رۆژی دوشەممە رێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی 1397، تورکی ئەلمالکی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن لە کۆنفرانسێکی چاپەمەنیدا لە پێوەند بە هەڵدانی حەوت موشەکی بالستیکی حوسیەکان بۆ عەرەبستانی سعودی گوتی: چەکدارە حوسیەکان بۆ بە ئامانج کردنی وڵاتانی دراوسێ، کەڵک لە فرۆکەخانەی سەنعا وەردەگرن.
هەروەها بۆ بە قاچاغ هێنانی موشەک لە ئێرانەوە سود لە بەندەرەکان وەردەگرن.
هاوپەیمانانی عەرەبی مافی خۆیەتی کە پارێزگاری لەخاکی خۆیان بکەن.
ئێمە خوازیاری لێکۆڵینەوەین لە رژیمی ئێران کە چەک و چۆڵ بە قاچاغ دەدا بە چەکدارە حوسیەکان.
رژیمی ئێران قانونە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات و چەک و چۆڵ دەدا بە چەکدارە حوسیەکان و ئاسایشی ناوچەکە روبەروی مەترسی دەکاتەوە.
ناوبراو گوتی: رژیمی ئێران دەبێت پشتیوانیەکانی لە رێکخراوە ترۆریستیەکان راگرێت.
ئەم رژیمە وەک خۆرەیەک وایە لەنێو کۆمەڵگای جیهانیدا، یان دەبێ خۆی ئیسڵاح بکات، یان ئەوانی دیکە ئیسڵاحی دەکەن.
ناوبراو هەروەها گوتیشی: ئەو موشەکەی گیرایە عەرەبستانی سعودی لەجۆری قیامە، کە دروستکراوی رژیمی ئێرانە.
موشەکێکی رژیمی ئێران لە جۆریی، صەیاد، کە رژیم بە قاچاغ رەوانەی یەمەنی دەکرد بۆ چەکدارە حوسیەکان، دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەمەش هەنگاوێکی مەترسیدارە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە. رژیمی ئێران بە دوای ئامانجێکی دیاری کراوەو دەیهەوێ ناوچەکە توشی بشێوی بکات.