نەورۆز هێمای ژیانەوەو پێکەوە بوون
بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆزەوە
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستانی ئێران
لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ دەچین کە کوردستانی ئێران لە ژێر زەبر و زەنگ و سیاسەتی سێدارە و سەرکوتی سیستماتیکی رێژیمی ئێران،ساڵێکی پڕ لە حەماسەتی ئەزموون کرد.
بەرچاوترین رووداوی سیاسی ئەم ساڵ.خۆپیشاندان و نارەزایەتی سەرتاسەری ئێران بوو کە بەشێک لە شارەکانی کوردستانیشی گرتەوە ئەوەی لە ئێڕان روویدا،گوزارشتێک بوو لە راپەڕینیێکی راستەقینەیجەماوەری بە مانای وشە. خۆپیشاندانەکان ریشەی لەو ناڕەزاییانە دابوو کە لە دژی هەژاری و بێ دەرەتانی و کارەساتی ژینگەیی هاتە کایەوە.
پێکهاتەی سەرەکی ئەم راپەڕینە جەماوەرییە لە خەڵکی ڕەش و ڕووت و هەژاری ناوچە پەراوێزخراوەکان پێکهات .لەم رووەشەوە دەکرێ بڵێین کە کۆماری ئیسلامی لەرووی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە،تووشی هەرەس هێنان بووە.
بەرچاوترین تایبەتمەندی راپەرینی ئەم جارە، کردنە ئامانجی رێبەریی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە تەواوییەتی خۆیدا. هەر چەند سەرانی رژێمی ئێران هەوڵیان دا سەرەداوی ئەم خۆپیشاندانانە گرێ بدەن بە دەستی دەرەکییەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، کە حکومەت بە تەواوی لە ئاستی ویست و داواکاریەکانی خەڵک دەستوەوەستانە و توانای چارەسەرکردنیانی نییە.
لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانە،بەشداری خەڵکی شۆڕشگێری کرماشان بوو لە خۆپیشاندانی سەراسەری ئێران،بە جۆرێک کە قورسایی و سەنگی تایبەتیی هەبوو.ئەم بەشە لە نیشتمان بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و هەڵوێستی نیشتمانییان،بەرەوڕووی هێزی داپلۆسێنەر و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بوونەوە.لە راستیدا پارێزگای کرماشان ئەم جارە فاکتەرێکی کاریگەرو ئیلهامبەخشی نارەزایەتی و بزوونتەوەی ئێعترازیی کوردستان و ئێران بوو.
بوومە لەرزەکەی کرماشان، لە دەرکەوتنی بوومەلەرزەی سیاسی ئەم جارە بێ کاریگەر نەبوو. ئەم رووداوە وەبیری گەلانی ئێرانی هێنیاوە کە کە پانتایی و قووڵایی گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی تا چ رادەیەکە. پەیامێکی دیکەی ئەم بوومەلەرزیە ئەوە بوو، کە گەلانی ژێر ستەم ئێران بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی هاوچەرەنووسن.
هەر بەو پێیە ،بینیمان کە خەڵکی کوردستانی ئێران دوای روودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان،بە چ هەستێکی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرییەوە بە هانای هاونیشتمانیانی لێقەوماوی خۆیان لە پارێزگای کرماشانەوە چوون.وەرێ خستنی کەمپەین و بەڕێکردنی کاروانی یارمەتی بەشێک لەم هاوسۆزییەوە بوو کە تەنانەت هاوسۆزی و یارمەتی کوردانی دەرەوەی وڵاتیشی بۆ لێقەوماوان گرتەوە.ئەم هەست و هاوسۆزییەوە بەدەر لە لایەنی ئەخلاقی ومرۆیی،وێنەیەکی دەگمەنی لە هاوخەباتی و یەکڕیزی خەڵکی کوردستانی ئێران خستە روو،بە جۆرێک کە کارەساتی سروشتی و حەماسەی نەتەوەیی ئاوێتەی یەکتر بوون.ئەمەش وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی و پڕبەها ی رەوتی رزگاری نەتەوەییە.
لە م ساڵدا،سیاسەتی زەبروزەنگ و سەرکوتی سیستماتیک وەک سیاسەتی هەمیشەیی و بەشێکی جیانەکراوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەوام بوو.لە سێدارەدانی ئازادیخوازان ،زیندانیکردن و بێ سەروشوێنکردنی جیابیران و چالاکانی مەدەنی و تێکۆشەرانی سیاسی،کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی کاسب کار لەناوچە سنووریەکان بەشێک لەم سەرکوتە سیستماتیکە بوو.
خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج،هاتنە سەر شەقامی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارو ناوچەکانی کوردستانی ئێران بوو بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی باشووری کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی،هەروەها دەربڕینی نارەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی کاسبکاران بوو کە لە گەڵ هێزی سەرکوت و توندوتیژی بەروڕوویان بووەوە .لە ئەنجامی ئەم سەرکوتەدا ژمارەکەی بەرچاو لە رۆڵەکانی نیشتمان دەستگیر و زیندانی کراون.لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانە حوزوری بەرچاو کچان و ژنانی ئازادیخوازی کوردستان بوو کە مخاب ژمارەیەکیان دەستگیر و رەوانەی سیاچاڵەکانی رێژیم کران.
ئەمساڵ کە رابرد،دەستپێکەکەی بە نەورۆزی جامانەکان بوو.دوای ئەو هەموو حەماسەتە کە ئاماژەیان پێکرا،جێی خۆیەتی نەورۆزێک کە دادێ،بە هەمان شکۆوە و بە هەمان حەماسەوە بە جامانە و هەوری و لەبەرکردنی جل و بەرگی کوردی وهەڵگرتنی گوڵی سوور بڕازێندرێتەوە و لە گەل ژیانەوەی سروشت،ژیانەوەی نەورۆزی جامەنەکان بۆ نیشتمان بکرێ بە دیاری.هەر بۆیە داواکارین یەک دەنگ و یەک هەڵوێست،بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ بچن.
بێگومان هاوخەباتی و یەکڕیزی نەتەوەکەمان،رەمزی سەرکەوتنمانە .لەم روانگەشەوە داوا لە سەرجەم خەڵکی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەی کوردستانی ئێران دەکەین بە هەمان ئیرادە و رۆحییەی هاوخەباتییەوە لە خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیکی خۆیان بەردەوام بن و ریزەکانی خۆیان بەهێزتر و پتەوتر بکەن و سەری ساڵی نوێ پیرۆز بکەن.
لە کۆتاییدا پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی لە سەرجەم هاونیشتمانان و ر٠۶لە ئازادیخوازەکانی دەکەین
و هیوادارین ساڵی داهاتوو،ساڵی هاوخەباتی و دەستکەوتی زیاتر بێت بۆ نەتەوەکەمان.
سەرکەوێ ئیرادەی نەتەوەیی و هاوخەباتیمان
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۱·/۱۲/۱۳۹٦
پێکهاتوو لە:
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران