وێرای هەوڵی چری ناوەندە ئەمنیەتیەکانی رژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان و بانگهێشتی چالاکانی کورد لە کوردستان و بۆ ئەوەی رێورەسمی نەورۆز بەرێوەنەچێ و ئاگری نەور
وێرای هەوڵی چری ناوەندە ئەمنیەتیەکانی رژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان و بانگهێشتی چالاکانی کورد لە کوردستان و بۆ ئەوەی رێورەسمی نەورۆز بەرێوەنەچێ و ئاگری نەورۆز نەکرێتەوە، خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستان بەجۆش و خرۆشێکی کەم وێنەوە پێشوازیان لە نەورۆز و ساڵی نوێ کرد.
لە دوای راگەیاندنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و داوای ئەو ناوەندە لە خەڵکی کوردستان بۆ بەرێوەبردنی بەشکۆی نەورۆزی جامانەو هەوری رۆژی سێ شەممە 29ی رەشەممەی 1396ی هەتاوی، خەڵکی شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەپۆشینی جلوبەرگی کوردی و لەمل کردن و بەستنی جامانە و خانمانیش بە لەسەرکردنی هەوری پێشوازیەکی کوردانەیان لە ئاگری نەورۆزی 1397 (2718ی کوردی) کرد.
بەپێی هەواڵەکان، لە تێکرای شارەکانی کوردستان بەتایبەت شارەکانی ئیلام، کرماشان، پاوە، جوانرۆ، ئیسلامئاوای غەرب، دێولان، سنە، کامیاران، مەریوان، سەقز، بۆکان، بانە، سەردەشت، مەهاباد، نەغەدە، تیکاب، ورمێ، پیرانشار، شنۆ، خۆی، ماکۆ و زۆر ناوچەی دیکە بە جۆش و خرۆشێکی کەموێنەوە رێورەسمی نەتەوەیی نەورۆزیان بەرێوەبرد.