خوێندکارێکی خەڵکی سنە کە بە دەستی هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیم دەسبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.
خوێندکارێکی خەڵکی سنە کە بە دەستی هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیم دەسبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵ، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی،"عیرفان ساعدپەنا" لەگەڵ ئەوە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەوروز کرا، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە کە هەتا ئێستە چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عیرفان ساعدپەنا، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراوە و هەتا ئێستە روون نیە ناوبراو بە چ هۆ و تۆمەتێک دەسبەسەر کراوە.
لە هەواڵەکاندا هاتووە: بنەماڵەی ساعدپەنا، بۆ زانینی زانیاری لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیان، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتییان کردووە، بەڵام ئەم ناوەندە ئیتلاعاتییە ڕێگەیان نەداوە کە لەگەڵ کوڕەکەیان چاوپێکەوتنیان هەبێت و هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکرانی بە بنەماڵەیان نەداوە و تەنیا ڕایانگەیاندووە کە چەند ڕۆژێکی دیکە میوانی ئەوان دەبێت.
عیرفان ساعدپەنا، خوێندکاری قۆناغی کارناسی باڵا لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی خارەزمی تارانە و مامۆستای زمانی کوردییە لە شاری سنە و هەتا ئێستا، دوو بەرهەمی ناوبراو لەو بوارەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
رژیمی ئێران لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەوروز لە کوردستان، کە بە نەوروزی"جامانە و هەوری" ناودێر کرابوو، ڕێگری زۆری درووست کرد و دەیان چالاکی کورد لەم پیوەندییەدا دەسبەسەر کران کە چارەنووسی بەشێکیان هەتا ئیستا ناڕوونە.