رۆژی دوو شەممە 14ی رەشەمەی 1396 رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رەخنەی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان هەر لە گرتن و سەرکوتی ئازادی رادەبرین و شکەنجە، گرتووە.
بە پێێ راپۆرتی رۆیتەرز ئەو راپۆرتە لەلایەن ئەسما جەهانگیری رێپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کار و باری مافی مرۆڤ لە ئێران ئامادە و پێشکەشی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ئەو رێکخراوە کرابوو.
لە ئاخرین راپۆرتی ئەسما جەهانگیری دا هاتووە لە کاتی راپەرینی ئەم دواییەی ئێران کە نارەزایەتی بوو بە گەندەڵی و رەوشی ئابووری، زیاتر لە 20 کەس کوژراون و نزیک بە 450 کەسیش بریندار بوون. خانمی جەهانگیری لە راپۆرتی خۆیدا وێنەیەکی کە لە دۆخی مافی مرۆڤ نیشان داوە بە جێی نیگەرانی ناوبردووە و خوازیاری لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەبارەی شەپۆلی گرتن و سەرکوتی ئەم دواییە لە ئێران و کوشتنی ژمارەیەک لە نارازیان لە گرتووخانەکان کە دەبێ بەرپرسانی رژیم وەڵامدەر بن.
خانمی ئەسما جەهانگیری راپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران سەرلەبەیانی یەکشەممە 22ی رێبەندان لە تەمەنی 66 ساڵی و بەهۆی سەکتەی دڵەوە لە پاکستان کۆچی دوایی کرد.