک زمانی، بریتین لەو کەسایەتی، رەوت و لایەنانە کە تەنها خاڵی هاوبەشیان،رەنگە هەمان زەروورەتی پاراستی پێگەی پاوانخوازانەی زمانی نەتەوەی باڵادەست بێت. ئەمە لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی بە کەم گرتنی زانست و ئەدەب و کولتووری نەتەوەکانی دیکە و بێ بایەخ کردن و تواندنەوەیان. گرتنەبەری ئەمسیاسەته، لە راستیدا بنەمای فکری، سیاسی و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی ئێران و رەوتە بێدەسەڵات و هاوبیرەکانیان بووە بە درێژای مێژوو تا دەگاتە ئێستا.
ئەم جۆرە روانین و سیاسەتە،بە کردەوە گورزێکی مەترسیداری لە پێکهاتەی فرەچەشن و رەنگاڵەیی ئێران داوە و مەترسی لەناوچوون و لەپەراوێزخستنی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی دیکەی بەدواوە بوو. بەڵام، بێ توانایی و لاوازیی پێکهاتەیی سیستمی سیاسی لە بەرەوپێشبردنی رەوتی یەکسانسازی و ئاسێمیلاسیۆنی فەرهەنگی و زمانی لە لایەک و وشیاریی نەتەوە بندەستەکان و بەرگریکردنیان لە زمانی خۆیان،هۆکاری سەرنەکەوتنی بووە.
ئەم ئیدیعایە کە بە فەرمی ناسینی زمانەکانی غەیرە فارسی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ویست و ئۆگری بە جیابوونەوەی نەتەوەکانی غەیرە فارس،زۆرتر لە ژێر کاریگەری "تئوری توگئه" و ماهییەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداراندا بووە. ئاشکرایە کە سەپاندنی زمانێکی تایبەت دەکەوێتە چوارچێوەی زمان کوشتن و سەرکوتێکی سیستماتیک بە تەواوی ماناوە. لە کاتێکدا لەم سەردەمەدا بە دەیان وڵاتی جیهان زیاتر لە یەک زمانی فەرمییان هەیە،سیستمی پەروەدرە وفێرکارییان چەند زمانەیە و زۆربەشیان خاوەنی سیستمێکی سیاسی سەقامگیر و دێموکراتیکن.
ئێمەی نەتەوەی کوردیش، وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و شارستانیەت، لە رابردوو و تەنانەت لە ئێستاش کە زمان و کولتوورمان لەلایەن کولتوورە زاڵ و باڵادەستەوکانەوە مەترسیی سڕینەوە و لەناوچوونی لەسەرە، بە ئەرکێکی نیشتمانی هەر تاکێکی کوردی دەزانین پرسی زمانی دایکی و پاراستنی بە هەند وەربگرێ و هەوڵی پاراستن وگەشەپێدانی بدات.
بانگاوازی ئێمە:
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاوڕ لە هەوڵ و خەباتی دڵسۆزانەی ڕووناکبیران، مامۆستایان، نووسەران،تویژەران و وێژەوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیوخۆی ئێران دەداتەوە کە سەرەرای گوشار و هەرەشە و کارشکێنیی دام و دەزگا حکوومەتییەکان، لە پاراستنی زمانەکەیان و خزمەتکردن و بووژاندنەوەی غافڵ نین.
لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا بانگەوازی ئێمە بۆ تێکڕای ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە: ڕۆژی زمانی دایک بکەن بە دەرفەتێک بۆ دەنگ هەڵبڕێن دژی سەرکوتی زمانی و پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی دیکەی ئێران. بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیکەی ٤٠ ساڵە تەنانەت لە سەر ڕێی جێبەجێبوونی ئەو لانیکەمە لە مافی زمانیی پێکهاتەکانی ئێرانیش کە لەقانوونی ئەساسیدا هاتوە،بوون بە کۆسپ و ڕێگر و کردوویانە بە هەوێنی بانگەشەی مۆرەکانی خۆیان لە بە ناو هەڵبژاردنەکاندا و، بەم جۆرە گاڵتە بە شوعوور و ویستی ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و زمانییانە دەکەن.
ئێمە داواکارین لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە تایبەتی لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، بە ئامانجی مەحکوومکردنی ستەم و سەرکوتی زمانی و نەتەوەیی لە ئێران و، بەرزڕاگرتنی زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆتان ببن بە یەکپارچە چالاکی. چاوەروانیی ئێمە ئەوەیە لە زانکۆکان، قوتابخانەکان،ئیدارەکان، بنکە و ناوەندە کولتوورییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەو ڕاگەیەنانەی دەنگتان پێیان دەگا، بەو پەڕی ڕاشکاوی و بوێرییەوە نارەزایەتی و بێزاریی خۆتان لە سیاسەتی زمانی و نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەنەوە. داوامان لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەگای کوردستان،مامۆستایان، قوتابیان، خوێندکاران و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێ،لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، یەکگرتوانە و بە کردەوە دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بکەنەوە.
بە هیوای هەر چی پڕ شکۆتر بەڕێوەچوونی ڕۆژی زمانی دایک لە کوردستان
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران