هومێدەوارم ساڵی نوێ ساڵی هاتنەدیی تێکڕای مافەکانی گەلی کوردو گەلانی ئێران بێ و لە ساڵی تازەدا شاهیدی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان بین.
هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان!
تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی!
گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەم بۆ بۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و ساڵی 1397 کۆچی خۆری.
هومێدەوارم ساڵی نوێ ساڵی هاتنەدیی تێکڕای مافەکانی گەلی کوردو گەلانی ئێران بێ و لە ساڵی تازەدا شاهیدی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان بین.
لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆزو ساڵی نوێ دەچین بەداخەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست کێشەو ئاڵۆزی و جەنگ و ماڵوێرانی لە ئارادایە.
دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە ناوچەکەدا بەوپەڕی بێ رەحمی خەڵک دەچەوسێننەوەو سەرەتایی ترین بنەماکانی مافی مرۆف پێشێل دەکەن.
حکومەتە ستەمگەرەکان لە ئێران، تورکیە، سوریەو عێراق بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو گەلی کورد دەچەوسێننەوەو جینایەتی قێزەون لە بەرانبەر ژن و منداڵ پەیڕەو دەکەن و شارو دێی کوردستان وێران دەکەن.
بێگومان بەشی هەرە زۆری ئەو سیاسەت و بەرنامە دژمنانەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی لە ئێران دادەڕێژرێ.
ئەو ستەم و جینایەتەی لە بەرانبەر خەڵکی عەفرین و ئەو جینایەتەی لە بەرانبەر خەڵکی کورد لە کەرکوک و خورماتوو کرا گرێدراوی هەمان جینایەت و درندەییە کە نزیک بە چل ساڵە لە بەرانبەر خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران و خەڵکی تێکرای ئێران بەڕێوە دەچێ.
لە هەموو ئەو جینایەتانەدا شوێن پێ و جێ دەستی بەرپرسانی رژیم و پاسدارو
بەکرێگیراوەکانی بە ئاشکرا دەبیندرێن.
جینایەتی حکومەتی تورکیە لە بەرانبەر دانیشتونی عەفرین و جینایەت و تاوان بەرانبەر خەڵکی کەرکوک، زنجیرەی هەمان تاوانە کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەرانبەر خەڵکی کورد و خەڵکی ئێران ئەنجامی دەدەن، هیچ گومان لەوەدانیە کە رژیمی ئاخوندی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستی لەو جینایەت بەرانبەر بە گەلی کوردو هەموو ئازادیخوازێک لە ناوچەکەدا هەیە.
لەم نەورۆزە پیرۆزەدا بە توندی هێرشی هێزەکانی تورکیە بۆسەر دانیشتوانی عفرین و هەروەها جینایەتی حکومەتی بەشار ئەسەد و پاسدارەکانی رژیمی ئاخوندی بۆ سەر خەڵکی ستەملێکراوی سوریە مەحکوم دەکەم و هەر لەم بۆنەدا داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و ووڵاتانی خاوەن هێز دەکەم بەرانبەر ئەو جینایەتانە بێ دەنگ نەبن.
هاونیشتمانیانی دڵسۆز!
تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی!
لە گەڵ ئەوەی دەزانم کە چەندە هەلومەرجی ژیان سەختەو ئێوەی تێکۆشەر چەندە تامی تاڵی ستەمی دەسەڵاتداران و هێزە سەرکوتگەرەکانیان دەبینن و دەچێژن، بەڵام سەرەرای ئەو هەلومەرجە نالەبارانەش دەزانم نەورۆزی (هەوریی و جامانەکان )و ساڵی نوێ دەکەنە هەوێنی خەبات و تێکۆشان لە بەرانبەر حکومەتی ملهورو ستەمگەری ئاخوندی و وەرزێکی نوێ لە بەربەرەکانی لە بەرانبەر ستەم و بێدادی دەست پێ دەکەنەوەو کوردستان دەکەنە مەکۆی راپەرین و بە گژداهاتنەوەی ستەم و بێدادی. بێگومان رۆژە سەخت و ناخۆشەکان و زیندانی درێژماوەو ئێعدامی رۆژانەی لاوانی تێکۆشەر گەلێک ئەستەم و هەژێنەرن تا ئەو دەسەڵاتە ملهورە حوکمی ئێران بکات و تا گەلی کورد بە مافەکانی نەگات کۆتایی بە رۆژە سەختەکان نایەو ئارامی و ئاسودەیی باڵ ناکێشێ بە سەر ووڵاتدا.
جێگەی شانازیە کە جەماوەری قارەمانی کوردستان لە ساڵی رابردوو لە بۆنە جیاجیاکاندا ڕقی پیرۆزیان بەرانبەر بە دەسەڵات و ناوەندە سەرکوتگەریەکانی دەربڕی. یەکگرتوویی هاونیشتمانیانی دڵسۆز لە بەرانبەر دژمن و هەروەها لە کاتی روودانی بوومەلەرزەی ناوچەی کرماشان و هاوکاری بەرینی خەڵک بۆ لێقەوماوان، دڵسۆزی و هەستی نەتەوەیی و هاوونیشتمانی بوونی تێکرای دانیشتوانی کورستانی دەرخست و لە هەمانکاتدا بێ دەربەستی و کەمتەرخەمی و جینایەتکاری و رقی کاربەدەستانی دەسەڵات بەرانبەر خەڵکی کوردستان دەرخست.
خەڵکی خۆراگری ئێران!
دلسۆزان و خەباتکارانی رێگەی ئازای!
لە ساڵی رابردودا رژیمی دەسەڵاتداری ئێران دەستێوەردانەکانی لە ووڵاتانی ناوچەکە زیاتر پەرە پێداوە کە ئەو دەستێوەردانانە بوونە هۆی نیگەرانی ووڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت عەربستانی سعودی و هاوپەیمانانی و هەروەها کاردانەوەی ئیسرائیل، بە شێوەیەک کە ئەو ووڵاتانە کار دەکەن بۆ روبەروبوونەوی رژیمی ئیران و ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ لە ناوچەکەدا نزیکە. لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی جیهانی و بە تایبەت ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژئاویی لە دەستێوردانەکانی رژیمی ئێران و پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژو پێشێکردنی مافەکانی مرۆف لە ئێراندا نیگەرانن و بە تازەیی ووڵاتانی فەرانسە، ئاڵمان، ئینگلستان لە گەڵ ئەمریکا باسیان لە کۆتایی هێنانی بەرنامە چەکسازی و مووشەکیەکانی رژیم کردوەو، ئەگەری زۆرە خاڵ و تێ بینیەکانی ئەمریکا لە سەر رێکەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ رژیم پەسەند بکەن. ئەو فشارە جیهانی و ناوچەییانە بە رادەیەکن کە رژیمی ئێرانی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە تووش قەیران کردوە. بەرپرسانی رژیم بۆ داپۆشینی ئەو گشتە کێشە سیاسی و ئابووریەو ترس لە راپەرینی یەکجاریی خەڵک سەرکوت و جینایەت بەرانبەر جەماوەری زیاتر پەرە پێداوەو سەدان کەس لە لاوە شۆڕشگێرەکانی زیندانی و شکەنجە کرد و دەیان کەسی ئیعدام کردوە. جێگەی دڵخۆشیە خەڵکی ئێران و ئافرەتان و لاوانی شۆرشگێر نەک لە بەرانبەر ئەو جینایەتانەدا بێدەنگ نەبوون بەڵکوو لە بەرانبەر دەسەڵاتدا شێلگیرانەتر خۆراگریان کردو شارە جیاجیاکانی ئێران بووە مەیدانی نارەزایەتی بەرینی خەڵکی وەزاڵەهاتوو.
بێگومان جێگەی خۆیەتی دەوری ئافرەتان و بە گژداهاتنەوەی دەسەڵات و بەرنگاریان لە بەرانبەر حیجابی زۆرەملێ و تێکۆشانی کەم وێنەیان لەو خەباتە نەپساوە لە بەرانبەر حکومەتی ئاخوندی بە هێمای روخانی رژیمی ملهوری ئاخوندی و گەیشتن بە ئازادی ببینین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە جێژنی نەورۆز و ساڵی نوێدا بەڵێن بە جەماوەری خۆراگری کوردستان و کەس و کاری شەهیدان و تێکرای تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی دەدا بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی گەلی کوردو روخانی رژیمی ملهوری ئاخوندی ئێران، ئاوەدان کردنەوەو گەشەپێدانی نیشتمان و سارێژکردنەوەی برین و ئازارەکان لە کارو تێکۆشان بەردەوام دەبێ.
پیرۆز بێ نەورۆزو ساڵی نوێ
نەمان بۆ ستەم و بێدادی
مەرگ و نەمان بۆ رژیمی ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
27ی رەشەممەی 1396