هێزەکانی رژیم لە بەندیخانەی ئیلام یەکێکی دیکە لە ناڕازیانی دەستبەسەرکراوی مانگی بەفرانباریان کوشت.
هێزەکانی رژیم لە بەندیخانەی ئیلام یەکێکی دیکە لە ناڕازیانی دەستبەسەرکراوی مانگی بەفرانباریان کوشت.
بەپێی هەواڵ، رۆژی یەکشەممە 6ی رەشەمەی 1396 هێزە جینایەتکارەکانی رژیم لە ئیلام بە بنەماڵەی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەیان راگەیاندووە کە کوڕەکەیان لە زیندان گیانی لەدەست داوە و بچن و تەرمەکەی وەربگرنەوە.
هەواڵدەریەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەو کورە کوردەی لە بەندیخانەی هێزەکانی رژیمدا گیانی لە دەست داوە “تالب بەساتی” خەڵکی مەلەکشاهیی ئیلامە. ناوبراو پەرستاری نەخۆشخانە و خێزاندار بووە کە پاش ناڕەزایەتییە گشتییەکان بە دژی حکومەت دەستبەسەر کراو و پاش ئەوەی دوو ئاڵای کوردستان لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە بێسەروشوێن کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی بەستامی کردووە کە ئەگەر هەواڵی کوژرانی رۆڵەکەیان میدیایی بکەن، ئیزنی بەڕێوەبردنی رێورەسمی بەخاکسپاردن و سەرەخۆشییان پێنادرێ.
ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە کە هێزە ئیتلاعاتییەکان لەکاتی گەڕان لە ماڵی تالب بەساتیدا بە بنەماڵەکەیان راگەیاندووە کە کوڕەکەیان بەهۆی فیلم هەڵگرتن لە خۆپیشاندانەکان و ناردنی بۆ میدیاکانی نزیک حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراوە.
لە دوای شەپۆلی نارەزایەتیەکانی ئەم دواییەی شارەکانی ئێران ئەمە پێنجەمین لاوی کوردە کە لە زیندانەکانی رژیمی ئێراندا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دەدا.