ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٣٠ ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی (١٩ی فێوریەی ٢٠ ١٨ی زایینی) هێزە ئینتزامی و بەسیج و لیباس شەخسییەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی دەروێشە گونابادییەکان لە شەقامی پاسداران لە تاران گەڕەکی گوڵستانی حەوتەم.
بە پێی دوایین هەواڵەکان لە ئەنجامی ئەو هێرش و پەلامارانەدا، چەند کەس کوژراون و بریندار بوون، بەڵام ئاماری وردی کوژراو بریندارەکان هێشتا ناڕوونە. بە قسەی وتەبێژی هێزی ئینتزامی تاران ٥ کەس لە بەسیج و لیباس شەخسی و هێزە ئینتزامییەکان کورژاون و باس لە دەستگیر کردنی زیاتر لە ٣٠ ٠ کەس لەو دەروێشانە لە لایەن دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێت.
کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی دەروێشە گونابادییەکان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە کۆنترۆڵ کردنی ماڵی دوکتور "عەلی تابەندە" سەرۆکی تەریقەتی نیعمەتوڵڵاهی ناسراو بە "دەروێشە گونابادییەکان" بە بیانووی دروست کردنی ئیست و بازڕەسی (خاڵی پشکنین) و هەروەها ناڕەزایەتی بە دەستگیر کردنی "نیعمەتوڵڵا ریاحی" یەکێک لە دەروێشەکانی ئەم تەریقەتە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە گەڕەکی گوڵستانی حەوتەم لە باکووری تاران دەستی پێکرد. لە ماوەی ساڵانی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی تر لەم چەند ساڵەی دواییدا توندو تیژی بەرانبەر ئەم گرووپە ئایینییە لە ئێران هاتوەتە ئاراوە و بە هەزاران کەسیان لێ گیراوەو و راپێچی زیندانەکان کراون و سزای قورسی زیندان و دورخستنەوە و ئیعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکووم کردنی گرتن، سەرکوت و داپڵۆسین، کوشتن و بڕین و هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی دەسەڵاتی ئێران لەگەڵ ڕێڕەوانی تەریقەتی نیعمەتوڵڵای و باقی باوەڕمەندانی ئایین و ئاینزاکانی تر ، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان، هەموو ئازادیخوازانی جیهانی و ئێرانی دەکات، دژی سەرکوت و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دەروێشە گونابادییەکان و باقی باوەڕمەندانی جیاواز لە ئایینی ڕەسمی ئێران، دەستگیری و کوشتنیان بوەستنەوە و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت بەرامبەر بەم کردەوانەی دەسەڵات لە ئێران بێ دەنگ نەبن.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٠ ی فێورییەی ٢٠ ١٨ی زایینی