رۆژی پێنج شەممە 24ی رەشەممەی 1396 لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئەد رۆیس رەشنوسێکی دوو حیزبی
رۆژی پێنج شەممە 24ی رەشەممەی 1396 لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئەد رۆیس رەشنوسێکی دوو حیزبی پەسەند کرا بۆ لێپێچینەوە و گەمارۆی رژیمی ئێران بەهۆی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و بەبارمتەگرتن.
ئەو رەشنووسە کە لەلایەن مایکل مەک کاڵ سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی ناوخۆی ئەنجومەن پێشکەش کرا تا ئێستا لەلایەن 45 ئەندامی کۆمیتەکە لە هەر دوو پارت پشتیوانی لێ دەکرێ لەوانە ئەد رۆیس سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوە، ئەلیوت ئەنگل سەرۆکی دیموکراتەکان لەو کۆمیتە و تێد دویچ سەرۆکی دیموکراتەکان لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی ئەو کۆمیتەیە.
لەبەشێکی ئەو پەسەندکراوە (4744) هاتووە: بەرپرسانی رژیمی ئێران لە درێژەی پێشێلکاری بەڵێنە نێونەتەوەیەکانی خۆیان بەردەوامن لە پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران.
ئەو پەسەندکراوە ئیشارەی بە کردەوەی سەرکوتگەرانەی رژیم دژ بە کەمینە مەزهەبیەکان و هەروەها سەرکوتی جینایەتکارانەی ساڵەکانی 78 و 88ی خەڵکی ئێران و دەڵێ: بەرپرسانی پلەبەرزی دەوڵەتی و سەربازی و ئەمنیەتی لە ئێران درێژە بە دەرکردنی فەرمان، کونترۆڵ و بەرێوەبردنی پێشێلکاریەکان و پێشێلی بەرچاوی مافی مرۆڤ دەدەن و زۆر کات ئەوە سیاسەتی فەرمی رژیمی ئێران بە حیساب دێ.
لەبەشێکی دیکەدا ئەو پەسەندکراوە رایدەگەیەنێ ئەمریکا پێویستە بەربەست دروست کات لەبەردەم تواناکانی رژیمی ئێران بۆ درێژەدان بە سەرکوتی خەڵکی ئێران و توندوتیژی و ئێعدام بۆ بێ دەنگ کردنی نارازیانی پشتیوانی دیموکراسی.
لەو پەسەندکراوەدا هەروەها ئیشارە بە پێویستی پشتیوانی ئەمریکا لە هەوڵەکانی خەڵکی ئێران بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و دامەزرانی سیستەمێکی سیاسی دیموکراتیک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازادی خەڵک و پێویستی هاوکاری ئەمریکا بۆ دەستراگەیشتنی ئازادانەی خەڵکی ئێران بە ئینتەرنێت و راگەیەنەکان پێداگری کراوەتەوە.