ئاخوند حەسەنی رۆحانی سەرۆککۆماری رژیمی ئێران، بەبۆنەی 22ی رێبەندان یادی سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران دژ بە رژیمی پاشایەتی لە ساڵی 1357دا، وتاری داو لە وتارەکەید
عەلی بارامی
ئاخوند حەسەنی رۆحانی سەرۆککۆماری رژیمی ئێران، بەبۆنەی 22ی رێبەندان یادی سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران دژ بە رژیمی پاشایەتی لە ساڵی 1357دا، وتاری داو لە وتارەکەیدا داوای بەرێوەچوونی رفراندۆم و گشتپرسی لە ئێران کرد و ئەوەی بە چارەسەری دۆخی چەقبەستووی رژیم ناوبرد.
ئەم داوایەی ئاخوند رۆحانی پێویستی بە وردبوونەوەو خوێندنەوە هەیە کە گەلۆ لە یادێکی وادا کە ساڵانە سەرانی رژیم بەشان و باڵی رژیمەکەیاندا هەڵدەداو دەسەڵاتەکەیان بە نمونە و کەم وێنە وێنا دەکرد، چۆنەو چ گۆراوە کە ئەوساڵ رۆحانی رفراندۆم بە چارەسەر دەزانێ و دەیهەوێ چارەسەری چی پێ بکات؟.
روونە لە کاتێکدا رۆحانی وتاری لەو چەشنە لە مەیدانی ئازادی تاران پێشکەش دەکا کە لە مانگێک لەوە پێشەوە لە زیاتر لە 130 شاری ئێران راپەرینی جەماوەری دژ بە رژیمی ئاخوندان بەرێوەچبوو و جەماوەری راپەریو دروشمی روخان و لەناوچوونی رژیمیان، وەک ویستی سەرەکی خۆیان بەرز کردەوە.
ئەوەی جەماوەری گەیاندە ئەو بروایەی کە رژیمی ئاخوندان دەبێ بروخێ لەلایەک کارنامەی نزیک بە 4 دەیە دەسەڵاتداریی ئاخوندان لە ئێرانە، کە لە وەڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێران خەڵکەکەی تووشی دەیان قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوون و هەژاری و برسیەتی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە. لە لایەکی دیکە گەندەڵی دارایی و ئیداری دەسەڵاتدارانی رژیمە، کە سەرانی ئەو دەسەڵاتە خۆیان و دەورووبەرەکەیان بە لاخستنی سەروەرت و سامانی خەڵک کە هەر یەکە دەیان ملیارد دولاریان لە بانکەکانی دەرەوەی وەڵات داناوەو گروپە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە بە پووڵی خەڵکی هەژاری ئێران ساپۆرت دەکرێن و بەرنامەی چەک و چۆڵی پر خەرجی وەک برنامەی ئەتۆمی و مووشەکی پەرە پێدەدەن، لە پێناو مانەوەو بەهێز کردنی دەسەڵاتەکەیان کە تا ئێستا لە حاست داوا و ویستی سەرەتایی خەڵکی ئێران بێ توانا و لاواز بووە یان ماڵیان بە خاوەن ماڵ رەوا نەدیوە!.
لە هەمان کاتدا شەری نێو باڵەکانی رژیم لەسەر دزی و لاخستنی زیاتری دەسەڵات و سەروەت بووەو رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ و لەو نێوەدا باڵەکانی رژیم رۆژانە رێژە و ئاستی دزی و فزی یەکتر بۆ خەڵک ئاشکرا دەکەن و ئەوەش دەرفەتی بۆ خەڵکی برسی رەخساندووە کە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی گەندەڵی رژیمدا بوێستنەوەو لێیان ڕاپەڕن.
رۆحانی لەو دۆخەی کە رژیمەکەی تێی کەوتووەو جەماوەری ئێران خوازیاری روخانی هەموو باڵ و پێکهاتەکانین، بە باس کردنی رفراندۆم کە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر! چەند ئامانج دەپێکێ، یەکەم ئەوەی کە بەو رێگە دەیەوێ رژیمەکەی لەو قەیران و دۆخە چەقبەستووەی تێی کەوتووە رزگار بکات و رق و بێزاری جەماوەر بۆ مایەک راگرێ و تەمەنی رژیمەکەی کەمێ درێژتر بکا، دووهەم ئەوەی کە لە شەری باڵەکاندا بتوانێ باڵی بەرامبەر (خامنەیی) پێ ملی ویستەکانی بکا و ئەو ئیمتیازاتانەی دەیهەوێ وەدەستی بێنێ، لەلایەکی دیکە بەر بە وەرینی زیاتری هێزەکانیان بگرن کە وەک بینیمان لە دوای سەرهەڵدانی راپەرین لە ئێران رێژەیەکی زۆری هێزەکانی رژیم پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی نارازی و راپەڕیو راگەیاند، وە خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە ئەم باسی رفراندۆمە تاکتیک و میکانیزمێکی فریوکارانەی دیکەی ئاخوندانەیە کە دەیانەوێ بەناوی گەرانەوە بۆ دەنگی خەڵک و گشتپرسی وا نیشان بدەن دەنگی گەل بۆ ئەوان نرخ و قیمەتی هەیە!.
بەڵام دروشمەکانی یەک مانگی رابردووی جەماوەری ئێران پەیامێکی روونی بە دەسەڵاتدارانی رژیم دا کە هاواریان کرد "اصلاحØ·لب، اصولگرا، دیگه تموم شد ماجرا" یانی ئەوەی کە خەڵکی ئێران بە هیچ دۆعایەکی ئاخوندان ناڵێن ئامین و دەسەڵاتەکەیان لە سەرە مەرگدایە و رۆحانی و دەسەڵاتدارانی رژیم بەو قسە و فرت و فێڵانە ناتوانن خۆیان لەو مەرگە حەتمیە رزگار بکەن.