رۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سی و حەوتەمین دانیشتنی خۆیدا لە ژنێف، بریارنامەی درێژکردنەوەی کاری راپۆرتدەری
شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری راپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی لە ئێراندا، درێژ کردەوە
خەباتمێدیا: رۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سی و حەوتەمین دانیشتنی خۆیدا لە ژنێف، بریارنامەی درێژکردنەوەی کاری راپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی لە کاروباری ئێرانی پەسەند کرد.
ئەم بریارنامە بە ٢١ دەنگی بەڵێ و تەنیا ٩ دەنگی نەخێر پەسەند کرا. لەکاتێکدا کە ساڵی رابردوو ١٣ وڵات بوون کە بە دەنگی نەخێر دەنگیان بە رێکەوتنەکە دابوو، بەشێک لەو وڵاتانە کە خۆیان کارنامەی خراپیان لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا هەیە وەک: عراق، بوروندی، پاکستان، چین، وێنزوئێللا، کوبا و قرقیزستان.
دەوترێت کە راپۆرتەکەی ئانتۆنیۆ گوتەرز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها راپۆرتی عاسیمە جەهانگیر، راپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤ، کە ئەم دواییانە کۆچی دوایی کردووە، کاریگەری زۆری لەسەر بریاردانی وڵاتانی ئەندامی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە.
جێی باسە لەو دو راپۆرتەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک بابەتی جیاوازی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کراوە لەوانە: سەرکوتکردنی نارەزایەتیەکانی مانگی رەشەممەی رابردوو، کوژرانی لانی کەم ٢٢ کەس لەوان، کوشتنی هێندێک لەو دەستگیر کراوانە لە زینداندا، فشار خستنە سەر ژنان، ئاماری بەرزی ئێعدام لە ئێراندا، کە ئەم وڵاتەی کردوە بە وڵاتێکی ریکۆردداری ئەم جۆرە سزایە، بە تایبەت ئێعدامی مێرمنداڵان و زۆر بابەتی دیکە ئیشارە کراوە.