ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی کاسبکاران و بازاڕییانی شارەکانی بانە و پیرانشار لە ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەکانی ئەم شارانە دوکان و بازاڕییان داخست. ئاشکرایە لە ئێستادا بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارانە لە ئەنجامی سیاسەتی دواکەوتوو ڕاگرتنی بواری ئابووری کوردستان لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، بژیوی ژیانیان لەو سنوورانەوە دابین دەکەن. داخستنی سنوورەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە هەر بیانوویەکەوە کاریگەری خراپی لە سەر ژیان و گوزەرانی ئەو هەزاران کەسە و بنەماڵەکانیان بووە.
خەڵکی شارەکانی بانە و پیرانشار بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە ناڕەزایەتی بەو بێ مافییەی خەڵکی کوردستان دووکان و بازاڕەکانیان داخست و ئه م دوواییانه ش خەڵکی شاری مەریوان بۆ هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی شارەکانی بانە و پیرانشار دووکان و بازاڕەکانی داخست. پشتیوانی خەڵکی شاری مەریوان لە داخوازی و مانگرتنەکەی خەڵکی شارەکانی بانە و پیرانشار دەرخەری هاوچارەنووسی خەڵکی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا نیشانەیەکە لە پێگەیشتووی لە خەباتی مەدەنی خەڵکی کوردستان بۆ دەستەبەر کردنی ماف و داخوازییەکانیان.
ناوه ندی هاوکاری حیزبه کانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی داخستنی سنوورەکان و گوشار هێنان بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ئەم جووڵانەوە جەماوەریی و بویرانەیەی شارەکانی بانە، پیرانشار و مەریوان بەرز دەنرخێنێت و پشتیوانی خۆی لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی ئەو شارانە دەر دەبڕێت. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە هاوپشتی و هاوخەباتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، سەرکەوتن و دەستبەری مافەکانی خەڵکی کوردستان گەرەنتی دەکات.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
1/3/2018