بەشی سێهەم
رەفسەنجانی بێگومان بە یارمەتی دەوڵەتی رۆحانی لە بیری گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتی خوبرەگانی رێبەری و داگیرکردنی کورسیەکانی مەجلیسی رژیم لە هەڵبژاردنەکانی 7ی رەشەممەی 94 دایە. دەوڵەت و هاشمی رەفسەنجانی بۆ داگیرکردنی کورسیەکانی مەجلیس خۆیان ئامادە کردووە تا لەو رێگەوە دامەزراوەکانی مەجلیس و دەوڵەت و کۆگای لێکدانەوەی قازانجەکانی نیزام و خوبرەگانی رێبەری وەکوو چەکێک بۆ پاشەکشە پێکردنی خامنەیی و دارودەستەکەی بەکار بێنن.
هاشمی زیاتر ریبەری دەخاتە بەر تیغی تانەکانی. ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێندکارانی بەهەشتی لە 9ی رەشەممەی 1393 دا ووتی: ئەو رۆژەی کە خەڵک بێ هیوا ببن تەنانەت ئەگەر پێغەمبەریش بێ ئەوکاتە جۆرێکی تر دەبێ.... یانی ئەگەر کۆمەڵگایێک بێ هیوا و نیگەران ببێ ئەوە جێگەی مەترسی دەبێ.. هەر بۆیە نابێ ئەو کەسانەی ئێستا لە دەسەڵاتن و هەموو شتێکیشیان پێیە وا بیربکەنەوە کە سەرکەوتوون، ئەوە سەرکەوتن نییە. ئەو جۆرە سەرکەوتننانە زۆر کاتی و بەربەست کراون بە کات و هەل و مەرجی تایبەت و وریابوونەوەی خەڵک... من وابیر دەکەمەوە کە هەل و مەرجی دونیا بەمجۆرەیە. دونیا خەریکە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێ و ئیستبداد بەرەو نەمانە و وردە وردە ستەمگەرانیش لە مەیدانەکە وەدەر دەنرێن."
هەڵبەت کارتەکانی فشار لەسەر ناوبراو وەک زیندانی بوونی کچ و کورەکەی مەهدی، بوونی هەیە. ناوبراویش وریایی دانی سەبارەت بە ئاشکرا کردن یان بلاوکردنەوەی بیرەوەرییە بڵاونەکراوەکانی رەنگە جێبەجێ بکات.
لە شکستی رابردووی رەفسەنجانی لە مەجلیسی خوبرەگان ئەو خاڵە سەرەنجراکێشە کە هێشتا 30 لەسەدی ئەو مەجلیسە پشتیوانی لەناوبراو دەکەن، ئەو خاڵە کاتێک گرینگە کە بزانین هاشمی لە ساڵی رابردوو هێرشەکانی بۆ سەر خامنەیی زیاتر کردووە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 94 ئەگەری رەدکردنەوەی شیاوبوونی کاندیداتۆری هاشمی رەفسەنجانی بۆ مەجلیسی خوبرەگان بوونی هەیە تەنانەت لە هەلبژاردنەکانی مەجلیس ئەگەری رەدکردنەوەی کەسانی نزیک لەو و ئیسلاحخوازەکان و تەنانەت ئوسولگەراکانی وەک عەلی موتەهەریش زۆر لەسەرەیە.
وەبەڵام دواتر:
رۆژی 19ی رەشەممە لەهەڵبژاردنەکانی ناوخۆی مەجلیسی خوبرەگان بۆ دیاری کردنی شاندی سەرۆکایەتی، محەممەدی یەزدی بە وەدەست هێنانی 47 دەنگ لە کۆی 73 دەنگی دراو، توانی ببێتە چوارەمین سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگانی چوارەم لە دواهەمین ساڵی ئەو دەورەیە. سەرکەوتنی ناوبراو بە دەنگی نزیک بە دوو بەرانبەری هاشمی رەفسەنجانی ، رووداوێکی چاوەرواننەکراو بوو. ناوبراو شەش ساڵ پێش لە ساڵی 1387 لە رکابەرییەکی هاوشێوەدا بە 21 دەنگ لەبەرانبەر بە 51 دەنگ بە هاشمی رەفسەنجانی دۆڕا. بەڵام رووداوی 19ی رەشەممە دەریخست کە موعادلات لە بلۆکی دەسەڵات لەچاو شەش ساڵی پێشوو جیاوازیی زۆری هەیە و رەفسەنجانیش دۆخەکەی لە ئاستی ناوخۆیی لاوازتر بووە.
محەممەدی یەزدی:
لەگەڵ بوونی تەمەنێکی زۆر و نەخۆشیش بەڵام لە ناوبراو وەک رێبەری داهاتووی ئێران نێو دەبرێ. هەر چەند بۆ گەیشتنی یەزدی بە پۆستی رێبەری بەربەستێکی گەورەتر کە نەگەیشتنی رێکەوتنی باڵەکانی نێوخۆییە بوونی هەیە.
وەلی فەقیه (عەلی خامنەیی) لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری لە رۆژی پێنج شەممە 21ی رەشەممە هەڵبژاردنی محەممەدی یەزدی بە سەرۆکایەتی ئەو مەجلیسە پەسەند کرد و ووتی: کەسایەتی و پێشوونەی ئاخوند یەزدی دەریدەخات کە هەڵبژاردنی ناوبراو بۆ سەرۆکایەتی خوبرەگان شیاو و بە جێیە. ئەو دانیشتنە لە کۆتایی دانیشتنی دەورەیی مەجلیسی خوبرەگان بوو.
محەممەدی یەزدی ( ئەندامی دیاری کۆمەڵگای مودەرسینی حەوزەی عیلمیەی قۆم) کە لە لایەن خامنەیی بوو بە سەرۆکی دەزگای دادوەری لە ساڵەکانی 1368 و 1378، سەرژمێرییەکانی ئیعدام و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و شکەنجەی لە سیستەمی دادوەری بە شێوەیێکی بەربلاو پەرە پێدا. هاشمی شاهرودی کاتێک دوای یەزدی بوو بە سەرۆکی دەزگای دادوەری ووتی وێرانەیێکی لە یەزدی تەحویل وەرگرتووە. خامنەیی لەدوای شاهرودی کە ناوبراویش وەک یەزدی و بە پێی رەواڵی هەموو بەرپرسانی تری نیزام کاریی کرد، سادقی لاریجانی کردە سەرۆکی دەزگای دادوەری کە دەستێکی باڵاتری لە جینایەت و نەزانی لەچاو یەزدی هەیە.
هەڵبژاردنی محەممەدی یەزدی وەکوو سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگان وەکوو باقی هەڵبژاردنەکان و دانانەکانی ناوخۆیی رژیمی ئاخوندی بە پلاندارێژی پێشوو و لابردن و هەڕەشە لە رکابەرەکان و هەرەشە لە دەنگدەران بەرێوە چووە. هەر چەند هەموو ئەندامانی خوبرەگان کە لەفیلتێری شۆرای نیگەبان و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتی و سپا تێپەریوون، کەسانی ئاڵقە لە گوێی خامنەیی و دەفتەرەکەی ناوبراو بوونە، بەلام وەلی فەقیه لە هەر جۆرە ریسکێک کە ببێتە هۆی سەرئێشەی داهاتوو لە ئاستی ناوخۆیی خۆی دەپارێزێ. راستیەکەی ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ کەسێکی نەرم رەو ( بەمانای راستی) لە لایەن رێبەری رژیم بۆ ئەو بەرپرسیارەتیە هەڵنەبژێردراوە.
سەرەنج بدەنە داندراوەکانی خامنەیی: یەزدی، لاریجانی، جەننەتی، ئەحمەدی موقەدەم، قاسم سلێمانی، رادان، موحسنی ئێژەیی و ... لە هەموو دامەزراوە گرینگ و هەستیارە ئەمنیەتی و نیزامی و دادوەرییەکان کە مەترسیدارترین کەس بۆ مرۆڤایەتین هەمووی داندراو و بژاردەی خامنەیی و لە ژێر فەرمانی ناوبراو دەستیان داوەتە جینایەت دژی خەڵکی ئێران و ناوچەکە و جیهانیش.