116 ئەندامی گروپێکی تیرۆریستی سەر بە سوپای پاسدارانی رژیمی ئێران لە بەحرەین دەستبەسەر کران.
رۆژی شەممە 12ی رەشەمە هەواڵدەری حکومەتی بەحرەین رایگەیاند پۆلیسی ئەو وەڵاتە لە هەڵمەتێکدا 116 ئەندامی گروپێکی تیرۆریستیان دەستبەسەر کردووە کە لە هەوڵدابوون ئاسایشی و هێمنی ئەو وەلاتە بشێوێنن.
وەڵاتی بەحرەین لەو راگەیەندراوەدا دەڵێ ئەندامانی ئەو گروپە تیرۆریستیە لە هەروەها لە هەوڵدا بوون هێرش بکەنە سەر دامەزراوە نەوتی و گرینگەکانی بەحرەین و بەرپرسانی ئاسایشی.
بەحرەین هەروەها دەڵێ: 48 کەس لەوانەی دەستبەسەر کراون لە ئێران، عێراق و لوبنان دەورەی تەقەمەنی، چەکی سووک، تۆپخانە و ئار پی جی یان دیوە.
لەو بەیانیەدا هەروەها هاتووە: گروپە تیرۆریستیەکان بەچاودێری راستەوخۆی رێبەرانیان کە هەڵاتوون و ئێستا لە ئێران، عێراق و لوبنانن کارەکانیان ئەنجام دەداو بەرنامەرێژی بۆ کردەوەی تیرۆریستی بە پشتیوانی و هاوکاری سوپای پاسدارانی رژیمی ئێران بووە.
پۆلیسی بەحرەین هەروەها دەڵێ لە کاتی گرتنی ئەو گروپەدا 42 کلیۆ تەقەمەنی بەهێز، 757 مەواد بۆ سازکردنی بۆمب و چەندین قەبزە کڵاشینکۆف و نارنجۆک دەستی بەسەردا گیراوە.